شارەوانی كەركوك بەڵێنەكەی نەبردەسەر
لێسەندنی باج لە دوكاندارەكانی خان خورما بەردەوامە

كەركوك/ 9ـی ئاداری 2022/ بەقاڵێكی فرۆشتنی سەوزە و میوە لە عەلوەی خان خورما كە دوای رۆژێك لە داخستنی دوكانەكەی بەڕوی كڕیاراندا كردۆتەوە فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كەركوك ناو

لێسەندنی باج لە دوكاندار و كڕیارەكانی بازاڕی خان خورما لە شاری كەركوك بەردەوامە، لەكاتێكدا پێشتر شارەوانی بەڵێنی پێدابون پێداچونەوە بە بڕیاری لێسەندنی باجدا بكات، هەر بەو مەرجەش ناڕەزاییەكان لەو پرسەدا كوتاییانهات.

لە ئازاری ئەمساڵ، دوكاندارەكانی بازاڕی خان خورما، بازاڕەكەیان داخست، دژی لێسەندنی باج لەلایەن وەبەرهێنەرەكەوە بە رێپێدانی شارەوانی. بەڵام دوای یەك رۆژ بڕیاریاندا بازاڕەكە بكەنەوە، بەو مەرجەی پێداچونەوە بەو باجەدا بكرێت.

نەوزاد نەجم لەو بازاڕەدا كاردەكات، وتی "دوای ئەوەی لە مانگی ئازار خۆپیشاندانمان كرد و دواتر بازاڕەكەمان بۆ یەك رۆژ داخست، لێپرسراوانی شارەوانی چەندین بەڵێنیان پێداین سەبارەت بەوەی پێداچونەوە بەو بڕیارەدا دەكەن، بۆیە بازاڕەكەمان كردەوە".

خان خورما یەكێكە لە بازاڕە گەورەكانی شاری كەركوك بۆ سەوزە و میوە و نزیكەی 400 دوكاندار كاری تێدا دەكەن.

بڕی ئەو باجەی كە وەبەرهێنەرێك بە رێپیدانی شارەوانی لە فرۆشیار و كڕیارەكانی بازاڕی خان خورمای وەردەگرێت، بۆ هەر پارچەیەك (گوێنی یان سندوق) لە نێوان 250 بۆ 500 دیناردایە، بەپێی قەبارەی پارچەكە.

ئەو باجە لەڕێی هێزێكی ئەمنییەوە كە سەر بە وەبەرهێنەركەیە وەردەگیرێت كە لە دەروازەكانی بازاڕەكەدا جێگیربون، ئەوەش لەبەرامبەر رێكخستن و پاراستنی بازاڕەكەدا لەڕوی ئەمنییەوە.

حاجى عومەر عەودل، كاری فرۆشتنی سەوزە و میوە دەكات بەشێوەی كۆ، وتی "پێشتر باجمان نەدەدا و هەر خۆمان كاری رێكخستنی بازاڕەكەمان دەكرد و هیچ كێشەیەكمان نەبوو... سەرەڕای چەندین بەڵێن، بەڵام بەردەوامن لە لێسەندنی باج".

xanxwrma-1
كەركوك/ یەكی ئابی 2022/ دیمەنێك لە بازاڕی خان خورما لە ناوەندی شار. فۆتۆ: كاروان ساڵحی

لێسەندنی باج لەو بازاڕە نزیكەی ساڵ و نیوێكە جێبەجێ دەكرێت، ئەوەش دوای ئەوە هات وەبەرهێنەرێك گرێبەستێكی لەگەڵ شارەوانی كەركوكدا كردووە، بۆ بەڕێوەبردنی عەلوەی خان خورما.

رۆکان ئەحمەد، دوكانی فرۆشتنی سەوزە و میوەی هەیە لە گۆڕەپانی ئاهەنگەكان لە كەركوك و یەكێكە لە كڕیارانی بازاڕی خان خورما، وتی "هەموو رۆژێك دەبێت لە نێوان 13 هەزار بۆ 15 هەزار دینار باج بدەم، ئەگەر باج نەدەین هێزە ئەمنییەكان كە بە هەمەری سەربازییەوە جێگیربون، رێگەت پێنادەت سەوزە و میوەكان ببەیتە دەرەوەی بازاڕەكە".

"منیش ناچارم هەقی ئەو باجە لەسەر سەوزە و میوەكان دابنێم و لێرەشدا هاوڵاتیان زەرەردەكەن".

لەكاتی ناڕەزاییەكاندا هەردی شێخ تەیب، ئەو وەبەرهێنەرەی گرێبەستی شارەوانی هەیە بۆ وەرگتنی باج لە بازاڕی خان خورما، بە (كەركوك ناو)ی وت "من گرێبەستی یاسایی و رەسمی واژۆكراوم لەگەڵ شارەوانی كەركوكدا هەیە، بەهای ئەو گرێبەستەش 509 ملیۆن دینارە و ئامانج لە گرێبەستەكە رێكخستنی بازاڕەكەیە بەشێوەی یاسایی و پاراستنی لەڕوی ئەمنییەوە".

فەرەیدون عادل، سەرۆكی شارەوانی كەركوك، لە سێ رۆژی رابردودا وەڵامی پەیوەندییەكانی (كەركوك ناو)ی لەڕێی تەلەفون و واتسئەپەوە نەدایەوە. هاوكات لێپرسراوی راگەیاندنی شارەوانیش ئامادەنەبوو لەسەر ئەو بابەتە قسە بكات.

بەڵام سەرچاوەیەك لە شارەوانی، ئەوەی پشتڕاستكردەوە كە وەبەرهێنەرەكە بەردەوامە لەسەر وەرگرتنی باج لە كڕیار و فرۆشیارەكانی بازاڕی خان خورما و وتی "لە مانگی ئازار دوكاندارەكان سكاڵایان هێنایە شارەوانی لە دژی وەبەرهێنەرەكە، گوایا ئەوەی وەریدەگرێت سەرانەیە نەك باج، بەڵام دوای ئەوەی پێداچونەوە بەكارەكانیدا كرا، دەركەوت كارەكانی بەشێوەی یاسایی كردووە و لەڕێی زیادكردنی ئاشكراوە گڕێبەستەكەی بۆ دەرچووە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT