(کەرکوک ناو) وردەکارییەکان بڵاودەکاتەوە...
بەتۆمەتی بەشداریکردن لە ریفراندۆم ژمارەیەک ئەفسەر لە کەرکوک دادگاییدەكرێن

كەركوك/25ی ئەیلولی 2017/ بنكەیەكی دەنگدان بۆ بەشداریكردن لە ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان لە گەڕەكی رەحیماوا فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

بڕیارە سبەی پێنجشەممە 4ی ئاب، ژمارەیەك ئەفسەر و پۆلیسی کورد لە كەركوك دادگایبكرێن، بە تۆمەتی بەشداریکردن لە ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی جێناکۆک كە لە ئەیلولی 2017 بەڕێوەچوو.

ئەو ئەفسەر و کارمەندانە سەر بە فەرماندەیی پۆلیسی کەرکوکن، ساڵی رابردوو چەند جارێک رەوانەی دادگای سەربازیی موسڵ کران، بەڵام دواتر ئازادکران و بەشێكیان هێشتا دۆسییەكانیان دانەخراوە.

سەرچاوەیەکی ئەمنی باڵا لەکەرکوک، بە (كەركوك ناو)ی وت "سبەی (پێنجشەممە، 4ی ئاب) دادگا سەربازییەکە بۆ یەکەمجار لەکەرکوک بەڕێوەدەچێت تایبەت بەدادگاییکردنی ئەو ئەفسەر و کارمەندانەی لەریفراندۆمی سەربەخۆییەکە بەشدارییان کردووە"، رونیشیکردەوە "ئەفسەر و کارمەند هەیە کە هیچ تۆمەتێکیان بەسەردا ساغنەبوەتەوە کە بیسەلمێنێت بەشدارییان کردووە لەو ریفراندۆمەدا، بۆیە ئازادکراون و دادگاییکردنەکەی سبەی ئەوان ناگرێتەوە".

سەرچاوە ئەمنییەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت وتی "ئەو ئەفسەر و کارمەندانەی سبەی دادگایی دەکرێن ژمارەیان کەمە و دادگاییکردنەکە لەبنکەی پۆلیسی رەحیماوا بەڕێوەدەچێت".

مێژووی کردنەوەی دۆسێیەکە لەسەر ئەفسەرانی کورد لە کەرکوک بۆ 26ی تشرینی یەکەمی 2017 (مانگێک دوای ریفراندۆم) دەگەڕێتەوە، بەڵام دۆسییەکە بە بڕیاری سیاسیی و بەشێوەی کاتی راگیرا، تا لە 17ی ئاداری 2021 جارێکی تر بە رەزامەندی وەزیری ناوخۆی عیراق دۆسییەکە جوڵێنرایەوە.

لەکەرکوک دادگای سەربازی نییە کە تایبەتمەند بێت بەدادگاییکردنی ئەفسەر و کارمەندانی هێزە ئەمنییەکانی سەر بە هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ.

سەرچاوەیەکی تر لە فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای کەرکوک وتی "ئەو ئەفسەر و کارمەندانەی سبەی لەبەردەم دادگا سەربازییەکە ئامادەدەبن، زۆربەیان بەشدارییان لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان نەکردووە".

ئەو ئەفسەر و کارمەندانەی سبەی لەبەردەم دادگا سەربازییەکە ئامادەدەبن، زۆربەیان بەشدارییان لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان نەکردووە

جەختیشیکردەوە "دادگاییەکەی سبەی لە كەركوك، لەسەر داوا و هەوڵی لیوا کاوە غەریب، فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای کەرکوک بووە".

هاوکات، ئەفسەرێک بەپلەی موقەدەم بە (کەرکوک ناو)ی وت، "لەکاتی چوونمان بۆ موسڵ توشی ئاستەنگ دەبوین، هەندێكجار هەولێر رێگەی پێنەدەداین بەئۆتۆمبێلە سەربازییەکانمان تێپەڕین".

بەوتەی سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی ناوخۆی عیراق بۆ (کەرکوک ناو)، "دادگا سەربازییەکەی سەر بە حکومەتی فیدراڵی، هەفتانە لە پارێزگای کەرکوک کارەکانی راییدەکات".

police-7
كەركوك/ 2021/ هێزێكی پۆلیسی كەركوك لەكاتی راییكردنی ئەركەكانیاندا لەناو شار فۆتۆ: كەركوك ناو

پێشتر (كەركوك ناو)، بەپێی بەڵگەنامەیەك بڵاویكردەوە كە 49 ئەفسەر لە عەمید، عەقید، مقەدەم، رائید، نەقیب، ملازم و ملازی یەكەم پێكدێن و ناوەكانیان لای (كەركوك ناو) پارێزراوە، لە ئێستادا لە هۆبە و یەكە جیاوازەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی كەركوك لەئەركدان، بە تۆمەتی بەشداریكردن لە ریفراندۆم دراونەتە دادگای سەربازیی بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی عیراق.

ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی جێناکۆک لە 25ی ئەیلولی 2017، لەسەدای 92ی دەنگی بەڵێی بەدەستهێنا؛ بەڵام دوای 21 رۆژ و لە 16ی ئۆکتۆبەری هەمان ساڵ، هێزە عیراقییەکان بۆ کەرکوک و تەواوی ناوچەکانی جێناکۆک گەڕانەوە و هێزەکانی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای سێ ساڵ لەو ناوچانە کشانەوە، ئەنجامی ریفراندۆم-یش لەژێر فشاری بەغدادا سڕکرا. 

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT