كارەبای نیشتمانی لە كەركوك كەمدەبێتەوە

كەركوك/ 2022/ شەقامێكی سەرەكی لە ناوەندی شاری كەركوك فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كەركوك ناو – كەركوك

هاوڵاتیانی كەركوك دادوبێدادیانە بەدەست نەبونی كارەبای نیشتمانییەوە، كە هەفتەیەكە كەمبۆتەوە و ترسیان هەیە بەوهۆیەوە هێندەی دیكە پارەی مانگانەی مۆلیدەی ئەهلی زیاد بكات.

بەپێی بەدواداچونی پەیامنێری (كەركوك ناو) لە گەڕەك و ناوچە جیاوازەكانی پارێزگای كەركوك، لە شەو و رۆژێكدا شەش بۆ حەوت كاتژمێر كارەبای نیشتمانیی بە هاوڵاتیان دەدرێت، لەكاتێكدا تا رۆژەكانی سەرەتای ئەم مانگە 10 كاتژمێر و هەندێكجار زیاتریش كارەبا هەبووە.

"پچڕانی كارەبای نیشتمانیی زۆر زۆر بووە، هەندێك رۆژ لە 24 كاتژمێردا پێدانی كارەبا ناگاتە حەوت كاتژمێر، واتە تا یەك كاتژمێر بۆ دوو كاتژمێر كارەبامان پێدەدەن نزیكەی حەوت كاتژمێر دەبڕێت، تەنانەت هەندێكجار مۆلیدەش فریاناكەوێت ئەو بۆشاییەی نەبونی كارەبا پڕبكاتەوە" بەوتەی پەخشان عیرفان، دانیشتوی یەكێك لە سیتییەكانی شاری كەركوك بۆ (كەركوك ناو).

ئەوەش لەكاتێكدایە گەرمای كەركوك دەگاتە نزیكەی 50 پلەی سیلیزی و بەشێك لە هاوڵاتیان بۆ كارپێكردنی ئامێرەكانی فێنككەرەوە و بە تایبەت سپلیت تەنیا پشت بە كارەبای نیشتمانیی دەبەستن.

نزیكەی 850 مێگاوات كارەبا بە كەركوك دەگەیشت بەڵام ئێستا كەمبۆتەوە بۆ نزیكەی 550 مێگاوات

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە فەرمانگەی دابەشكردنی كارەبای كەركوك بە (كەركوك ناو)ـی وت "تا چەند رۆژێك لەمەوبەر نزیكەی 850 مێگاوات كارەبا بە كەركوك دەگەیشت بەڵام ئێستا كەمبۆتەوە بۆ نزیكەی 550 مێگاوات"، ئەو سەرچاوەیە كە لەبەر نەبونی مۆڵەتی لێدوان داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە، دەڵێت هۆكاری كەمبونەوەی كارەبا گەرما و فشاری زۆرە.

هەروەها رونیكردەوە "هۆكارێكی دیكەش ئەوەیە بەهۆی مانگی موحەڕەم و مەراسیمە ئایینییەكانەوە پشكی شێری كارەبای بەرهەمهێنراوی عیراق بە كەربەلا و نەجەف دەدرێت".

لە قەزا و ناحیەكانی كەركوك بارودۆخەكە بە هەمانشێوەیە، لە حەویجە نەك هەر نیگەرانی هاوڵاتیان، بەڵكو بێ كارەبایی گرانی نرخی سەهۆڵیشی بەدوای خۆیدا هێناوە.

"یەك قاڵب سەهۆڵ لە حەویجە گەیشتە چوار هەزار دینار لەكاتێكدا پێشتر تەنیا بە دوو هەزار دینار بوو، ئەوەش بەهۆی بێ كارەباییەوە كە وادەكات نرخی مۆلیدەی ئەهلییش گرانتر بێت بەهۆی كارپێكردنیی زۆرتری مۆلیدەكانیانەوە" بورهان عەدنان جومەیلی، دانیشتوی ناوەندی قەزای حەویجە بۆ (كەركوك ناو) وای وت.

hawija saholl 2022
كەركوك/ ئابی 2022/ هاوڵاتیان لە سەرەی كڕینی سەهۆڵ لە حەویجە كە بەهۆی نەبونی كارەبای نیشتمانییەوە نرخەكەی گەیشتۆتە دوو هێندە فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

نرخی هەر ئەمپێرێكی كارەبای مۆلیدەی ئەهلی بۆ تەمموزی ئەمساڵ لە نێوان پێنج هەزار و 500 تا  16 هەزار دیناردا بوو.

هەڤاڵ حسێن، خاوەنی مۆلیدەی ئەهلی لە گەڕەكی واستیی كەركوك بە (كەركوك ناو)ـی وت "مۆلیدەكانمان شەو و رۆژ كاردەكەن، لانیكەم لە 24 كاتژمێردا 15 بۆ 16 كاتژمێر كارەبا بە هاوڵاتیان دەدەن، هەرچەندە وەكو پێویست بەشە گازمان پێنادرێت".

خاوەنی مۆلیدە ئەهلییەكان زیاد لە جارێك بەهۆی كەمی بەشە گازەوە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، چونكە ئەو بەشە گازەی بە نرخی حكومەتی وەریدەگرن بەشی پێدانی 110 كاتژمێر كارەبا دەكات لە مانگێكدا لەكاتێكدا ئەوان دوو هێندە زیاتر كارەبا كارەبا بە هاوڵاتیان دەدەن.

"لە كاتژمێر حەوتی ئێوارەوە تا دووی شەو كارەبای نیشتمانیمان نەبوو، دواتر تەنیا كاتژمێر و نیوێك هاتەوە و بڕا، تا بەیانی ئیتر كارەبا هەر نەهاتەوە" ئەحمەد باوایی، دانیشتوی گەڕەكی پەنجاعەلی بۆ (كەركوك ناو) وای وت، رەخنەی لە لێپرسراوانی حكومەت هەیە كە چەندین ساڵە تەنیا بەڵێندەدەن بەبێ ئەوەی ئەنجامی هەبێت، "خەتای هاوڵاتیانیشی تێدایە، ماڵە بەرپرس هەیە لە گەڕەكی ئێمە شەش سپلێتی هەیە و لەكاتی هەبونی كارەبای نیشتمانیدا كار بە هەمویان دەكات".

خەریكە بیرمان دەچێتەوە شتێك هەیە بەناوی كارەبای نیشتمانییەوە

زۆرینەی هاوڵاتیان لەكاتی نەبونی كارەبای نیشتمانیدا، بە كارەبای مۆلیدە مۆبەریدە و پانكە هەڵدەكەن، كە كارەبای كەمتری دەوێت و لەنێوان یەك بۆ دوو ئەمپێردایە بەراورد بە سپلیت كە لە هەشت ئەمپێر بەرەو سەرەوەی دەوێت.

حەیدەر عەبدوڵا، دانیشتوی گەڕەكی یەكی حوزەیران بە (كەركوك ناو)ـی وت "خەریكە بیرمان دەچێتەوە شتێك هەیە بەناوی كارەبای نیشتمانییەوە، چونكە ئێوارەكان لە كار دەگەڕێمەوە هەر كارەبای مۆلیدەیە تا بەیانیان كە دەچمە دەرەوە"، ئەو دەڵێت هەندێكجار مۆلیدەش دەیكوژێنێتەوە و لەبەر منداڵە ساواكەیان ناچارن كار بۆ ئۆتۆمبێلەكەیان بكەن و لەبەردەم تەبریدەكەیدا دانیشن تا كارەبایان دەبێت.

پارێزگای كەركوك، رۆژانە پێویستی بە زیاتر له‌ هەزار مێگاوات كارەبا هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت كارەبای پێویست بە هاوڵاتیان بدات و بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ش پشت به‌ 733 مۆلیده‌ی ئه‌هلی ده‌به‌ستێت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT