لە سێ روداوی ئەمنیدا لە كەركوك
كەسێك گیانیلەدەستدا و چوار كەسی تر برینداربون

كه‌ركوك/ 19ی ئایاری 2021/ بۆردومانی چه‌ند ناوچه‌یه‌ك كه‌ گومانده‌كرێت داعشی تێدابێت فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كەركوك ناو

مێردمنداڵێك گیانیلەدەستدا و چوار كەسی تر كە دوانیان لە هێزە ئەمنییەكانن برینداربون، ئەوەش لە سێ روداوی ئەمنی و هێرش و پەلاماری چەكداریی لە باشوری كەركوك.

ئەو روداوانە لە ئێوارەی دوێنێ سێشەممە 9ی ئاب بەتەقینەوەی گولـلە هاوەنێك دەستیپێكرد كاتێك دوو منداڵ دەستكارییان دەكرد. بەهۆیەوە یەكێكیان گیانیلەدەستدا.

گولـلە هاوەنەكە، بەپێی سەرچاوەیەكی ئەمنی لە ناوچەكە پاشماوەی شەڕی سێ ساڵەی (2014 - 2017) چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش) بوو، لە گوندی تەل ئەلسوس-ی سنوری ناحیەی رەشاد لە باشوری کەرکوک تەقییەوە.

سەرچاوەكە وتی "دوو مێردمنداڵی شوانکارە دەستكاریی گولـلەهاوەنەكەیان كردووە و پێیاندا تەقیوەتەوە، بەهۆیەوە یەكێكیان گیانیلەدەستدا كە 12 ساڵە و ئەوەی تری برینداربوو كە تەمەنی 14 ساڵە".

كاتژمێر 11ی شەوی رابردوو، سێ موشەك ئاراستەی فەوجی سێی سوپای عیراق كرا لە ناوچەی چوبغان لە باشوری داقوق، دواتر روبەڕوبونەوەی چەكداریی رویداوە لە نێوان سوپا و ژمارەیەك چەكدار، كە بەپێی هێزە ئەمنییەكان چەكداری داعش بون.

سەرچاوەیەكی ئەمنی لە قەزای داقوق، بە (كەركوك ناو)ی وت "دوو سەرباز لەو روبەڕوبونەوەیەدا برینداربون".

هێزە ئەمنییەكانی عیراق، دوای روبەڕوبونەوەكان، ئۆپەراسیۆنێكیان بۆ ناوچەكە ئەنجامدا، بە ئامانجی گەڕان و بەدواداچون بۆ شوێنی هێرش و پەلامارەكان.

كاتژمێر هەشتی بەیانی ئەمڕۆش 10ی ئاب، بۆمبێكی چێنراو بە ئۆتۆمبێلێكی جۆری كیادا تەقییەوە كە خاوەنەكەی جوتیارە، بەهۆیەوە برینداربوو.

چوبغان ناوچەیەكی كشتوكاڵییە بەدوری تەنیا دوو كیلۆمەتر دەكەوێتە باشوری قەزاكەوە. بەڵام جوتیارەكان لەبەر بارودۆخی ئەمنیی، تەنیا بە رۆژ سەردانی كێڵگە كشتوكاڵییەكانیان دەكەن.

قەزای داقوق بە دوری 44كم دەكەوێتە باشوری ناوەندی پارێزگای كەركوك.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT