تاقیكردنەوەی كیمیا دوبارە ناكرێتەوە
وەزارەتی پەروەردە بڕیاریدا: خوێندكارانی خوێندنی كوردی یەكی شەش نمرە وەردەگرن  

كەركوك/ ئابی 2022/ خوێندكارێكی شەشی ئامادەیی خوێندنی كوردی لەگردبونەوەیەكی ناڕەزاییدا دژی هێنانەوەی پرسیاری "تەرككراو و دەرەكی" لە وانەی كیمیا فۆتۆ: گۆران بابان

گۆران بابان – كەركوك

وەزارەتی پەروەدەی عیراق، تاقیكردنەوەی وانەی كیمیای شەشی ئامادەیی خوێندنی كوردی لە كەركوك دوبارە ناكاتەوە و هەر خوێندكار تەنیا شەش نمرەی پێدەدات، ئەوەش دوای زنجیرەیەك لە خۆپیشاندانی ناڕەزایی.

خوێندكاران و مامۆستایانی خوێندنی كوردی لە كەركوك، لەم مانگەدا زیاد لە جارێك ناڕەزاییان دەربڕی و لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەدا گردبونەوە، بۆ داواكردنی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی تاقیكردنەوەی وانەی كیمیای شەشی ئامادەیی.

بەپێی نوسراوێكی لیژنەی هەمیشەیی تاقیکردنەوە گشتییەکانی وەزارەتی پەروەردەی عیراق، كە سەرەتای ئەم هەفتەیە دەرچووە، داواكاریی خوێندكارانی خوێندنی كوردی قبوڵناكرێت.

لەو نوسراوەكەدا كە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی كەركوك كراوە و كۆپییەكی دەست (كەركوك ناو) كەوتووە، لیژنەكەی وەزارەت دەڵێت بڕگەی (أ)ـی پرسیاری پێنجەمی تاقیكردنەوەی وانەی كیمیا، پرسیارێكی زانستیی و قورس بووە، كە شەش نمرەی لەسەرە، بۆیە تەنیا بۆ ئەو بڕگەیە، هەر خوێندكارێك وەڵامی دابێتەوە، ئەگەر وەڵامەكەش هەڵە بێت، ئەوا هەر شەش نمرە وەردەگرێت.

تاقیكردنەوەی وانەی كیمیا لە 2ـی ئابی 2022ـدا بوو، بە پاساوی هێنانەوەی پرسیاری "دەرەكی و تەرككراو"، لە هەر هۆڵێكی تاقیكردنەوەدا لە كەركوك، نزیكەی نیوەی خوێندكارەكان یان زیاتر لە نیوە، تاقیكردنەوەیان بەجێهێشت.

ڤیدیۆ: كەركوك/ ئابی 2022/ خۆپیشاندانی ناڕەزایی مامۆستایان و خوێندكارانی خوێندنی كوردی بۆ دوبارەكردنەوەی وانەی كیمیا

بەڵام وەزارەتی پەروەردە لەو نوسراوەدا دەڵێت پاش بەدواداچون بە ئامادەبونی كەسانی پسپۆڕ دەركەوت "هەموو پرسیارەکانی وانەی کیمیا بۆ خوێندنی کوردی لەنێو پرۆگرتامی خوێندندا دەرهێنراوە"، رەتیدەكاتەوە هیچ پرسیارێكی دەرەكی و تەرككراو هێنرابێتەوە.

لە 5ـی ئاب و دوای خۆپیشاندان و ناڕەزایی خوێندكاران، وەزارەتی پەروەردە لیژنەیەكی بۆ لێكۆڵینەوە رەوانەی كەركوك كرد.

پەروین فاتیح، بەڕێوەبەری یەكەی سەرپەرشتیاری خوێندنی كوردی لە كەركوك بە (كەركوك ناو)ـی وت "دانانی پرسیاری تاقیكردنەوە لە بەغداوەیە و ئێمە لێی بەرپرسیار نەبوین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵەكانمان خستەگەڕ و فشارمان خستە سەر وەزارەت تا رەچاوی بارودۆخی خوێندكاران بكات و مافی خۆیان لەو تاقیكردنەوەیەدا پێبدرێت".

"پێمانوایە بەو هەنگاوە (بەو بڕیارەی وەزارەتی پەروەردە) خوێندکاران تەواوی مافەكانیان وەرناگرنەوە، بەڵام ئەوەی لەتواناماندا بووە وەک فشار كردومانە تا خوێندكاران بێ ئومێد نەبن و بە دەستی خاڵی لەو دۆسیەیە دەرنەچن" بەوتەی پەروین.

لیژنەی تاقیكردنەوەكان لە وەزارەتی پەروەردە لە نوسراوەكەیدا دانبەوەدادەنێت پرسیارەكانی وانەی كیمیا قورس بووە و رەچاوی بارودۆخی خوێندنی خوێندكاران نەكراوە.

هەر لە كەركوك، خوێندكارانی خوێندنی توركمانیش لەم مانگەدا ناڕەزاییان دەربڕی بە پاساوی "قورس"ـی پرسیارەكانی تاقیكردنەوەی وانەی فیزیا، تا نمرەی زیادەیان پێدرێت یاخود دوبارە بكرێتەوە، بەڵام تائێستا وەزارەتی پەروەردە وەڵامی داواكارییەكانیانی نەداوەتەوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT