سەرچاوەی بۆنەكەی گەڕەكی تەپە ئاشكرابوو
تەرمی هاوڵاتییەك دوای چوار رۆژ لە دیارنەمانی لە ماڵەكەی خۆیدا دۆزرایەوە

كەركوك/ 31ی ئابی 2022/ پۆلیس لەبەردەم ئەو شوقەیەی كە تەرمی سامی ئەسعەد رەئوف (68 ساڵ)ی لێ هەڵگرتەوە. فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

كەركوك ناو

پۆلیسی كەركوك هەڵگرتنەوەی تەرمی هاوڵاتییەكی لە ماڵەكەی خۆیدا لە گەڕەكی تەپە رایگەیاند، بەپێی وتەی دراوسێیەكانی ئەو هاوڵاتییە ماوەی چوار رۆژ بوو دیارنەبووە و شەوی رابردوو دوای بڵاوبونەوەی بۆنێكی زۆر پۆلیسیان ئاگاداركردۆتەوە.

سامی ئەسعەد رەئوف (68 ساڵ)، دانشتوی شوقەكانی گەڕەکی تەپەی مەلا عەبدوڵا لە كەركوك، شەوی رابردوو 30ی ئاب، تەرمەكەی لەلایەن بنكەی پۆلیسی رەحیماواوە هەڵگیرایەوە و بۆ پشكنین رەوانەی پزیشكی دادی كەركوك كرا.

دراوسێیەكی ئەو هاوڵاتییە، بە (كەركوك ناو)ی وت "یەك دوو رۆژ بوو، بۆنێكی ناخۆش لە ناوچەكە بڵاوبۆوە، داوامان لە پۆلیس كرد بێت ناوچەكە بپشكنێت، ئەوانیش دوای پشكنین و لێكۆڵینەوە تەرمی سامی ئەسعەدیان لەناو شوقەكەی خۆیدا هەڵگرتەوە".

بەپێی وتەی ئەو دراوسێیەیان كە پێی باش نەبوو ناوەكەی بڵاوبكرێتەوە، سامی ئەسعەد هەموو كەسوكاری لە دەرەوەی وڵاتن و خۆی بە تەنیا لەو شوقەیە دەژیت.

وتیشی "چەند رۆژێك بوو نەمانبیبوو... پێشتر هەوڵیدا بچێتە دەرەوەی وڵات، بەڵام سەركەوتوو نەبوو".

سەرچاوەیەك لە بنكەی پۆلیسی رەحیماوا كە تەرمەكەیان هەڵگرتۆتەوە، وتی "راستە بۆنێكی ناخۆش لە دەوروبەری ئەو شوقەیە بڵاوبۆوە و دوای ئەوەی بەدواداچونمان بۆ كرد، دەركەوت بەهۆی تەرمی ئەو هاوڵاتییەوەیە".

جەختیشیكردەوە كە هاوڵاتییەكە بە تەنیا ژیاوە و هیچ شوێنەوارێكی بەركەوتنی پێوە نەبووە، بەڵام تەرمەكەی بۆ پشكنین رەوانەی پزیشكی دادی كەركوك كراوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT