بەردەم بینای پارێزگای كۆنی كەركوك دەكرێتە شەقامێكی رۆشنبیری

كەركوك/ 10ی ئەیلولی 2022/ شەقامی بەردەم بینای پارێزگای كۆن، بڕیارە بكرێتە شەقامێكی رۆشنبیری. فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

ئیدارەی كەركوك رەزامەندی نیشاندا بۆ ئەوەی شەقامی بەردەم بینای پارێزگای كۆن، بكاتە شەقامێكی رۆشنبیری هاوشێوەی شارەكانی تری عیراق، لەئێستاشدا كاری نۆژەنكردنەوەی شەقامەكەی دەستیپێكردووە.

شەقامی بەردەم پارێزگای كۆن، كە بە شەقامی بەهوو-ش ناودەبرێت، لە ئێستادا تیمەكانی شارەوانی سەرقاڵی نۆژەنكردنەوەین و بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا بەڕوی رۆشنیبریان و هونەرمەندان-دا بكرێتەوە و ناوبنرێت "شەقامی رۆشنیبیری".

یوسف تەیب، بەڕێوەبەری ماڵی رۆشنبیری کەرکوک – ناوەندێكی رۆشنبیری سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری عیراقە-، لە لێدوانێكیدا بۆ (كەركوك ناو)، جەختیكردەوە "لە رابردودا خواستمان هەبوو، وەک زۆربەی شارەکانی دیکەی عیراق لە کەرکوکیش شوێنێک یاخود شەقامێک دروستبکەین کە کار و چالاکییە هونەریی و رۆشنبیرییەكانی تێدا نمایشبكرێت و ببێتە شوێنێك بۆ كۆكردنەوەی رۆشنبیران، هونەرمەندان و نوسەران".

وتیشی "پاش ئەوەی بینایەكی نوێ بۆ پارێزگای كەركوك دروستكرا، بیرمان لەوەكردەوە شەقامی بەردەم بینای پارێزگای كۆن بۆ ئەو مەبەستە هەڵبژێرین و داوایەكمان ئاراستەی ئیدارەی پارێزگای كەركوك كرد". زیاتر وتی "بەخۆشحاڵییەوە رەزامەندیان نیشاندا و لیژنەیەکی تایبەت لە شارەوانی کەرکوک و بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی شارەکە سەردانی شەقامەکەیان کرد، دوای هەڵسەنگاندن، لەکۆتاییدا بڕیار لەسەر پڕۆژەکە درا".

لە ئێستادا كاركردن لە شەقامەكە بە مەبەستی نۆژەنكردنەوە و گۆڕینی سیماكەی دەستیپێكردووە.

یوسف تەیب وتی "دەبێتە شوێنێك بۆ كۆكردنەوەی رۆشنیبران، بەپێی پڕۆژەكە رۆژانی هەینی شەقامەكە بەڕوی ئۆتۆمبێلدا دادەخرێت، بۆ ئەوەی هونەرمەندان و رۆشنبیران بتوانن چالاكیی و بەرهەمەكانیان بە ئاسانی نمایشبكەن".

شەقامی بەردەم پارێزگای كۆن یان شەقامی بەهوو، دەكەوێتە ناوەندی شاری كەركوك.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT