لە 15 كەمپی پارێزگاكەدا تەنیا یەك كەمپ تیایدایە

ئـاوارەكانی دهۆك داوای نەخۆشخانەی مـنداڵبون دەكەن

كەمپێكی ئاوارەكان بەناوی مام رەشان، لە سنوری قەزای ئاكرێ لە پارێزگای دهۆك. فۆتۆ: كەركوك ناو

عەمار عەزیز – دهۆك

ژمارەیەك لە ئاوارەكانی نیشتەجێی دهۆك، داوای كردنەوەی نەخۆشخانە یان بەشی منداڵبون لە بنكە تەندروستییەكاندا دەكەن، چونكە ناتوانن بۆ حاڵەتی لەناكاو بە ئاسانی بگەن بە ناوەندی شار.

بەپێی بەدواداچونێكی مەیدانی پەیامنێری (كەركوك ناو)، لە كۆی 15 كەمپی ئاوارەیی سنوری پارێزگای دهۆك، تەنیا لە یەك كەمپدا بەشی منداڵبون هەیە.

"كردنەوەی بەشی منداڵبون بۆ ئێمە گرنگە، چونكە سەدان خێزانی هەژار هەن ئۆتۆمبێلیان نییە بۆ كاتی كتوپڕ و ژانی لەدایكبون بگەن بە نەخۆشخانەكانی شار، یان پارەی نەشتەرگەرییان نییە لە نەخۆشخانە ئەهلییەكاندا منداڵیان ببێت، بۆیە دەكرێت هەر لەناو كەمپدا بكرێتەوە كە داواكاری هەموو ژنانی دیكەیە" سەمیرە بەدەل (38 ساڵ)، ئاوارەی كەمپی كەبەرتوو وای وت.

سەمیرە هەشت ساڵە لە كەمپ دەژی، دایكی هەشت منداڵە و سێ منداڵی لە نەخۆشخانەكانی ناوەندی دهۆك لەدایكبون، لەبەر نەبونی بەشێكی تایبەت بە منداڵبون لە كەمپەكەیاندا.

لە كەمپی كەبەرتوو، كە نزیكەی نیو كاتژمێر بە ئۆتۆمبێل لە ناوەندی دهۆكەوە دورە، پێشتر بەشی منداڵبون هەبووە و زیاتر لە ساڵێكە داخراوە، لە كاتێكدا بە هەردوو كەمپی كەبەرتووی یەك و دوو نزیكەی پێنج هەزار خێزانی تێدایە، كە زیاتر لە 23 هەزار و 600 كەسن، بەپێی ئەو ئامارە رەسمییانەی دەست (كەركوك ناو) كەوتون.

سەدان خێزانی هەژار هەن ئۆتۆمبێلیان نییە بۆ كاتی كتوپڕ و ژانی لەدایكبون بگەن بە نەخۆشخانەكانی شار

دیان جەعفەر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەكان لە دهۆك –سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان- دان بەوەدادەنێت نەبونی بەشی منداڵبون بۆ هەندێك كەمپ كێشەیە، وەك كەمپەكانی كەبەرتوو كە دوورن لە ناوەندی شارەوە.

بەپێی بەدواداچونەكانی (كەركوك ناو)، ئێستا تەنیا لە كەمپی روانگە (قادیا) بەشی منداڵبون هەیە، كە دانیشتوانەكەی دوو هەزار و 433 خێزانن و پێكهاتون لە 12 هەزار و 603 كەس.

دیان جەعفەر ئەوەشی بە (كەركوك ناو)ـی وت "لەهەموو كەمپەكاندا بنكەی تەندروستی هەیە، پێشتریش لە هەندێكیاندا بەشی منداڵ بوون هەبوو بەڵام نەما، چونكە ئەو رێكخراوانەی لەو بوارەدا پێشتر هاوكارییان دەكرد، ئێستا پاڵپشتی داراییان كەمبۆتەوە".

لە مانگەكانی رابردودا ژمارەیەك رێكخراوی مرۆیی، لە نێویاندا رێكخراوی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، بەشێك لە هاوكارییەكانیان بۆ ئاوارەكانی نیشتەجێی كەمپەكانی هەرێمی كوردستان بڕی.

پیر عەلو كەچەل، بەڕێوەبەری كەمپی خانكێ‌ بە (كەركوك ناو)ـی وت "هەر لە سەرەتاوە بەشی منداڵبون لە كەمپەكەی ئێمەدا نەبووە، تەنیا بنكەی تەندروستی هەیە كە تا كاتژمێر 2ـی دوانیوەڕۆ دەوام دەكەن، ئۆتۆمبێلی فریاكەوتنیش بە هەمانشێوە تا ئەوكاتە لەكاردایە، بۆیە حاڵەتی لەناكاوی وەك لەدایكبون، دەبێت خەڵك بەدوری لانیكەم 20 خولەك بە ئۆتۆمبێل بچنە ناوچەكانی تر".

campi kabartoo
دهۆك/ 2019/ رێگای هاتوچۆی كەمپی ئاوارەكانی كەبەرتوو فۆتۆ: عەمار عەزیز

لە كەمپی خانكێ زیاتر لە 14 هەزار ئاوارە (نزیكەی سێ هەزار خێزان) و لە دەرەوەی كەمپەكەش نزیكەی 10 هەزار ئاوارە نیشتەجێن بەڵام نە لە كەمپ و نە لە كۆمەڵگەی خانكێ بەشی منداڵبون نییە.

بەڕێوەبەری كەمپەكە دەڵێت "زۆرجار" داوای كردنەوەی بەشی منداڵبون لەوان كراوە، داواكارییەكەش بۆ رێكخراوەكان و لایەنی پەیوەندیدار بەرزكراوەتەوە، "بەڵام تەنیا دەڵێن بەمنزیكانە دەكرێتەوە و هیچیش دیارنییە".

(كەركوك ناو) نەیتوانی ئاماری تازە لە دایكبوانی خێزانە ئاوارەكانی دەستبكەوێت.

لە هەندێك كەمپی دیكە، وەك شەش كەمپەكەی ئاوارەیی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە دهۆك، بەهۆی نەبونی بەشی منداڵبونەوە، زۆربەی كات ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن دانراوە بۆ گواستنەوەی ژنی دوگیان و هەر حاڵەتێكی دیكەی لەناكاو.

ئەمیر عەلی، لێپرسراوی راگەیاندنی نەخۆشخانەی گشتی زاخۆ بە (كەركوك ناو)ـی وت "لە كەمپەكاندا بەشی منداڵبون نییە بەڵام 24 كاتژمێر ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن لەوێ جێگیركراون بۆ گواستنەوەی هەر نەخۆشێك و حاڵەتی لەدایكبون بۆ نەخۆشخانەكانی ناوشار".

سەدا 40ـی ئەوانەی سەردانی نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكانی دهۆك دەكەن ئاوارە و پەنابەرانن

لە پارێزگای دهۆك 325 هەزار ئاوارە هەن؛ لەو ژمارەیە 135 هەزار كەسیان لە 15 كەمپدا جێگیركراون و 189 هەزار كەسیشیان لە دەرەوەی كەمپ نیشتەجێن.

ئەفراسیاب موسا یونس، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگای دهۆك بە (كەركوك ناو)ـی وت "ناتوانین بۆ هەر كەمپێك بەشێكی منداڵبون بكەینەوە، چونكە پێویستی بە پاڵپشتی دارایی و كارمەند هەیە، ئەوەش لە توانای ئێمەدا نییە و چارەسەر ئەوەیە حكومەتی عیراق هاوكاریمان بكات".

هەروەها رونیكردەوە "فشارێكی زۆر" لەسەر كەرتی تەندروستی دهۆك هەیە، چونكە سەدا 40ـی ئەوانەی سەردانی نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكان دەكەن لە ئاوارە و پەنابەرانن، لەكاتێكدا بودجەیەكی دیاریكراو بۆ ئەو كەرتە خەرجدەكرێت، رێكخراوەكانیش زۆرینەیان گرێبەستەكانیان بۆ هاوكاریكردن كۆتاییان هاتووە و بەشێكیان تا كۆتایی ساڵ دەمێننەوە.

بەپێی ئامارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كۆی ژمارەی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێم زیاتر لە 960 هەزار كەسن و بودجەی پێویست بۆ دابینكردنی خزمەتگوزارییەكانیان لە رۆژێكدا دەگاتە زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلار.

بەڕێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەكان لە دهۆك دەڵێت، لەسەر كێشەكانی كەرتی تەندروستی لە كەمپەكاندا، لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار و رێكخراوە مرۆییەكانی ئەو بوارە گفتوگۆیانكردووە، لە هەوڵدان چارەسەری گرفتەكان بكەن.

جگە لە نەینەوا، تەواوی كەمپەكانی دیكەی پارێزگاكانی عیراق داخراون و دانیشتوانەكانیان بۆ زێدی خۆیان گەڕێنراونەتەوە، جگە لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستان كە بەپێی لێكتێگەیشتنێك لەگەڵ حكومەتی هەولێر ماونەتەوە و ئاوارەكانیش زۆرینەیان بەپاساوی نەبونی سەقامگیریی ئەمنی و خزمەتگوزاری و وێرانكاریی شەڕ نایانەوێت بگەڕێنەوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT