دۆشكە لەسەر قەڵای كەركوك جێگیركراوە و لەچەند شوێنێكیش سوپا بڵاوەیپێكراوە

كەركوك/ تشرینی یەكەمی 2022/ جێگیركردنی دۆشكەیەك لەسەر قەڵا و بڵاوبونەوەی سوپا لەناو شار. فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

لەسەر قەڵای كەركوك چەند دۆشكەیەك جێگیركراون و لەناو شار و بەشێك لە گەڕەك و كۆڵانەكانیش سوپا بە چەك و هەمەری سەربازییەوە بڵاویانپێكراوە. بەڵام فەرماندەیەكی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك دەڵێت "تەنیا گرتنەبەری هەندێك رێكاری ئەمنییە لەپێناو دڵنیایی ئەمنی بە هاوڵاتیان".

دۆشكەكان لەچەند رۆژی رابردودا بردراونەتە سەر قەڵا و جێگیركراون، هاوكات لە ماوەی سێ رۆژی رابردوشدا كە پەیامنێری (كەركوك ناو) چاودێریی ناو شاری كردووە، تێبینی كراوە كە بڵاوكردنەوەی هێزەكانی سوپا بەشێوەیەكی چڕترە بە بەراورد بە هەفتەكانی رابردوو.

سەرچاوەیەکی ئەمنی کە بەرپرسیارێتی لە پۆلیسی کەرکوکدا هەیە، بە (كەركوك ناو)ی وت "بڵاوەپێکردنی هێز لەناو سەنتەری شارەکە رێکارێکی ئەمنیی و سەربازییە... ئەوە شتێكی تازە نییە و پێشتریش لەناو شاردا هەبون"، بەڵام سەرچاوەكە ئامادەنەبوو لەبارەی جێگیركردنی چەكی قورس لەسەر قەڵای كەركوك هیچ رونكردنەوەیەك بدات.

بونی چەكی قورسی سوپای عیراق لەسەر قەڵا و جێگیركردنی، لەكاتێكدایە دۆسیەی ئەمنی قەڵای كەركوك لەلایەن پۆلیسی پاراستنی شوێنەوار و پۆلیسی ئامادەوە سەرپەرشتی دەكرێت.

هاوكات سەرچاوەیەك لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك، كە دۆسییەی ئەمنی تەواوی پارێزگاكەیان لە ئەستۆیە، بە (كەركوك ناو)ی وت "دەمەوێت دڵنیاتان بكەمەوە كە شتێكی دیاریكراو نییە و هێزەكان بەشێوەیەكی چڕ و پڕ بڵاونەبونەوە، ئەوەی هەیە گرتنەبەری هەندێك رێكاری ئەمنیی و سەربازیی و ئامادەباشییە".

supa-7
كەركوك/ تشرینی یەكەمی 2022/ جێگیركردنی هەمەرێكی سەربازیی سوپای عیراق لە شەقامێكی سەرەكی شار. فۆتۆ: كەركوك ناو

وتیشی "تەنیا لە ناوچەیەكی دیاریكراویش نین، بەڵكو لە چەند خاڵ و شوێنێكی ناو شار ئۆتۆمبێلێكی سەربازی یان مەفرەزەیەك جێگیركراون، ئامانج لێی ئەوەیە هاوڵاتیان هەست بە ئەمن و ئاسایش بكەن و ببنە بەشێك لە هاوكاریكردنی هێزە ئەمنییەكان، وەك ئەوەی ئێستاش هاوكارێكی باشن بۆ پاراستنی ئەمنیەتی شارەكە".

ئەو پێشهاتە هاوكاتە لەگەڵ نزیكبونەوەی ساڵیادی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، كە دەكاتە یەكشەممەی داهاتوو. لەو رۆژەدا هێزە عیراقییەكان بە فەرمانی حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی پێشوتری عیراق بۆ كەركوك و تەواوی ناوچەكانی جێناكۆك گەڕانەوە و پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی تری هەرێم پاشەكشێیانكرد، ئەوەش لە كاردانەوەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان.

دۆسییەی ئەمنی پارێزگای كەركوك لەلایەن سوپا، پۆلیسی فیدراڵی و پۆلیس ناوخۆیی، حەشدی شەعبی و هێزەكانی لیوای تایبەتی 61ەوە بەڕێوەدەبرێت، هەر هەموشیان لەژێر دەسەڵاتی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوكدا كاردەكەن.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT