نەوتی سپی لە كەركوك
دەبێتە نەهامەتی بۆ هاوڵاتیان و ململانێ لە نێوان لێپرسراواندا دروستدەكات  

كه‌ركوك/ 2020/ هاوڵاتیان له‌ سه‌ره‌ی وه‌رگرتنی 50 لیتر نه‌وتی سپی فۆتۆ: كەركوك

كەركوك ناو – كەركوك

لێپرسراوانی پارێزگای كەركوك، لەسەر دۆسیەكانی تایبەت بە نەوتی سپی وەڵامی یەكتری دەدەنەوە، لەكاتێكدا هێشتا هاوڵاتیانی شارەكە لە سەرەی وەرگرتنی نەوت و سوتەمەنیدا دەناڵێنن.

شەڕی راگەیاندنی لێپرسراوان دوای ئەوەهات ئومێد محەمەد، پەرلەمانتاری عیراقی نەوەی نوێ لە پشكی كەركوك، وەك موژدەیەك رایگەیاند كە "كێشەی دابەشكردنی نەوتی كەركوك چارەسەر بوو" ئەوەش لە پۆستێكی فەیسبوكدا، كە دوانیوەڕۆی دوشەممە 21ـی تشرینی دوەمی 2022 بڵاویكردەوە.

ئەو پەرلەمانتارە نوسیویەتی "لە ئەنجامی موداخەلەکەمان لە پەرلەمان، وەزارەتی نەوت و مەنتوجاتی کەرکوک بە سوپاسەوە بڕیاریدا بە زیادکردنی بەشە نەوتی کەرکوک لە 600 هەزارلیترەوە بۆ ملیۆنێک و 300 هەزار لیتر، زیادکردنی 28 وێستگەی دیکەی دابەشکردنی نەوت، گەیاندنی نەوت بۆ جێگا دورە دەستەکان لەڕێگەی تەنکەرەوە".

هەروەها ئومێد محەمەد دەڵێت لەو چوارچێوەیەدا بڕیاردراوە كاتژمێرەكانی دابەشكردنی نەوت درێژبكرێتەوە و لەمەودا رۆژانە لە 7ـی بەیانییەوە تا 8ـی ئێوارە بەردەوامبێت.

omed
بەغدا/ تشرینی دوەمی 2022/ ئومێد محەمەد، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لەناو هۆڵی پەرلەمان وێنەی سەرەی وەرگرتنی نەوت لە كەركوك بەرزدەكاتەوە فۆتۆ: پەیجی ناوبراو لەفەیسبوك 

بەڵام بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، وەك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیشدا بڵاوبۆتەوە، هاوڵاتیان هێشتا لەسەرەی وەرگرتنی نەوت و بەدەست رێكارەكانەوە دەناڵێنن، هەندێكیان وێنەی سەرەی دوردرێژی وەرگرتنی نەوت دادەنێن لە فەیسبوك.

جگە لەوەی میدیاكانیش پێشتر چەندین بابەتی رۆژنامەوانی پێشتر لەسەر قەرەباڵغی دابەشكردنی نەوتی سپی لە كەركوك بڵاوكردۆتەوە.

كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكان لە كەركوك، هەرزوو لە پەیجی خۆی لە فەیسبوك وەڵامی نوسینی ئەو پەرلەمانتارەی دایەوە و قسەكانیشی رەتكردەوە، "وێنەیەكی بەرزكردۆتەوە (لەناو هۆڵی پەرلەمان) كە وبەروار و شوێنەكەی نازانرێت، دەمانەوێت رونی بكەینەوە كە دابەشكردنی نەوتی سپی بەرێكوپێكی بەڕێوەدەچێت و هاوڵاتیان بە كەمتر لە 15 خولەك نەوتی خۆیان وەردەگرن" بەپێی راگەیەندراوی كۆمپانیاكە، كە سەر بە وەزارەتی نەوتن.

دابەشكردنی نەوتی سپی لە كەركوك چەند هەفتەیەكە دەستیپێكردووە، هەر خێزانێك بەپێی كۆبۆن، لە قۆناغی یەكەمدا 100 لیتر (نیو بەرمیل) نەوت لە بەرانبەر بڕی 15 هەزار دیناردا وەردەگرن.

ئیدارەی پارێزگای كەركوك لە وەڵامی پەرلەمانتارەكەی عیراقدا دەڵێت "باشتربوو لە دۆسیەی بێسەروشوێنان و ئاوەدانكردنەوەی گوندە روخێنراوەكاندا پاڵپشتی پارێزگا بكەن و شایستەی هاوڵاتیانی پارێزگاكە لە سوتەمەنی و كارەبا بەدەستبهێنن" ئەوەش لە راگەیەندراوێكدا، كە تیایدا قسەكانی ئومێد محەمەد، بە "تۆمەت" ناودەبات.

ڤیدیۆ: كەركوك/ كۆتایی تشرینی یەكەمی 2022/ هاوڵاتیان لەسەرەی وەرگرتنی نەوتی سپی 

هەروەها لە راگەیەندراوەكە ئاماژە بەوەكراوە پەرلەمانتارەكەی نەوەی نوێ لە كەركوك "بەردەوام شێوازی وروژاندنی دوور لە راستی بەكاردەهێنێت، پشت بەرێگەی نمایشی دور لە راستی دەبەستێت و هەوڵدەدات بۆ وروژاندنی هەندێك و چاندنی ناتەبایی".

ئیدارەی كەركوك جەخت لەوەدەكاتەوە پێشتر بە هەوڵی ئەوان بڕی نەوتی كەركوك زیادكراوە و بڕیاریانداوە سكاڵای یاسایی دژی پەرلەمانتارەكەی عیراق تۆماربكەن، بە تۆمەتی ناوزڕاندن و وروژاندنی رایگشتی و هەڕەشە لە سەقامگیری پارێزگاكە و پەكخستنی هەوڵەكانی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە هاوڵاتیان.

هاوڵاتیانی كەركوك لە قۆناغی یەكەمدا 100 لیتر نەوتیان پێدەدرێت، دواتر بە چەند قۆناغێك و هەر جارە بڕی 50 لیتری دیكە وەردەگرن، تا لە كۆتاییدا بە هەموی دەگاتە سەروو 200 لیتر.

ئەنجومەنی عەرەبی لە كەركوك –بە سەرۆكایەتی راكان جبوری، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت و ژمارەیەك لایەنی سیاسی- لە 21ـی تشرینی دوەم راگەیەندراوێكی دژی ئومێد محەمەد، پەرلەمانتاری عیراق بڵاوكردۆتەوە و نوسینەكەی بە "تۆمەتی ئیستیفزازی شۆڤێنی پیلان بۆ دانراو" ناودەبەن، پێشیانوایە قسەكانی لەناو هۆڵی پەرلەمان ئامانجی لێی دژایەتی ئیدارەی پارێزگاكە كە ئەوان "بەسەركەوتوو لە هەڵمەتەكانی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان و خزمەتگوزاری" وەسفی دەكەن.

تەنیا لە ساڵی رابردوودا، زیاتر لە 350 هەزار خێزانی كەركوك نەوتی سپی-ـیان پێدراوە، بەپێی ئامارێكی كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكان بۆ (كەركوك ناو).

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT