(كەركوك ناو) خەڵاتی باشترین راپۆرتی نووسراو لەسەر پرسی ئاوارەكان دەباتەوە

عەمار عەزیز، پەیامنێری (كەركوك ناو)، لەكاتی وەرگرتنی خەڵاتەكەدا. فۆتۆ: راگەیاندنی بنكەی لالش

كەركوك ناو

راپۆرتێكی (كەركوك ناو)، خەڵاتی باشترین راپۆرتی نووسراو دەباتەوە و پلەی یەكەم بەدەستدەهێنێت، ئەوەش لە پێشبڕكێیەكدا كە بنكەی لالش سازیكردبوو و تایبەت بوو بەو راپۆرتە رۆژنامەوانییانەی لە ساڵی 2022 لەسەر پرسی ئاوارەكان ئامادەكرابون.

پێشبڕكێیەكە پێنجشەممە 19ی كانونی دووەم ئەنجامەكەی لەلایەن دەستەی باڵای بنكەی لالش لە ناوەندی پارێزگای دهۆك راگەیەنرا، بۆ راپۆرتی ڤیدیۆیی و نوسراو.

سەعید جردۆ، سەرۆکی دەستەی باڵای بنکەی لالش بە (کەرکوک ناو)ی وت "وەکۆ هاندانێک و گرنگی پێدانی بەرهەمەکانی رۆژنامەنوسان، ئەم پێشبڕكێیەمان رێكخست بۆ باشترین بەرهەمی رۆژنامەنوسان لە بواری ڤیدیۆیی و نوسین... لیژنەیەکمان پێكهێنا و زیاتر لە مانگێك سەرقاڵی وەرگرتنی بەرهەمی رۆژنامەنوسان بون، دواتر سێ رۆژنامەنوسی بە ئەزمونمان دیاریكرد بۆ هەڵسەنگاندنی بەرهەمە رۆژنامەوانییەكان".

"ئێمە لە راگەیاندنی پێشبڕكێیەكەدا ئاماژەمان بەوەدا كە ئەو بابەتانە وەردەگرین گرنگیپێدانی تیابێت لە پرسی ئاوارەكاندا، راپۆرتەكە نەهامەتی رۆژانەی ئاوارەكان بگێڕیتەوە و بخاتەڕوو".

دەیان دامەرزاوە و رۆژنامەنوسی عیراقی بابەتە رۆژنامەوانییەكانیان لەو ماوەیەدا بۆ پێشبڕكێیەكە ناردووە. خەڵاتەكان بەسەر راپۆرتی نوسراو و ڤیدیۆییدا دابەشكران.

بۆ راپۆرتی نووسراو، عەمار عەزیز لە ماڵپەری (کەرکوک ناو) خەڵاتی یەکەمی بردەوە، هەردوو رۆژنامەنوس زیاب غانم  و جەمیلا حازم براوەی دووەم بون، نەوزاد هلوری-ش لە ماڵپەڕی ووشە خەڵاتی سێیەمی بردەوە.

lalishh
دهۆك/ 19ی كانونی دووەمی 2023/ براوەكانی پێشبڕكێی بنكەی لالش. فۆتۆ: راگەاندنی بنكەی لالش

بۆ راپۆرتی ڤدیۆیی ئەیوب نەسری، پەیامنێری روداو خەڵاتی یەکەمی بردەوە، خەڵاتی دووەمیش بۆ نایف رەمەزان پەیامنێری هەمان دامەزراوە بوو، باسم قاسم، پەیامنێری ماڵپەڕی خانی نیوز، خەڵاتی سێیەمی بردەوە.

راپۆرتەكەی (كەركوك ناو)، لە 3ی ئایاری 2022 بەناونیشانی "بۆ سێیەمجار ئاوارە بوینەوە"... جارێك داعش، رۆژێك توركیا و ئێستاش سوپا و یەبەشە". بڵاوكراوەتەوە و تیایدا ئەو دۆخە ئەمنییەی شنگال زێدی میژویی ئێزیدییەكان نیشاندەدات كە بەهۆیەوە كۆچیی پێچەوانەی لە شنگالەوە بۆ كەمپەكانی بەدواداهاتووە.

بەپێی راپۆرتەكە بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەكانی نێوان سوپای عیراق و ئاسایشی ئێزیدخان لەماوە كەمتر لە هەفتەیەكی مانگی نیسان و ئایاری رابردودا 700 خێزانی ئێزیدی دوبارە زێدی خۆیان چۆڵكردۆتەوە و جارێكی تر گەڕاونەتەوە بۆ كەمپەكانی ئاوارەیی. 

سەعید جردۆ، سەرۆکی دەستەی باڵای بنکەی لالش وتی "گرنگی ئەم پێشبڕكێیە لەوەدایە رۆژنامەنوسان زیاتر و وردتر کار لەسەر دۆخی ئاوارەکان بکەن، تاوەکو لایەنی جێبەجێکار کە حکومەتە کێشەی ئاوارەکان چارەسەر بكات".

"هەروەها ئێمە دەمانەوێت دەنگی ئاوارەکان بگاتە هەموو جیهان تا خزمەگۆزاریی زیاتریان پێشكەش بكرێت"، سەعید جردۆ وایوت.

بنکەی لالش بۆ راگەیاندن و رۆشنبیری بە گەورەترین دامەزراوەی رۆشنبیری ئێزیدی دادەنرێت و لە ساڵی 1993وە دامەزراوە، 38 بەش و نوسینگەی لە ناوخۆی عیراق و دەرەوەدا هەیە و بنكەی سەرەكی لە پارێزگای دهۆكە.

سەعید جردۆ "ئەمە وەرزی یەکەمی پێشبڕكێیەكە بوو، لەبەرنامەماندایە بۆ ئایندە بەردەوامی پێبدەین و فراوانتری بكەین".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT