سیانیان ئافرەتن
لە هێرشێكی چەكدارییدا هەشت كەسی یەك خێزان كوژران

دیالە/7ی ئاداری 2023/ وێنەی ئەو ئۆتۆمبێلەی تیایدا بۆمبێكی چێندراوی لە شارەبان پێیدا تەقییەوە و هەشت ئەندامی یەك خێزان كوژران. فۆتۆ: تایبەت بەكەركوك ناو

كەركوك ناو

هەشت كەسی یەك خێزان لە سنوری قەزای شارەبان كوژران لە نێویاندا سیانیان ئافرەتن، ئەوەش لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبی چێنراو و دواتر هێرشی چەكداریی بۆ سەر ئەو خێزانە.

هێرشەکە شەوى دووشەممە 6ى ئادار كرایە سەر كەسوكاری شێخ موستاف تەمیمی، سەرۆکی عەشیرەتی تەمیم لە شارەبان.

عەدنان تەمیمی، كەسایەتی دیاری عەشیرەتی تەمیم و سەرۆکی پێشوی ئەنجومەنی قەزای شارەبان، بە (كەركوك ناو)ی وت "سەرەتا بۆمبێكی چێنراو بە ئۆتۆمبێلێكی ئەو خێزانەدا تەقیوەتەوە و دواتر هێرشی چەكدارییان كراوەتە سەر، بەهۆیەوە هەشت كەسی ئەو عەشیرەتە كە لە یەك خێزانن كوژراون، لە نێویاندا سیانیان ئافرەتن". وتیشی "دوو كەسی تر لە هەمان خێزان برینداربون".

روداوەكە لە گوندی هەزینە شاخە لە باشوری قەزای شارەبان رویدا. شارەبان قەزایەكی سەر بە پارێزگای دیالە و ناوچەیەكی جێناكۆكە لە نێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان، ئەوەش بەپێی دەستوری عیراق.

سیان لە كوژراوەكان ژنن بە ناوەكانی وەردە موستاف تەمیمی، حەیات جاسم تەمیمی و زینە ئیسماعیل تەمیمی.

كوژراوەكانی تر (مەیسەم ئیسماعيل مەحمود، ئەحمەد عاسی مەحمود، عەبدولئەمیر تەمیم مەحمود، ئیسماعیل جاسم و عەلی محەمەد).

لە شەوی رابردووەوە هێزە ئەمنییەكان لە شارەبان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و هێشتا هیچ زانیارییەكیان لەسەر بكەرانی ورداوەكە رانەگەیاندووە.

عەدنان تەمیمی وتی "نازانین كێ لە پشت ئەم روداوەوەیە، ئێمە چاوەڕێی لێكۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەكان دەكەین".

ئەمە دووەم روداوی خوێناوییە لەو قەزایە رودەدات، دوای ئەوەی تشرینی یەكەمی 2021 لە ئەنجامی هێرشی "داعش و تۆڵەسەندنەوە"دا 23 كەسی مەدەنی لە دوو گوندی شارەبان كوژران.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT