چوار مانگە فەرمانگەی كارتی نیشتمانی سنونێ داخراوە

نەینەوا/ 2022/ شەقامێكی سەرەكیی ناوەندی ناحیەی سنونێ لە قەزای شنگال فۆتۆ: لەیس گرعوزێری

كەركوك ناو

فەرمانگەی كارتی نیشتمانی سنونێ چوار مانگە داخراوە، هیچ وادەیەكیش بۆ كردنەوەی دیارنییە، بەهۆیەوە مامەڵەی هاوڵاتیان وەستاوە.

بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، لە كاتی داخستنی فەرمانگەی كارتی نیشتمانی سنونێ لە قەزای شنگال، چەند پاساوێكی جیاواز بە لێپرسراوانی ئیداری ناوچەكە دراوە و بەڵێندراوە جارێكیتر بكرێتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ وادەیەك دیاریبكەن.

"كاتێك فەرمانگەكە كرایەوە وتمان ئیتر نەجاتمان بوو، دەتوانین لە شارەكەی خۆمان مامەڵەی كارتی نیشتمانی بكەین، بەڵام وەك هەموو شتەكانی تر ئەوەش سەرینەگرت و داخرا" سەعید خەڵەف (35 ساڵ)، دانیشتوی سنونێ وای وت.

ئەو هاوڵاتییە دەڵێت ماوەیەكە سەرقاڵی مامەڵەی كارتی نیشتمانییە و ئێستا بۆ تەواوكردنی كارەكانی، ناچارە بچێتە دهۆك یان موسڵ، "تێناگەم بۆ ئەوەندە دژایەتی شنگال دەكرێت".

تێناگەم بۆ ئەوەندە دژایەتی شنگال دەكرێت

ژمارەی خەمڵێنراوی دانیشتوانی سنونێ نزیكەی 170 هەزار كەسە و بەپێی ئامارە رەسمییەكانی بەڕێوەبەرایەتی ناحیەكە بۆ (كەركوك ناو)، گەورەترین ناحیەیە لە روی ژمارەی دانیشتوانەوە و ئێستا نزیكەی 100 هەزار كەس لە دانیشتوانەكەی گەڕاونەتەوە.

خودێدا چوکی، بەڕێوەبەری ناحیەی سنونێ بە (کەرکوك ناو)ـی وت "چوار مانگە فەرمانگەی کارتی نیشتیمانی داخراوە، لێپرسراوانی عیراق هەرجارە و پاساوێك دەهێننەوە، جارێك دەڵێن بەهۆی خراپی هێڵی ئینتەرنێتەوەیە، جارێك دەڵێن كادیرەكانیان بەشداری راهێنان دەكەن و تائێستاش وادەی كردنەوەی دیارنییە".

هەروەها جەختیكردەوە "زۆرترین ئاوارە گەڕاونەتەوە بۆ سنونێ و هەزاران كەس پێویستیان بە دەستپێكردنەوەی كارەكانی فەرمانگەی كارتی نیشتمانی هەیە، دەیانجار داوای دوبارە كردنەوەی فەرمانگەكەمان كردوە بەڵام هەوڵەكانمان بێسود بون".

قەزای شنگال (120كم خۆرئاوای موسڵ)، كه‌ ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكی پارێزگای نه‌ینه‌وایه‌ و زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی ئێزیدین، لە 3ـی ئابی 2014، داعش دەستیبەسەرداگرت ‌و هه‌زاران كه‌س له‌و پێكهاته‌یه روبەڕوی كوشتن، رفاندن و ئاوارەیی بونەوە، تا لە 13ـی تشرینی دووەمی 2015 قه‌زاكه‌ كۆنتڕۆڵكرایەوه.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT