حزبەكانی كەركوك 18 سـاڵە لەسەر كۆمسیۆن ناكۆكن

كه‌ركوك/ ئایاری 2018/ هێزی ئەمنی لەكاتی پاراستنی بنكه‌یه‌كی ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كەركوك ناو

حزبە سیاسییەكانی عەرەب، كورد و توركمان لە كەركوك، 18 ساڵە لە ململانێ و ناكۆكیی و شەڕی میدیاییدان دەربارەی ئیدارەدانی ئۆفیسی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، هەرلایەكیان خۆی بە مافخوراو دەزانێت.

نوێترین قۆناغی ئەو ناكۆكییە حزبییە لەسەر ئۆفیسی كەركوكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، نزیكەی هەفتەیەكە دەستیپێكردووە و هاوكاتە لەگەڵ ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق، كە بەپێی یاسا نابێت وادەی ئەنجامدانی لە كانونی یەكەمی ئەمساڵ تێبپەڕێت.

 

عەرەب و توركمان: كۆمسیۆن بگۆڕن

"هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك زۆر گرنگە بۆ هەموو پێكهاتەكان ... ئەگەر بەم پێكهاتەیەی ئێستای كۆمسیۆن پرۆسەكە بەڕێوەببرێت ئەوا ساختەكاری و یاریكردن بە دەنگەكان دوبارە دەبنەوە" بەپێی ژمارەیەك لە حزب و پارتە سیاسییەكانی توركمان و عەرەب.

23ـی ئایاری 2023  لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە (كەركوك ناو) ئامادەی بوو، حزبەكانی توركمان و عەرەبی كەركوك داوای وەرگرتنی پۆستی بەڕێوەبەری كۆمسیۆنی كەركوك و دوبارە پێكهێنانەی ئیدارەی ئۆفیسەكەیان كرد، بە جۆرێك هاوسەنگی لە نێوان پێكهاتەكاندا تێدابێت.

عەرەب و توركمان لە 2005 بەدواوە بەردەوام ناڕەزایی و رەخنەیان لە ئیدارەدانی ئۆفیسی كەركوكی كۆمسیۆن هەیە بەوپێیەی بەڕێوەبەرەكەی لە پێكهاتەی كورد بووە.

ڤیدیۆ: كەركوك/ 23ـی ئایاری 2023/ كۆنگرەی رۆژنامەوانی حزبە عەرەبی و توركمانییەكان دەربارەی پۆستەكانی كۆمسیۆن / كەركوك ناو

"پۆستی بەڕێوەبەری ئۆفیسی كەركوكی كۆمسیۆن لە 2005ـەوە لەلایەن یەك نەتەوەوە قۆرغكراوە"، وەك لە بەیاننامەی هاوبەشی حزبەكانی توركمان و عەرەب، -لە نێویاندا بەرەی توركمانی و ئەنجومەنی عەرەبی- هاتووە "دەمانەوێت دەستاودەستی دەسەڵات بكرێت و پێكهاتەكانی دیكەش مافی ئیدارەدانی ئەو ئۆفیسەیان پێبدرێت كە پێشێلكارییەكانی یاسا بەركارەكانی تێپەڕاندووە".

حزبە سیاسییەكانی توركمان و عەرەب، لە ساڵانی رابردوودا، بە تایبەت لە دوای هەڵبژاردنە پەرلەمانییەی 2018ـی عیراق، زیاد لە جارێك خۆپیشاندان و گردبونەوە و كۆنگرەی رۆژنامەوانییان بۆ گۆڕانكاری لە ئۆفیسی كەركوكی كۆمسیۆن هەبووە، بە تۆمەتی "تێوەگلانیان لە ساختەكاری".

تەنیا لە ساڵی 2018ـەوە پێنج جار گۆڕانكاری لە پۆستی بەڕێوەبەر و هەندێك بەشی دیكەی ئۆفیسی كەركوكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كراوە، بەڵام توركمان و عەرەب، بە هیچیان قایل نەبون.

 

كوردیش قایل نییە

حزبە سیاسییەكانی كوردی كەركوك، هەرچەندە لە 18 ساڵی رابردودا بەڕێوەبەری ئۆفیسی كەركوكی كۆمسیۆن لە پشكی كورد بووە، بەڵام قایل نین و پێیانوایە لە كۆی گشتی ژمارەی بەرپرسیارێتیی و پۆستەكانی دیكەدا مافی تەواویان پێنەدراوە.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە (كەركوك ناو) ئامادەی بوو، 24ـی ئایاری 2023، ژمارەیەك حزبی سیاسی كوردی لە كەركوك، بەبێ پارتی دیموكراتی كوردستان، لە بەیاننامەیەكدا وەڵامی ناڕەزایی حزبە توركمانی و عەرەبییەكانیان دایەوە.

ئەوان داوادەكەن "بەپێی ئیستحقاقی ھەڵبژاردن دووبارە کۆی گشتی پۆستە ئیداریەکان دابەش بکرێنەوە بەسەر نەتەوەکانی شارەکە، ئەگەر نا ئێمە چیتر قبوڵی ناکەین ھەنێ لایەن سیاسی بەناو عەرب و تورکمان پیلانی قێزەون دژی نەتەوەکەمان داڕێژن".

لە پارێزگای كەركوك، كورد شەش كورسی، عەرەب چوار كورسی و توركمان دوو كورسی پەرلەمانی عیراقیان هەیە و پێشتریش لە ئەنجومەنی پارێزگا لیستی برایەتی (كورد پێكهێنەریەتی) 41 كورسی، توركمان نۆ كورسی و عەرەب شەش كورسییان هەبوو.

بەپێی ئەو ئامارەی حزبە كوردییەكان بڵاویانكردۆتەوە دەربارەی ئۆفیسی كۆمسیۆن "بەڕێوەبەری کۆمسیۆن (کوردە) , جێگرەکەی (عەرەب)ـە، لە کۆی ١٣ بەشی کۆمسیۆن ( ٤ بەشی کورد)، ( ٤ی عەرەب)، (٤ی تورکمان)، (١دانەی کریستیان)ـە، ئێمە نازانین چ ناعەدالەتیەک ھەیە بەرامبەر نەتەوەی تورکمان و عەرەب؟".

ئەوەی ئێستا دەوترێت تەنیا بانگەشەی هەڵبژاردنە

هەروەها باس لەوەدەكەن لە پۆستە ئیدارییەكانی دیكە و ژمارەی فەرمانبەریشدا؛ لە كۆی 109 فەرمانگە "45 بەڕێوەبەری عەرەب، 41 بەڕێوەبەری توركمان و 22 بەڕێوەبەری كورد هەن، لە كۆی فەرمانبەراندا كورد رێژەی سەدا 22، عەرەب سەدا 35 و توركمان سەدا 43ـن"، ئەوەش رونكراوەتەوە لە كۆی پێنج قایمقام هیچیان كورد نین.

بەشێك لەو پۆستە ئیدارییانەی بەدەست كاندیدی كوردەوە بون؛ لە دوای روداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەری 2017ـەوە بە وەكالەت پڕكراونەتەوە، هێزەكانی سەر بە حكومەتی هەرێم و بەشێك لە حزبەكان كەركوكیان بەجێهێشت لەكاتی گەڕانەوەی هێزەكانی سەر بە حكومەتی فیدراڵی، بەهۆی ناكۆكی نێوان هەردوو حكومەتی بەغدا و هەولێر دوابەدوای ریفراندۆمی هەرێم.

لە بەیاننامەی حزبە كوردییەكاندا هاتووە "نازانین ئەمانە چۆن لە ڕویان دێ باسی نا عەدالەتی بکەن؟؟ ئەوە ئێمەین دەبێ ئیتر شەڕی ناعەدالەتی  لەگەڵ ئەوان بکەین"، جەخت لەوەشدەكەنەوە ئەوان بڕگەی تایبەت بە هەڵبژاردنی كەركوك لە یاسای هەڵبژاردن قبوڵناكەن.

بەپێی دوایین هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكان؛ هەر هاوڵاتییەك لە كەركوك، ئەگەر لە تۆماری سەرژمێری 1957ـدا نەبێت یان نەتوانێت بەپێی كۆبۆنی خۆراكی پێش ساڵی 2003 بیسەلمێنێت كە دانیشتوی سنوری پارێزگاكەیە، ئەوا مافی دەنگدانی بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگا و پەرلەمانی عیراق نابێت، جگە لەوانەی رێكارەكانی ماددەی 140ـی دەستور دەیانگرێتەوە.

 

كۆمسیۆنی كەركوك: ئێمە بێلایەنین

ئۆفیسی كەركوكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عیراق، جەخت لە "بێلایەنی" كارەكانیان دەكەنەوە، بۆیە نایانەوێت بچنە ناو ئەو ململانێیەی لەنێو حزبە سیاسییەكاندا هەیە، كە ئەوان بە بانگەشەی پێشوەختەی هەڵبژاردنی دەزانن.

پۆستی بەڕێوەبەری ئۆفیسی كەركوكی كۆمسیۆن، ئێستا لای لوئەی ئەركان كاكەیی-ـیە، كە لە 2ـی حوزەیرانی 2021ـەوە و بەبڕیاری ئەنجومەنی كۆمیسیاران دەستبەكاربووە.

لوئەی ئەركان كاكەیی، بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئێمە كاری خۆمان بە یاسا دەكەین و گوێ بە تۆمەتەكان نادەین، چونكە بێلایەنانە كارەكانمان دەكەین"، ئەوەش لە وەڵامی تۆمەتباركردنی ئەو نوسینگەیە بە "ساختەكاری و شكستهێنان لە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن"ـدا لەلایەن حزبە عەرەب و توركمانەكانەوە.

لوئەی خەڵكی گوندی عەرەب كۆیی قەزای داقوقە، لە ساڵی 2004ـەوە فەرمانبەری كۆمسیۆنە و چەندین بەرپرسیارێتی هەبووە، ئەو وتی "ئەوەی ئێستا دەوترێت تەنیا بانگەشەی هەڵبژاردنە و باسی گۆڕانكاری لە ئیدارەدانی نوسینگەی كۆمسیۆن نەكراوە".

ڤیدیۆ: كەركوك/ 24ـی ئایاری 2023/ كۆنگرەی رۆژنامەوانی حزبە كوردییەكان بۆ وەڵامدانەوەی حزبە عەرەبی و توركمانییەكان دەربارەی پۆستەكانی كۆمسیۆن / كەركوك ناو

پۆسته‌كانی نوسینگه‌ی كه‌ركوكی كۆمسیۆن لە 2021ـدا گۆڕانكاری تێداكرا، لوئەی كاكەیی خرایە جێگەی سه‌وسه‌ن ته‌یب محێدین، وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ر، كە سەوسەن پێشتر و لە چوارچێوەی گۆڕانكارییەكانی 2020ـی ئۆفیسەكەدا دانرابوو.

پێش سەوسەن، پۆستی بەڕێوەبەری ئۆفیسی كۆمسیۆن لای قه‌یس محه‌مه‌د بوو، كە ساڵی 2019 بۆ بۆ دومجاره‌ ئەو پۆستەی وەرگرت، بەوپێیەی له‌ سه‌ره‌تای 2018ـشدا هەمان پۆستی لابوو، بەڵام دورخرایەوە ئەوكات و تا دوای هەڵبژاردنە پەرلەمانییەی 2018ـی عیراق عیماد وەلی، كرا بە بەڕێوەبەری كۆمسیۆن.

لوئەی كاكەیی دەڵێت تۆمەتی لایەنەكان باسی هەڵبژاردنی 2018ـی پەرلەمان دەكەن، كە ئەوكات لەو پۆستەدا نەبووە و بۆ هەڵبژاردنی رابردووش، لە ساڵی 2021ـدا، "جێگەی دەستخۆشی هەموو نەتەوەكان بوو، بە تایبەت عەرەب و توركمان".

بەڕێوەبەری نوسینگەی كەركوكی كۆمسیۆن دەڵێت ئامادەكاری تەواویان بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا كردووە، كە بەپێی یاسا، دەبێت بەر لە كۆتایی ئەمساڵ بكرێت.

ئامادەكارییەكانی كۆمسیۆن بۆ هەڵبژاردن، كە لە ساڵی 2013ـەوە لە پارێزگاكانی عیراق نەكراوە و كەركوكیش بۆ یەكجار و تەنیا ساڵی 2005 لەو پرۆسەیەدا بەشداربووە، لەكاتێكدایە هێشتا حكومەتی فیدراڵی بڕیاری لە وادەی بەڕێوەچونی پرۆسەكەی نەداوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT