بەڵێنی زۆر و كرداری كەم؛ خێوەت بە ناڕازییەكانی كفری دەپێچێتەوە

كفری/ ئابی 2023/ كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە نێو مانگرتوانی كفری فۆتۆ: رێكخراوی پاڵپشتی كفری

لەیلا ئەحمەد – دیالە

مانگرتوانی كفری، چاوەڕێی جێبەجێكردنی بەڵێنی لێپرسراوانی باڵای حكومەت و حزب دەكەن، تا بەرهەمی 32 رۆژەی ناڕەزاییەكانیان بچننەوە و ناچارنەبن جارێكیتر بچنەوە سەر شەقام یان هەنگاوێكی جیاواز بگرنەبەر.

10ـی ئابی 2023 چالاكوان و مانگرتوانی قەزای كفری، كۆتاییان هێنا بە ناڕەزایی و خێوەتەكەیان لەسەر شەقام هەڵگرتەوە، كە بۆ ماوەی 32 رۆژ هەڵدرا و لە 10ـی تەمموزەوە هەوڵیاندا تا چەندین داواكاری خەڵكی ناوچەكە لەو رێیەوە بە حكومەت بگەیەنن.

بەپێی راگەیەندراوی كۆتایی مانگرتنەكە؛ كە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا خوێندرایەوە، بەشێك لە داواكارییەكانیان جێبەجێكراون و بەشە سەرەكییەكەش تەنیا بەڵێنی جێبەجێكردنیان وەرگیراوە.

"هیوادارم بەڵێنەكانیان جێبەجێبكەن بۆ كفری، چونكە وەكو خۆپیشاندەران رامانگەیاندووە كە تا 15ـی تشرینی دوەمی ئەمساڵ چاوەڕێی دەكەین تەواوی بەڵێنەكانمان بۆ جێبەجێبكەن، گەرنا دواتر ترمان دەبێت و ڕێگای دیكە دەگرینەبەر" ئارام فەقیە رەحیم وای وت، ئەو یەكێك بوو لە مانگرتوانی كفری و 32 رۆژ لە شەقام مایەوە.

كۆتاییهاتنی مانگرتن و ناڕەزایی دوای ئەوەهات، شاندێك لە رێكخراوی پاڵپشتی كفری بۆ پەرەپێدان، بە نوێنەرایەتی مانگرتوان سەردانی هەریەك لە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانیان كرد، بەپێی دوو نوسراو كە ئەو رێكخراوە بڵاویكردۆتەوە، چوار داواكاری رادەستی بافڵ تاڵەبانی و 15 داواكاریش ئاراستەی قوباد تاڵەبانی كراوە.

لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی كۆتایی مانگرتنەكەدا جەختكرایەوە، جگە لەو داواكارییانەی لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمەوە جێبەجێكراون، بەشێك لە داواكارییەكانیشیان لەلایەن سەرۆكی یەكێتیی و جێگری سەرۆك وەزیرانەوە جێبەجێكراون و ئەوانیتر بەڵێنی "سەدا 100"ـی جێبەجێكردنیان وەرگیراوە.

تا 15ـی تشرینی دوەمی ئەمساڵ چاوەڕێی دەكەین تەواوی بەڵێنەكانمان بۆ جێبەجێبكەن

نورەدین عەبدلرەشید، لێپرسراوی راگەیاندنی رێكخراوی پاڵپشتی كفری دەڵێت مانگرتنەكە "دەستكەوتی" هەبووە، لەوانە تەرخانكردنی بودجە لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە بۆ نۆژەنكردنەوەی یاریگا، كڕینی جلوبەرگی وەرزشی، نۆژەنكردنەوەی بەنداوی باوەشاسوار و گۆڕینی بۆ شوێنی گەشتیاری، تەواوكردنی بینای قوتابخانە، بیری ئیرتیوازی، دابینكردنی ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن، دانانی پزیشكی بێهۆشكار و چەند داواكارییەكی دیكە.

ئەو داواكارییانە حكومەت پێش مانگی ئاب وەكو مژدەیەك بە خەڵكی كفری دا بەڵام نەیتوانی كۆتایی بە ناڕەزاییان بهێنێت.

"قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانی و وەزیری ئاوەدانكردنەوە و وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتی و وەزیری تەندروستی و خوێندنی باڵاش بەڵێنی 100 لە سەدی جێبەجێكردنی داواكاریەكانی ئێمەیانداوە و چاوەڕێین جێبەجێیبكەن" بەوتەی نورەدین.

داواكارییەكانی كفری بریتییە لە گرنگیدان بە خوێندنی باڵا و كردنەوەی بەشە زانكۆییەكان، وەبەرهێنان و ئاسانكاری بۆ بازرگانی، كردنەوە یان گواستنەوەی ژمارەیەك بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەرمیان بۆ كفری، دەستپێكردنەوەی پرۆژە وەستاوەكانی خزمەتگوزاری، دابینكردنی پێداویستی و ئامێری پزیشكی، زیادكردنی بڕی كارەبا، پێدانی دەرفەتی كاری كۆمپانیا و كارگەكان بە خەڵكی ناوچەكە، پێدانی پۆستی جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، دامەزراندنی فەرمانبەر بە گرێبەست، گۆڕینی قایمقام، چەندین پرۆژەی دیكەی ئاو و قیرتاو و نۆژەنكردنەوە لە خۆدەگرێت.

"19 ساڵە مەراقم بوو و چاوەڕێ بوم، تا بچمە سەر شەقام و خۆپیشاندان بۆ وەرگرتنی مافەكانم بكەم، بۆیە بۆ مانگێك لەگەڵ خوشكێكمدا مانمانگرت و لە ناڕەزاییەكانی كفری بەشداربوین" دەرسم ئارام، كچە مانگرتوی كفری بۆ (كەركوك ناو)، وای وت.

ئەو دەرچوی ڤێرتەرنەرییە و دانەمەزراوە، بۆیە هەموو هیوایەكی لەسەر خێوەتی مانگرتوان بنیاتناوە و چاوەڕێیە، هەرچی بەڵێنە جێبەجێبكرێت و جارێكیتر روبەڕوی بێ هیوایی نەبنەوە.

kfry (4)
كفری/ 2023/ بەشێك لە هاوڵاتیانی مانگرتووو لە بەردەم خێوەتی ناڕەزاییەكاندا فۆتۆ: رێكخراوی پاڵپشتی كفری

"داواكارییەكانی هاوڵاتیانی خۆپیشاندەری كفری بۆ بەرژەوەندی ژن و پیاو، هەموو چین و توێژە جیاوازەكان بوو، لەسەر داواكاریەكان ڕێككەوتین و بەدڵمان بوو، بۆیە پێكەوە مانمانگرت"، دەرسیم وتی بە بەڵێنەكان دڵخۆش بون و "ئەگەر بەڵێنەكان وەك خۆی جێبەجێنەكرێت ئەوە ئێمەی ئافرەتانی كفری بەتەواوی هاودەنگ و پاڵپشتی خۆپیشاندەرانین بۆ هەر هەنگاوێكی تر".

خۆپیشاندانەكەی كفری كەوتە گەرمترین كاتەكانی ساڵ، كە نزیكدەبووەوە لە 50 پلەی سیلیزی، لەگەڵ ئەوەشدا هاوڵاتیان بەشێكیان بە خۆبەخش و بێبەرانبەر، پێداویستی رۆژانە و هەندێكجار خواردنیان بۆ خێوەتی ناڕازییەكان دابیندەكرد.

"سەرەتا و بۆ هەفتەیەك هاوڵاتیان لە ترس و نائومێدیدا بون، هەندێك نەیانتوانی پاڵپشتی ناڕەزاییان بكەن، بە تایبەت ئەوانەی موچەخۆر بون و دەترسان لەسەریان بكەوێت، یان هەندێكیان بەهۆی بێ ئەنجامی خۆپیشاندانەكانی رابردوو بێ ئومێد بون، كەسانێكیش هەبون هەوڵی تێكدانی ئامانجەكانی مانگرتوانیان دەدا تا ببێتە دەستكەوتی حزبی و كەسیی، بەڵام ئەو مەرامانە سەریاننەگرت" بەوتەی ئارام فەقیە رەحیم.

هەروەها وتی لە هەفتەی دووەمەوە ئومێدیان بۆ گەڕاوەتەوە، كاتێك تەرخانكردنی بودجە بۆ چەند داواكارییەك و بەڵێنیان بۆ داواكارییەكانی دیكە وەرگرتووە، "هەموو ئەو كەسانەی هاتن بە پرۆژە و بەڵێنەوە دەهاتن، ... ئەو 32 رۆژە زۆر شتی بۆ كفری هێنا، بەڵێنی لابردنی قایمقام و پێدانی جێگری ئیدارەی گەرمیان، بۆیە وارێككەوتین خێوەتەكە لابدەین و بەڵێنەكان جێبەجێبكرێن، ئێمەش بە ئاهەنگ كۆتاییمان بە مانگرتنەكەدا هێنا".

ئەو مانگرتووەی كفری دەڵێت بێ ئومێدییەكەی سەرەتای مانگرتوان، پەیوەندی بە رابردووەوە هەبووە، كە چەندین خۆپشاندان نەك هەر بێ ئەنجام بون، بەڵكو بەهۆیەوە خەڵكیش بۆتە قوربانی.

بەشێك لەو داواكارییانەی كفری، پێشتر و بە تایبەت لە خۆپیشاندانەكانی ساڵی 2020ـدا روبەڕوی دەسەڵات كراونەتەوە، بەبێ ئەوەی جێبەجێبكرێن.

لەو 32 رۆژەدا رێگەمان نەدا هیچ كەس و لایەنێك داواكارییەكانمان بە لاڕێداببەن

هاوڵاتیانی كفری لە حوزەیرانی 2020ـدا چەند شەوێك چونە سەر شەقام، دواتر بە بەڵێنی لێپرسراوان كۆتاییان بە ناڕەزایی هێنا و دوای چەند مانگێك جارێكیتر ناڕەزاییەكان سەریانهەڵدایەوە، له‌ خۆپیشاندانەكانی رۆژانی 7 و 10ـی كانونی یەكەمی ئەو ساڵەدا، ئاكۆ سه‌لمان (22 ساڵ) و شڤان محه‌مه‌د شكور (21 ساڵ) بە فیشه‌ك گیانیانله‌ده‌ستدا.

"ئەگەر بەڵێن و داواكاریەكانمان جێبەجێنەكەن، پلانمان ئەوەیە ڕاپرسی دەكەین كفری لەسەر ئیدارەی گەرمیان نەمێنێت و بكرێتە ئیدارەی سەربەخۆ یان بخرێتە سەر پاریزگای سلێمانی یاخود دیالە" بەوتەی نورەدین عەبدلرەشید.

ناوبراو كە هاوكات یەكێك بوو لە سەرپەرشتیارانی مانگرتنەكەی كفری، دەڵێت قەزاكە پشتگوێخراوە، هەرچەندە دەرگای حكومەت و وەزیر و پەرلەمانیان كوتا، بەڵام بێسود بوو و كەس گوێی لێنەگرتن، بۆیە بە 11 كەسەوە لە رێكخراوی پاڵپشتی كفری و توێژەكانی دیكەی شارەكە، پێكەوە مانیانگرت و خێوەتیان هەڵدا، پێكەوەش خێوەتەكەیان پێچایەوە.

"پێشتر ناڕەزاییەكان قوربانی لێدەكەوتەوە.. ئێمە شێوازی خۆپیشاندانەكانمان گۆڕی و لەو 32 رۆژەدا رێگەمان نەدا هیچ كەس و لایەنێك داواكارییەكانمان بە لاڕێداببەن، سەرباری ئەوەی هەوڵیاندا" نورەدین عەبدلرەشید، وای وت.

قه‌زای كفری، كه‌ مێژوی دروستبونی لە شوێنی ئێستایدا بۆ نزیکەی دووسەد ساڵ لەمەوپێش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، یه‌كێكه‌ له‌ ‌شاره‌ مێژوییه‌كانی "ناوچه‌كانی جێناكۆك" بەڵام لەڕوی ئیدارییەوە سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستانە، كفری به‌ "شاری وه‌زیران" ناسێنراوه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌ر‌ده‌وام یه‌كێك له‌ وه‌زیره‌كانی حكومه‌ته‌ یه‌كله‌دواییه‌كه‌كانی عیراق له‌ رابردودا خه‌ڵكی ئه‌م شاره‌ بووە.

كفری شارێکی بچوکە دەکەوێتە لای رۆژئاوای لوتکەی باوەشاسوار، درێژبونەوەی ئەو زنجیرە چیایەیە کە لە کەرکوکەوە دەستپێدەکات به‌دوری 120كم له‌ باشوری خۆرھەڵاتی کەرکوك، هەروه‌ها باشورەکەی جیادەبێتەوە لە پارێزگای دیالە بەھۆی زنجیرە چیای حەمرین.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT