خاوەنەكانیان سەدان ملیۆن دینار زیان دەكەن
حكومەت لەسەر روخاندنی حەوزەكانی ماسی لە داقوق یەكدەنگ نییە

كەركوك/ 2022/ پرۆسەی بە تاڵكردنەوەی حەوزێكی ماسی لە داقوق فۆتۆ: محەمەد ئەڵماس

محەمەد ئەڵماس – كەركوك

ئیدارەی كەركوك لەسەر روخاندنی حەوزەكانی ماسی لە داقوق یەكدەنگ نییە؛ فەرمانگەیەك بڕیاریداوە پرۆسەكە رابگرێت كە بەهۆیەوە سەدان ملیۆن دینار زیان بەر خاوەنەكانیان دەكەوێت، لە بەرانبەردا فەرمانگەیەكی دیكە سورە لەسەر روخاندنەكە و تەنیا مۆڵەتێكی كاتی بۆ ساغكردنەوەی ماسییەكان دادەنێت.

بەپێی بەدواداچونی پەیامنێری (كەركوك ناو)، نزیكەی دوو هەفتەیە پرۆسەی روخاندنی حەوزەكانی ماسی لە قەزای داقوق راگیراون، دوابەدوای ناڕەزایی خاوەنی حەوزەكان، كە تائێستاش نازانن چارەنوسی پڕۆژەكانیان چی بەسەر دێت.

"زیاتر لە 150 هەزار ماسی لە حەوزەكانمدا هەیە، كە پێویستی بە چوار مانگ هەیە تا كێشیان بگات بە نزیكەی دوو كیلۆ و نیو، بۆیە ئەگەر تا مانگی (10- تشرینی یەكەمی ئەمساڵ) حەوزەكانم بڕوخێنرێن، ئەوا نزیكەی 50 ملیۆن دینار زیان دەكەم" عەباس محەمەد، خاوەنی سێ حەوزی بەخێوكردنی ماسی لە داقوق بۆ (كەركوك ناو) وای وت.

زیاتر لە 150 هەزار ماسی لە حەوزەكانمدا هەیە، كە پێویستی بە چوار مانگ هەیە تا كێشیان بگات بە نزیكەی دوو كیلۆ و نیو

نرخی یەك كیلۆ ماسی داقوق لە بازاڕەكاندا زیاتر لە شەش هەزار دینارە، بەڵام لە مانگەكانی رابردودا ژمارەیەك لە خاوەنی حەوزەكانی ماسی بەهۆی بڕیاری روخاندنی حەوزەكانیانەوە، بە ناچاری ماسییەكانیان هەرزانفرۆش كرد و كیلۆیان بە كەمتر لە سێ هەزار دینار فرۆشت، بەشێكیشیان بەهۆی گەورەنەبونی ماسییەكانیانەوە نەیانتوانی لە بازاڕدا ساغی بكەنەوە.

بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی كەركوك، لە نوسراوێكدا بە واژۆی زوهێر عەلی، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی پارێزگاكە لە 28ـی ئابی 2023 كە ئاڕاستەی هەموو بەش و یەكە كشتوكاڵییەكان كراوە و كۆپییەكی دەست (كەركوك ناو) كەوتووە، بڕیاریداوە بە راگرتنی روخاندنی حەوزەكانی ماسی كە پشت بە ئاوی بیر دەبەستن، ئەوەش پاڵپشت بە دوو نوسراو كە یەكێكیان وەزارەتی كشتوكاڵ لە 8ـی ئاب دەریكردووە.

لەو نوسراوەدا هیچ ئاماژەیەكی تێدا نییە كە راگرتنی روخاندنی حەوزەكانی ماسی كاتییە و جارێكیتر دەستپێدەكاتەوە.

ڤیدیۆ: ناڕەزایی خاوەنی حەوزە ماسییەكانی داقوق، دژی بڕیارێكی حكومەت بۆ روخاندنی حەوزەكانیان. 16ی ئاب

بەڵام هەر رۆژێك دوای ئەو بڕیارەی كشتوكاڵ، بەڕێوەبەرایەتی سەرچاوەكانی ئاوی كەركوك، لە نوسراوێكدا بە واژۆی زەكی كەریم، بەڕێوەبەری سەرچاوەكانی ئاو لە پارێزگاكە، كە كۆپییەكی دەست (كەركوك ناو) كەوتووە و لە 29ـی ئابی 2023 ئاڕاستەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان كراوە، تیایدا جەخت لە روخاندنی حەوزەكانی ماسی كراوەتەوە و دوو وادەی جیاوازیش دانراوە.

لە نوسراوەكەدا هاتووە؛ ئەو حەوزە ماسییانەی لەسەر پرۆژەی ئاون و ئەوانەشی لەسەر بیری ئاون لە سنوری پڕۆژەی ئاوەكەدا، ئەوا تا 15ـی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ مۆڵەتیان پێدەدرێت ماسییەكانیان ساغبكەنەوە و حەوزەكانیان دەڕوخێنرێت، ئەو وادەیەش جارێكیتر درێژ ناكرێتەوە.

هەر لە نوسراوەكەدا مۆڵەتی تا 31ـی كانونی یەكەمی 2023 دراوە بەو حەوزە ماسییانەی لە دەرەوەی سنوری پڕۆژەی ئاو و لەسەر ئاوی بیر دانراون، تا ماسییەكانیان ساغبكەنەوە و حەوزەكانیان بڕوخێنرێت.

عيماد رەحمەتوڵڵا، بەڕێوەبەری فەرمانگەی سەرچاوەكانى ئاوى داقوق بە (كەركوك ناو)ـی وت "بڕیاری روخاندنی حەوزەكانی ماسی هەڵنەوەشێنراوەتەوە و بەردەوامە"، ئاماژەی بەوەشدا تەنیا مۆڵەتێكی كاتی، تا مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ بە خاوەنی حەوزەكان دراوە تا ماسییەكانیان ساغبكەنەوە.

بڕیاری روخاندنی حەوزەكانی ماسی هەڵنەوەشێنراوەتەوە و بەردەوامە

"تەواوی خاوەنی حەوزەكان ئاگاداركراونەتەوە كە حەوزەكان دەڕوخێندرێت، بۆیە چیتر ماسی نەكەنە حەوزەكانیانەوە بۆ بەخێوكردن، بەڵام هەندێكیان پابەندنەبون و ئێستا دوامۆڵەتیان پێدراوە" بەوتەی رەحمەتوڵڵا.

هەڵمەتی تێكدان و تەختكردنی حەوزەكانی ماسی لەسەر پرۆژەی ئاوی داقوق چەند مانگێكە دەستیپێكردووە، تائێستا 100 حەوزیان لەناوبردووە بە پاساوی كەمبونەوەی ئاو و لێكەوتەكانی گۆڕانكاری كەشوهەوا، روخاندنەكە ئەو حەوزانەی ماسی-ـیش دەگرێتەوە كە پشت بە بیری ئاو دەبەستن.

شێرزاد نەوزاد، دوو حەوزی بەخێوكردنی ماسی هەیە لە داقوق كە هەر یەكێكیان پێنج هەزار ماسی تێدایە، "ئەگەر پەلەبكەن و ناچاربم ئێستا بیانفرۆشم، ئەوا نزیكەی 20 ملیۆن دینار لە هەر حەوزێكیان زیان دەكەم، چونكە ئەگەر لە بازاڕ كیلۆی بە شەش هەزار دینار بێت لە كاتی ئاساییدا، ئێستا بە پەلەپەل كیلۆی ناگاتە سێ هەزار دینار".

ماسى داقوق، كە زۆرینەی لە شاری حلە -مەڵبەندی پارێزگای بابل-ـەوە هاوردەی كەركوك دەكرێن تا بەخێو بكرێن، خواستى بازاڕی لەسەرە و نرخی هەر كیلۆیەك لە ساڵی 2022ـدا گەیشتە 11 هەزار دیناری عیراقی، ئەوەش بەرزترین نرخ بوو لە 10 ساڵی رابردودا.

"ئێستاش نازانین بڕیاری روخاندنی حەوزەكان راگیراوە، یان تا مانگی 10 مۆڵەتە یاخود كۆتایی مانگی 12ـی ئەمساڵ" شێرزاد بۆ (كەركوك ناو) وای وت.

ژمارەی حەوزە ماسییەكانی داقوق (44كم لە ناوەندی شاری كەركوك) بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، نزیكبۆتەوە لە 3000 هەزار حەوز و بژێوی ژیانی هەزاران خێزانیان لەسەرە، كە زۆرینەيان پشت بە بیر و ئاوی ژێر زەوی دەبەستن، بەپێی ئامارەكانی فەرمانگەی سەرچاوە ئاوییەكانی قەزاكەش، تەنیا حەوت حەوزیان یاسایین و مۆڵەتیان هەیە.

لەڕێی (كەركوك ناو)ـەوە زیاد لە جارێك خاوەنی حەوزەكانی ماسی داوایان لە حكومەت كردووە هاوكارییان بكات و لە بڕیاری تێكدانی حەوزەكانیان پاشگەزببێتەوە و پێشتریش چەندیجار گردبونەوەی ناڕەزاییان هەبووە، دوایینیان لە 16ـی ئابدا بوو، كاتێك رێگەیان نەدا شۆفڵ و حەفارە حەوزەكانیان بڕوخێنێت، كە ئەوكات هەریەك لە شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عیراق و ديلان غەفور، پەرلەمانتاری عیراق لە دوو پۆستی فەیسبوكدا "راگرتنی كاتی روخاندنەكە"ـیان وەك دەسكەوتی خۆیان بڵاوكردەوە.

بڕیاری تێكدان و لەناوبردنی حەوزەكانی ماسی؛ لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقەوە دەركراوە بۆ چەندین پارێزگا لە نێویاندا كەركوك، بەڵام چەندجارێك وادەی جێبەجێكردنی دواخراوە، ئەو بڕیارە لەچوارچێوەی ئەو رێكارانەدایە كشتوكاڵ و سەرچاوەكانى ئاو بە هەماهەنگی لەگەڵ ژوری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی سوپا دەیگرنەبەر، بۆ نەهێشتنی حەوزی بێ مۆڵەت و بەهۆی "كەمئاوی و بێ بارانی"ـیەوەیە، جگە لە بەكارهێنانی وزەی كارەبا و ئاوی ژێرزەوی.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT