سێ شانۆكار بە بڕیاری دادگا دەستبەسەركران و گروپەكەیان سڕكراوە

هەرسێ شانۆكار لە راستەوە: محەمەد عەلی، شكۆ عومەر و عومەر عەبدوڵا

كەركوك ناو

بە بریاری دادگایەكی گەرمیان سێ شانۆكار بۆ ماوەی 24 كاتژمێر دەستبەسەركران، ئەوەش لەسەر نمایشكردنی شانۆیەك كە مێژووەكەی بۆ سێ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. شانۆكە لە دەقێكی شیعری شاعیر قوباد جەلیزادە وەریگراوە بە ناونیشانی "وەرە با ببین بە سەگ". بەڵام هەندێك گۆڕانكاریی لە دەقەكەیدا كراوە.

شانۆكە بۆ یەكەمجار لە چالاكی وەرزی شانۆ لە گەرمیان و لە شوباتی 2020دا نمایشكرا، ئەوەش بە رێپێدانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیریی و هونەری گەرمیان. بەڵام دوای ناڕەزایی یەكێتی زانایان، گروپەكە (گروپی ئەستێرەكان) لەلایەن هەمان بەڕێوەبەرایەتییەوە سڕكرا.

سێشەممە 26ی ئەیلول سێ شانۆكارەكە بە بڕیاری دادوەر دەستبەسەركران و دوای 24 كاتژمێر ئازادكران.

بیرۆكەی شانۆكە لە دەقێكی شیعری شاعیر قوباد جەلیزادە وەرگیراوە، تیایدا رەخنە لە بارودۆخی خراپی مرۆڤی كورد دەگرێت لەسەردەمی ئێستا و لەژێر سایەی دەسەڵاتی خۆماڵی كوردی.

عومەر عەبدوڵا (دەرهێنەر)، شكۆ عومەر - پێداچونەوەی بۆ دەقەكە كردووە-، لەگەڵ محەمەد عەلی، ئەكتەری شانۆكە لە گرتوخانەی گرتن و گواستنەوەی كەلار دەستبەسەركران، بەپێی وتەی مەهدی رەزا، هاوڕێی شكۆ عومەر.

مەهدی وتی "لە زیندان سەردانمان كردن، بە ڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵدا كراوە و دۆخیان باش بوو، داوای كتێبیان كرد و بۆمان بردن".

وتیشی "یەكێتی زانایانی بەبیانوی ئەوەی ئەوان لە شانۆكەدا ناوی پیاوانی ئایینی-یان زڕاندووە سكاڵایان تۆماركردووە، تائێستا چەندجارێك دانیشتنی دادگا بووە و دوێنێ سێشەممە دادوەر لەسەر مافی گشتی بڕیاری دەستبەسەركردنی بۆ دەركردون".

یەكێتی زانایانی بەبیانوی ئەوەی ئەوان لە شانۆكەدا ناوی پیاوانی ئایینی-یان زڕاندووە سكاڵایان تۆماركردووە

یەكێتیی زانایانیی ئایینی لە 24ی شوبات – دوو رۆژ دوای نمایشەكە-، نامەیەكی ناڕەزایی لەسەر نمایشكردنی ئەو شانۆیە ئاراستەی وەزیری رۆشنیبریی و لاوان كردووە و لە بەشێكیدا دەڵێت "زۆرترین سوكایەتیی و قسەی بێ رێز بەرامبەر بە مینبەر و مزگەوت و مامۆستایانی ئایینی كرا، بێڕێزییەكی زۆریش بەرامبەر بە ئەحكامە شەرعییەكانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام".

یەكێتیی زانایان لەگەڵ ئیدانەكردنی نمایشكردنی ئەو شانۆیە، داوا لە وەزیری رۆشنیبری دەكات لێپێچینەوەیان بەرامبەر بكات.

هاوكات بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری گەرمیان، گروپەكەی بۆ ساڵێك سڕكردو لە راگەیەنراوێكدا لە هەمان رۆژ دەڵێت "هەر گروپێك و كەسێك سوكایەتی بە پیرۆزییەكانی هاوڵاتیان بكات هەمان ئیجرائاتی بەرامبەر دەكرێت و لە حاڵەتی دوبارەكردنەوەیدا ئیجرائات توندتر دەكەین".

بەڵام وەزیری رۆشنبیریی و لاوانی حكومەتی هەرێم، سڕكردنی گروپەكە و فەرمانەكەی بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری گەرمیانی راگرت، تاوەكو لیژنەیەكی پسپۆڕ بابەتەكە یەكلاییدەكاتەوە. ئەوەش دوای دروستبونی ناڕەزایی دژی سڕكردنی چالاكییەكانی گروپەكە.

شكۆ عومەر، كە پێداچونەوەی بۆ دەقی شانۆكە كردووە، خەڵكی كەركوكە و بەشی شانۆی تەواو كردووە، ماوەیەكیش لە بواری راگەیاندندا كاری كردووە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT