(كەركوك ناو) وردەكاری دەستلەكاركێشانەوەی نەجم جبوری بڵاودەكاتەوە

نەجم جبوری، پارێزگاری دەستلەكاركێشاوەی نەینەوا (2019 - 2023) فۆتۆ: پەیجی ناوبراو لە فەیسبوك

عەمار عەزیز – نەینەوا

نەجم جبوری، پارێزگاری دەستلەكاركێشاوەی نەینەوا هەوڵیداوە لە رێكارەكانی لێپرسینەوە و دادپەروەری دوربخرێتەوە، دوای تۆمەتباركردنی بە "ئەندامێتی حزبی بەعس"، كاتێك لە ریزەكانی سوپای عیراقیدا بووە.

دوای چوار ساڵ لە پۆستی پارێزگاری نەینەوا، یەكشەممە 26ـی تشرینی دوەمی 2023 نەجم عه‌بدوڵا جبوری، لە فەیسبوكی خۆی نامەیەكی دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەش بە سەرۆك وەزیرانی عیراق كرد و دوای نیو كاتژمێر محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران هەر لە فەیسبوكەوە قبوڵكردنی دەستلەكاركێشانەوەكەی بڵاوكردەوە.

شیروان دوبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عیراق لە پشكی نەینەوا بە (كەركوك ناو)ـی وت "نەجم جبوری خۆی وازیهێناوە لە پۆستی پارێزگار و پێشكەشی سەرۆك وەزیرانی عیراقی كردووە و سەرۆك وەزیرانیش پەسەندی كردووە"، ئاشكراشیكرد عەبدولقادر دەخیل، وەك پارێزگاری بە وەكالەت دەستبەكاردەبێت.

لە نامەی دەستلەكاركێشانەوەكەیدا، جبوری جگە لە باسكردنی هەوڵەكانی وەك پارێزگاری نەینەوا و سوپاسكردنی سەرۆك وەزیران، نوسیویەتی "ئێمە لەسەر رێزگرتن و پاپەندبون بە یاسا پەروەردە كراوین، بەهۆی تەواوكردنی رێكارەكانی لابردنی ریشەكێشكردن لەسەر من و دەنگنەدانی ئەنجومەنی نوێنەران، داواكارم دەستلەكاركێشانەوەم پەسەند بكەن".

عەبدولقادر دەخیل، وەك پارێزگار بە وەكالەت دەستبەكاردەبێت

لە بەرانبەردا محەمەد شیاع سودانی، لە پەیامێكدا كە نوسینگەكەی بڵاویكردۆتەوە، وێڕای سوپاسكردنی جبوری، نوسیویەتی "جبوری دەستیلەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەشكردووە دوای ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەران ئەو راسپاردەیەی رەتكردەوە كە ئەنجومەنی وەزیران لە17ی تشرینی یەكەمی رابردوو پەسەندیكردبوو سەبارەت بە بەدەركردنی لەرێوشوێنەكانی لێپرسێنەوەی و دادپەروەری".

ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، لە ناوەڕاستی تشرینی یەكەمی ئەمساڵدا، لەسەر خواستی وەزیری بەرگری، راسپاردەیەكی رەوانەی پەرلەمان كردووە تا رەزامەندی لەسەر داواكاری هەریەك لە نەجم جبوری و حەمەد نامس جبوری نیشانبدەن، بۆ بەدەركردنیان لە رێكارەكانی لێپرسینەوە و دادپەروەری، پاڵپشت بە ماددەی 12 لە یاسای دەستەی نیشتمانیی بۆ لێپرسینەوە و دادپەروەری.

بەپێی ماددەی 12 لە یاسای دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری ژمارە 10ـی ساڵی 2008 "ئەنجومەنی وەزیران مافی چاوپێداخشانەوەی هەیە لە حاڵەتە تایبەتەكان بۆ گەڕانەوەی ئەو كەسانەی ئەم یاسایە دەیانگرێتەوە بۆ كارەكەیان بەپێی بەرژەوەندی گشتی لەسەر داوای وەزیری پەیوەندیدار و بەهەماهەنگی لەگەڵ دەستەكە و وەرگرتنی بڕیاری گونجاو لەبارەیانەوە، بڕیارەكە بەبێ پەسەندكردنی لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە كاری پێناكرێت".

بەپێی نوسراوێكی ئەو دەستەیە كە میدیا عیراقییەكان لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا بڵاویانكردۆتەوە و دزەی پێكراوە، دەستەكە سورە لەسەر تۆمەتەكانی دژی هەریەك لە نەجم جبوری و نامس جبوری، بەوەی "ئەندامی حزبی بەعس بون".

daxil w jbwri
لە دەستەراستەوە: عەبدولقادر دەخیل، محەمەد شیاع سودانی و نەجم جبوری فۆتۆ: پەیجی دەخیل لە فەیسبوك

فەریق روكن حەمەد نامس جبوری تا ساڵی 2020 لە پۆستی فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای نەینەوادا بوو.

یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەری بۆ ریشەكێشكردنی ئەندامانی حزبی بەعسی هەڵوەشاوەیە لەناو دامودەزگا ئەمنیی و ئیدارییەكانی حكومەتی عیراقی.

نەجم جبوری بەتۆمەتی "ئەندامێتی حزبی بەعس" داواكراوە لێكۆڵینەوەی لەگەڵ بكرێت و لەو پۆستە دوربخرێتەوە، كە چوار ساڵ لەمەوبەر، لە 24ـی تشرینی دوەمی 2019 بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بۆ پۆستی پارێزگار هەڵبژێردرا لە جێی مەنسور مەرعید.

جبوری فه‌ریقی خانه‌نشینه‌ و له‌ دایكبوی 1956ـی نه‌ینه‌وایه‌، لە ساڵی 1979ـەوە چه‌ندین پلە و لێپرسراوێتی ئه‌منی و سه‌ربازی هه‌بووه‌، پێش وەرگرتنی پۆستی پارێزگار فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی پارێزگاكە بوو.

دوبەردانی پێیوایە وازهێنانی جبوری "پرسێکی سیاسییە و لە مێژە هەوڵی لابردنی دەدرێت"، هۆكارەكەش ئەوەیە وەك ئەو پەرلەمانتارە باسیكرد "ناوبراو لەسەردەمی رژێمی بەعس قائید فرقەی سەربازی بووە".

هەروەها باسی لەوەكرد تا هەڵبژاردنی داهاتوو عەبدولقادر دەخیل لە پۆستی پارێزگاری نەینەوا بەردەوام دەبێت، دەخیل، پارێزەرە و بەڕێوەبەری جێبەجێكردنە لە لیژنەی ئاوەدانكردنەوەی نەینەوا.

لە مێژە هەوڵی لابردنی نەجم جبوری دەدرێت

بڕیارە لە 18ـی كانونی یەكەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق بەڕێوەبچێت كە دەبنە بنەمای پێكهێنانی حكومەتە خۆجێییەكان، لە نێویاندا هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ.

رەفعەت سمۆ، جێگری پارێزگاری نەینەوا بە (كەركوك ناو)ـی وت "نەجم جبوری لە بەغدایە و کاری ئەو وەکو پارێزگار تەواوبووە، بۆیە لە شوێنەکەی کەسێکی تر بەوەکالەت دەستبەکاردەبێت، كە ئەویش عەبدولقادر دەخیل-ـە، تا هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگا دەمێنێتەوە".

لە ساڵی 2013 و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەواوە تائێستا، دەخیل دەبێتە پێنجەم پارێزگار لەو پۆستەدا دەستبەكاربووە، كە سەرەتا ئەسیل نوجەیفی بوو تا دوای هێرشەكانی داعش لە 2014، پاشان نەوفڵ حەمادی سوڵتان دەستبەكاربوو تا ئاداری 2019 پەرلەمانی عیراق دوریخستەوە، دواتر مەنسور مەرعید تا تشرینی دوەمی هەمان ساڵ لەو پۆستەدا مایەوە تا هەڵبژاردنی نەجم جبوری.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT