170 خوێندكاری قوتابخانەیەك لە یەك رۆژدا دەردەكرێن

دهۆك/ 2019/ ژماره‌یه‌ك منداڵی ئاواره‌ی كه‌مپی مام ره‌شان دوای گه‌ڕانه‌وه‌ له‌ خوێندنگه‌ فۆتۆ: كەركوك ناو

عەمار عەزیز – نەینەوا

170 خوێندكاری سەرەتایی لە قوتابخانەیەكی ئاوارەیی دەردەكرێن، ئەوەش بە یەك فەرمانی بەڕێوەبەر و لە یەك رۆژدا بووە، بە پاساوی "ئاژاوەگێڕی".

چەند رۆژێك لەمەوبەر، بەڕێوەبەری خوێندنگەی سەرەتایی كەمپی ئاوارەكانی خانكێ لە دهۆك، تەواوی خوێندكارانی پۆلەكانی پێنجەم و شەشەم وەكو "سزادانێك" دەردەكات، كە لە چوار پۆل و 170 خوێندكار پێكدێن.

هودا خالد مەرکوز، بەڕێوەبەری نوێنەرایەتی پەروەردەی موسڵ لە دهۆك –سەرپەرشتی قوتابخانەكانی ئاوارەی نەینەوا دەكەن- بە (كەركوك ناو)ـی وت "راستە، بەڕێوەبەرەكە 170 خوێندكاری دەركردووە لە رۆژێكدا، بەڵام فەسڵی نەكردون، بەڵكو پێیوتون بۆ رۆژی دواتر باوك یان یەكێك لە كەسوكاریان بهێنن بۆ قوتابخانە و ئەوكات بگەڕێنەوە".

ئەو قوتابخانەیە سەر بە خوێندنی عەرەبییە، لە پۆلی یەك تا شەشی سەرەتایی تێدایە، ژمارەی خوێندكارەكانی 947 خوێندكارن و زیاتر لە 22 مامۆستای هەیە، بە وانەبێژانیشەوە.

"هەموو خوێندكارانی دوو پۆلی پێنج و دوو پۆلی شەشی قوتابخانەكە رۆژی 29ـی تشرینی دوەم دەركرابون، بەڕێوەبەر پێیوتون ئێوە بە كەڵكی خوێندن نایەن، بۆیە بۆ ماوەی یەك رۆژ فەسڵی كردون تا دواتر لەگەڵ كەسوكاریان بگەڕێنەوە بۆ قوتابخانە" بەوتەی پیر سوفیان خێری، دانیشتووی کەمپی خانکێ و مامی یەكێك لە خوێندكارە دەركراوەكان.

ئەو دەڵێت وەكو "گوێبیستی ئەوە بوین، چەند خوێندكارێك شەڕ و ئاژاوەیان هەبووە، لە بەرانبەردا بەڕێوەبەرەكە هەموو خوێندكارەكانی پۆلەكانی پێنج و شەشی ناردۆتە ماڵەوە".

كەسێكی دیكە بەكاتی لە شوێنی بەڕێوەبەری قوتابخانەكە دانراوە

(كەركوك ناو) هەوڵیدا لێدوانی بەڕێوەبەری قوتابخانەكە وەربگرێت، بەڵام هەوڵەكان بێ ئاكام بون.

كەمپی خانكێ لە قەزای سێمێل-ـە، زیاتر لە 14 هەزار ئاوارەی تێدایە كە زۆرینە خەڵكی نەینەوا و لە پێكهاتەی ئێزیدین، بەپێی ئامارە رەسمییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

پیر عەلو کەچەڵ، بەرێوەبەری کەمپی خانکێ بە (كەركوك ناو)ـی وت "لە نزیکەوە ئاگاداری روداوەكەی قوتابخانە بوین، لە راستیدا سەرەتای كێشەكە خەتای چەند خوێندكارێك بوو، كە كێشەیان ناوەتەوە و بەڕێوەبەرەكەش هەڵەی كردووە بە دەركردنی ئەو هەموو خوێندكارە، دەبوو تەنیا ئەوانە دەربكات كە كێشەكەیان دروستكردووە".

لیژنەیەكی چوار كەسی لە نوێنەرایەتی پەروەردەی موسڵ بۆ لێكۆڵینەوە لە روداوەكە پێكهێنراوە.

بەڕێوەبەری ئەو نوێنەرایەتییە وتی "كێشەی ئەو قوتابخانەیە و خوێندكارە دەركراوەكان چارەسەر كرا، دوابەدوای كاری لیژنەی لێكۆڵینەوە، كەسێكی دیكە بەكاتی لە شوێنی بەڕێوەبەری قوتابخانەكە دانراوە، تا بەڕێوەبەرێكی نوێ دیاریدەكرێت".

لە هەرێمی كوردستان زیاتر  600  هەزار ئاوارە هەن؛ كە بەشێك لە 26 كەمپدا دەمێننەوە و 16 كەمپیان دەكەوێتە پارێزگای دهۆكەوە، كە هەزاران خوێندكاریان هەیە و لە قوتابخانەكانی سەر بە هەردوو خوێندنی عەرەبی و كوردی پەروەردەی نەینەوا دەخوێنن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT