دوكەڵی خاشاكی شنگال 10 گوند هەراسان دەكات

شنگال/ كانونی دووەمی 2024/ چەند وێنەیەكی بڵاوبونەوەی دوكەڵی سوتاندنی خۆڵ و خاشاك لە سنوری شنگال. فۆتۆ: كەركوك ناو

عەمار عەزیز

شارەوانی شنگال بە دوری 10كم لە ناوەندی شارەكە زبڵ و خاشاكی كۆكراوە فڕێدەدات، ئەوەش دانیشتووانی 10 گوندی هەراسانكردووە، بەهۆی بڵاوبونەوەی دوكەڵ و بۆنی سوتانی خاشاكە.

ئەو گوندانە دەكەونە خۆرئاوای شنگال و چەند ساڵێكە داوای چارەسەركردنی ئەو كێشەیە دەكەن، هیچ ئاسۆیەكیش نییە بۆیان چارەسەر بكرێت.

كەمال سەعدو، دانیشتوی گوندی وەردییە لە خۆرئاوای قەزاكە، وتی "شارەوانی شنگال زبڵ و خاشاك بەدوری 2كم لە گوندەكەی ئێمە فڕێدەدات، خەڵكانێك دێن دەیسوتێنن و دوكەڵ و بۆنە ناخۆشەكەی بۆ ئێمەیە و لەم ناوچەیە بڵاودەبێتەوە".

"بۆنەكەی هەراسانی كردوین، منداڵ و بەتەمەنەكان ئەوانەی نەخۆشی تەنگە نەفەسییان هەیە كێشەیان بۆ دروستبووە، پێویستە شارەوانی، چارەسەرێك بدۆزێتەوە، لەوانەش زبڵ و خاشاكەكە بكاتە ژێر زەوییەوە بۆ ئەوەی نەسوتێت و بۆنەكەی بڵاونەبێتەوە".

رەنا حەسەن، جێگری بەڕێوەبەری شارەوانی شنگال، دەڵێت كاتێك ئەوان زبڵ و خاشاك كۆدەكەنەوە و لە دەرەوەی شار فڕێی دەدەن، سەرەتا نایكەنە ژێر خاكەوە و دایناپۆشن، بەڵام هەفتەیەك یان دوو هەفتە دواتر دەچن دەیكەنە ژێر خاكەوە.

"هیچ كارگەیەكی ریسایكلینی زبڵ و خاشاكمان نییە، ناچارین هەموی ژێر خۆڵ دەكەین... بەڵام هەندێك كەس پێش ئەوەی خاشاكەكە ژێر خۆڵ بكەین، دەچن دەیسوتێنن ئەوەش دەبێتەهۆی بڵاوبونەوەی دوكەڵ و بۆنێكی ناخۆش بۆ گوندەكان"، رەنا حەسەن وایوت.

هیچ كارگەیەكی ریسایكلینی زبڵ و خاشاكمان نییە، ناچارین هەموی ژێر خۆڵ دەكەین

شارەوانی جگە لەو رێكارە تەقلیدییانە بۆ لەناوبردنی خۆڵ و خاشاك، پێناچێت هیچ رێكارێكی تری هەبێت.

 بە وتەی رەنا، چەند رۆژێك لەمەوبەر دوای ئاگاداركردنەوەی پۆلیس، رێكاری یاساییان بەرامبەر ژمارەیەك كەس گرتۆتەبەر كە خۆڵ و خاشاكی فڕێدراویان سوتاندووە. ئەوەی وەك رێكارێك بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئەو گوندانە ناوبرد.

بەڵام سەرچاوەیەكی تایبەت لە پۆلیسی شنگال، بۆ (كەركوك ناو) وتی كە تائێستا هیچ كەسێك لەسەر بابەتی سوتاندنی زبڵ و خاشاك دەستگیرنەكراوە و جەختیكردەوە "هیچ كەس و لایەنێك داوای لە ئێمە نەكردووە لەسەر پرسی سوتاندنی خاشاك رێكاری یاسایی بگرینەبەر".

ماهر خەلەف، رۆژنامەنوس، ماڵی لە گەڕەكی نەسرە لە شنگال بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو زبڵ و خاشاكەی شارەوانی شنگال كۆیدەكاتەوە و دواتر فڕێیدەدات، جاری وا هەیە مانگێكی پێدەچێت تا ژێر خاكی دەكەن و دایدەپۆشن، بەڵام پێویستە رۆژانە بخرێتە ژێر خاكەوە بۆ ئەوەی نەسوتێنرێت".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT