ئەو شۆفێرەی پۆلیسەكەی بە "ئەنقەست" شێلا دادگایی دەكرێت

كەركوك/ 20ی كانونی دووەمی 2024/ دەستگیركردنی شۆفێرێك دوای ئەوەی بە "ئەنقەست" پۆلیسێكی هاتوچۆی شێلا و برینداری كرد. فۆتۆ: راگەیاندنی پۆلیس

كەركوك ناو

پۆلیسی كەركوك ئەو شۆفێرە دەداتە دادگا كە بە "ئەنقەست" پۆلیسێكی هاتوچۆی لەكاتی ئەركدا شێلا و برینداری كرد.

شۆفێرەكە كە بەپێی لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس ئۆتۆمبێلەكەی بە نایاسایی لە نزیك نەخۆشخانەی نەسر لە ناوەندی كەركوك راگرتبوو، ئامادەنەبووە بڕیارەكانی پۆلیسەكە "جێبەجێ بكات و گوێی بۆ بگرێت"، بۆیە دواتر "بەئەنقەست" پۆلیسەكەی هاتوچۆی شێلاوە و هەڵهاتووە.

روداوەكە شەوی رابردوو 20ی كانونی دووەم رویداو پۆلیسەكە بە مەبەستی چارەسەر گەیەنرایە نەخۆشخانە.

عەمید كاوە غەریب، بەڕێوەبەری پۆلیسی كەركوك، هەر شەوی رابردوو سەردانی پۆلیسەكەی كرد لە نەخۆشخانە و لە راگەیەنراوێكدا جەختیكردەوە "خۆم راستەوخۆ سەرپەرشتی لێکۆڵینەوە لەو روداوە دەكەم".

وتیشی "پۆلیسەكە لەكاتی جێبەجێكردنی ئەركدا بە ئۆتۆمبێل شێلدراوە... شۆفێرەكە ئۆتۆمبێلەکەی لە شوێنێکی نەشیاو راگرتووە و هەڵاتووە".

بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکوک، تیمێكی لەژێر چاودێری خۆی پێكهێنا و بەڵێنیدا بە دەستگیركردنی شۆفێرەكە و بردنی بۆ بەردەم دادگا.

كاتژمێرێك دوای ئەو راگەیەنراوە، فەرماندەیی پۆلیسی كەركوك لە راگەیەنراوێكی تردا دەستگیركردنی شۆفێرە تۆمەتبارەكەی راگەیاند و دەستی بەسەر ئۆتۆمبێلەكەیدا گرت.

"بەڵێن بە هاوڵاتیان دەدەین، تاوانباران بدەینە دادگا و ئەو كەسەی تریش دەستگیربكەین كە هاوەڵی شۆفێركە بوو".

بڕیارە لە ئەمڕۆ یەكشەممە 21ی كانونی دووەمەوە، دۆسییەی تایبەت بە دادگایكردنی ئەو شۆفێری بكرێتەوە و بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، ئەگەر هەیە جگە لە پۆلیسەكە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆش سكاڵا تۆماربكەن.

policee-1-1
كەركوك/ 2022، بازگەیەكی كاتی هێزە ئەمنییەكانی عیراق لەناو شاری كەركوك. فۆتۆ: راگەیاندنی پۆلیسی كەركوك

بەپێی بڕگەی دووەم لە ماددەی 38ی یاسای هاتوچۆی ژمارە 8ی ساڵی 2019، هەركەسێك هێرشبكاتە سەر كارمەندی هاتوچۆ كە لەكاتی بەجێهێنانی ئەركەكەیدا بێت، ئەوا زیندانیدەكرێت كە لە ساڵێك زیاتر نەبێت. بەڵام ئەگەر بەو هۆیەوە برینداربێت و ئازاری پێبگات، یان جلە فەرمییەكانی بدڕێت، ئەوا سزاكەی توندتر دەبێت.

هەروەها بەپێی ماددەی 230ی یاسای سزادانی عیراقی، كە تایبەتە بە سوكایەتیكردن بە فەرمانبەرانی دەوڵەت لەکاتی ئەرکدا. ئەوا سزای شۆفێرەكە كەمتر لە سێ ساڵ زیندانیكردن دەبێت، یان غەرامەكردن.

ئەمە یەكەمجار نییە لەشاری كەركوك هێرشدەكرێتە سەر پۆلیس، لە 13ی ئابی 2022دا لە بازاڕی حەسیرەكەی كەركوك، دوای ئەوەی پۆلیسێكی هاتوچۆ داوای مۆڵەت و ساڵانەی ئۆتۆمبێل لە شۆفێرێك دەكات، كە ئۆتۆمبێلێكی جامڕەشی پێبووە، شۆفێرەكە ئامادەنەبووە بەڵگەنامەكانی پێبدات، بەو هۆیەوە بۆتە دەمەقاڵێیان و بە مۆبایلەكەی لەسەر پۆلیسەكەیداوە و برینداری كردووە.

شەوی 5ی ئایاری 2021یش ژمارەیەك ئەندام و پاسەوانانی بەرەی توركمانی عیراقی لە نێویاندا كوڕی یەكێك لە جێگرانی سەرۆكی بەرەی توركمانی، هێرشیانكردە سەر مەفرەزەیەكی پۆلیسی فریاكەوتن و لەكاتی ئەركدا سوكایەتییان پێكردن، دواتر دووان لەو پاسەوانانە دەستگیركران و درانە دادگا.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT