پێكهێنانی حكومەتی دیالە لە چاوەڕوانی عەشیرەتی بەنی تەمیم-ـدا

وێنەیەكی دەستكرایكراو: محەمەد جاسم و هادی عامری لە پشتیانەوە خۆپیشاندانی ناڕەزایی لەبەردەم ئەنجومەنی پارێزگای دیالە دەردەكەوێت

كەركوك ناو

فشاری عەشیرەتەكان و ناكۆكی سیاسی و دابەشبونی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە بەسەر دوو بەرەی تەواو دژ بەیەكدا، پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی دیالە دوادەخات و دۆخەكەش بەرەو چەقبەستوویی سیاسیی هەنگاودەنێت.

ئەوە هاوكاتە لەگەڵ هاتنە سەر شەقامی لایەنگرانی پارێزگاری ئێستای دیالە، كە لە خۆپیشاندانەكانیان لە بەعقوبە و بەلەدروز داوادەكەن پۆستەكە بۆ كەسایەتییەكی عەشیرەتی تەمیم و لەنێو ئەو عەشیرەتەشدا بۆ موسەننا عەلی مەهدی تەمیم بێت، كە بە 42 هەزارو 812 دەنگ، دەنگی یەكەمی پارێزگاكەی بەدەستهێنا لەدواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كە لە 18ی كانونی یەكەمی 2023 بەڕێوەچوو.

ئەم پێشهاتە نوێیانە دوای ئەوە هات كە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، لە یەكەم كۆبونەوەیدا لە 5ـی شوبات، دوای زیاتر لە چوار كاتژمێر دانیشتن  نەیانتوانی لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەن و جێگرەكەی رێكبكەون.

كێشەكە لەوەوە سەرچاوەی گرت كە هیچكام لەو دوو كاندیدەی پێشكەشكران (عومەر كروی، لە لیستی سیادە و نزار لهێبی، لە لیستی تەقەدوم) دەنگی پێویستیان بۆ بون بە سەرۆكی ئەنجومەن بەدەستنەهێنا و لە بەشی دووەمی دانیشتنەكەشدا نیسابی یاسایی بەهۆی ئەو كێشانەوە تەواونەكرد.

15 ئەندامەكەی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، لە ئێستادا بون بە دوو بەشەوە كە بە گروپی هەشت و حەوت ناسراون، هەردوو گروپەكە تێكەڵەیەكین لە لایەنە شیعی و سوننیەكان و دەیانەوێت زۆرترین پۆستە باڵاكانی حكومەتی خۆجێی دیالە بۆ خۆیان یەكلاییبكەنەوە.

xopeshandan diala
دیالە/ 16ی شوباتی 2024/ خۆپیشاندانی لایەنگری موسەننا تەمیمی، پارێزگاری دیالە. وێنەكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبۆتەوە

هادی عامری، ئەمینداری گشتی رێكخراوی بەدر، كە وەك بڕیاردەری گروپی هەشت دەردەكەوێت و لە سوننەكان حزبی تەقەدوم، عەزم و لە كوردیش یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانی لەگەڵە، لە نامەیەكیدا لە 15ی شوبات، محەمەد جاسم عومەیری كاندید كرد و داوای لە لایەن و كوتلە جیاوازەكان و ئەندامانی ئەنجومەنی ئەو پارێزگایە كرد دەنگی پێبدەن و پاڵپشتی بكەن.

عامری لەو نامەیەدا بە ناونیشانی بۆ "هەموو كوڕ و كچەكانم" لە ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، نوسویەتی؛ دیاریكردنی ئەو كاندیدە بۆ پۆستی پارێزگار، كە "گەنجێكی لێهاتوو و لە خێزانێكی بەڕێزی" پارێزگاكەیە، بەهۆی چەقبەستویی سیاسی و دابەشبونی ئەندامانی ئەنجومەنەوەیە و لە پێناو سەقامگیریی ئاسایشی دیالەدایە.

لەگەڵ ئەو نامەیەدا خۆپیشاندانی عەشیرەتی بەنی تەمیم، لە بەعقوبە - مەڵبەندی پارێزگای دیالە - قەزای بەلەدروز دەستیپێكرد، خۆپیشاندەران نزیكین لە موسەننا تەمیم، پارێزگاری ئێستای دیالە و خاوەنی زۆرترین دەنگی دواین هەڵبژاردن.

خۆپیشاندەران لە بەردەم بینای ئەنجومەن خێمەیان هەڵدا. بۆ داواكردن بۆ هەڵبژاردنەوەی موسەننا تەمیمی وەكو پارێزگار.

لەگەڵ خۆپیشاندانەكەدا، هادی عامری، دوای دوو رۆژ لە نامەی یەكەم و لە 17ـی شوبات نامەیەكی دیكەی ئاراستەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاكە كردووە و نوسیویەتی "زۆر بەداخەوە و تووشی شۆك بوین بە بابەتی یاسایی تەمەنی كاندید (پێویستە كاندیدی پۆستی پارێزگار 30 ساڵی تەواو كردبێت)، بۆیە كاندیدەكەمان محەمەد جاسم دەكشێنینەوە".

هەروەها دەڵێت پێیوابوە و هێشتا پێیوایە ئەو كاندیدە "باشترین چارەسەرە" بۆ چەقبەستویی سیاسی لە پارێزگاكە، چونكە كەسایەتییەكی "سەربەخۆیە" و پەیوەندی پتەوی لەگەڵ هەموو عەشیرەتەكاندا هەیە.

كاندیدەكەی عامری بۆ پۆستی پارێزگاری دیالە، كوڕی جاسم محەمەد عومەیری، سەرۆكی دادگای فیدراڵی عیراق بوو، بۆیە لە نامەی دوەمدا بڕگەیەكی تایبەتە بە سوپاس و دەستخۆشی لە سەرۆكی دادگای فیدراڵی و نوسیویەتی "دوای پێداگری زۆر، قایل بوو كوڕەكەی ببێت بە كاندید و ئەوەش بە یەك مەرج، كە كاندیدی یەكلاییكەرەوە و چارەسەری چەقبەستویی سیاسی بێت".

ئەمینداری رێكخراوی بەدر لە كۆتایی نامەكەیدا داوای لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا لە عەشیرەتی بەنی تەمیم كردووە "ناكۆكییەكانی نێوانتان یەكلاییبكەنەوە"، لە پێناو گەیاندنی پارێزگاكە بە كەناری ئارامی.

نامەی دووەمی عامری، نەبووەهۆی كۆتاییهێنان بە كەمپین و ناڕەزایی عەشیرەتی بەنی تەمیم و هێشتا دۆخەكە هێورنەبۆتەوە، بەڵام ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە لە عەشیرەتی بەنی تەمیم كە لە سێ ئەندام پێكدێن بەڵێنیاندا چەند كاندیدێكی تر پێشكەش بكەن بۆ پۆستی پارێزگار.

ئەوس ئیبراهیم، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە و لە گروپی هەشت، وتی "هێشتا موسەننا تەمیمی بەربژێری بەهێزە بۆ پارێزگاری دیالە، بەتایبەت لە دوای كشاندنەوەی محەمەد جاسم بەهۆی كەمی تەمەنی و كەمی ساڵانی خزمەتی وەك فەرمانبەر".

ئەوس وتی "هەوڵی سیاسی و عەشایەری هەیە كە موسەننا تەمیم بكرێتەوە پارێزگار، بەڵام هێشتا رون نییە، ئەو عەشیرەتە لەسەر چی رێكدەكەون".

بەنی تەمیم یەكێكە لە گەورەترین عەشیرەتە شیعییەكانی دیالە و سێ ئەندامیان لە ئەنجومەنی پارێزگای دیالەدا هەیە.

پێناچێت هیچ كۆبونەوەیەكی ئەنجومەن سەركەوتوو بێت، یان نیسابی یاسایی تەواوبكات، ئەگەر بەر لە كۆبونەوە رێككەوتن لەسەر پۆستەكاندا نەكرێت. هەروەك ئەوس ئیبراهیم وتی "جگە لە كۆبونەوەی یەكەم، سێ كۆبونەوەی دیكە كە بانگەشەی بۆ كرا، هیچ كامێكیان دانیشتنەكە نیسابی یاسایی تەواونەكرد".

جگە لە كۆبونەوەی یەكەم، سێ كۆبونەوەی دیكە كە بانگەشەی بۆ كرا، هیچ كامێكیان دانیشتنەكە نیسابی یاسایی تەواونەكرد

دیالە و كەركوك ئەو دوو پارێزگایەی عیراقن كە لە دوای تێپەڕبونی دوو مانگ بەسەر هەڵبژاردندا هێشتا نەتوانراوە حكومەتی خۆجێی پێكبهێنن.

"خۆپیشاندانەكان كاریگەرییان دەبێت لەسەر دیاریكردنی كاندیدی پارێزگار، بەتایبەت لە 17ی شوباتەوە عەشیرەتی بەنی تەمیم چونەتە بەردەم ئەنجومەنی پارێزگا و خێمەیان هەڵداوە"، ئەوس وایوت.

گروپی حەوت، كە لە لە لیستی سەیادە بە سەرۆكایەتی خەمیس خەنجەر، رەوتی حیكمەی عەمار حەكیم و عەسائیب ئەهلول حەقی غەز عەلی و لیستی ئیستحقاق دیالە پێكهاتون، 17ی شوبات داوایان لە هادی عامری كرد كاندیدی تر بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان بكات. بەو مەرجەی مەرجە یاسایی و لێهاتوویی و پیشەییەكانی تێدابێت، ئەوەش "لە پێناو چارەسەركردنی ئەو چەقبەستووییە سیاسییەی كە پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی دواخست لە دیالە و ئێمە یەكەم لایەن دەبین كە پشتگیری لێدەكەین"، بەپێی راگەیەنراوێكیان.

عەلی حەجیە، چالاكوانی مەدەنی و چاودێرێكی دۆخی هەڵبژاردنە لە دیالە، بە (كەركوك ناو)ی وت "هەردوو گروپی هەشت و حەوت تائێستا كەسیان ئامادەنین سازش بۆ یەكتر بكەن، تەنیا خاڵی یەكلاییكەرەوە ئەوەیە چوارچێوەی هەماهەنگی (شیعەكان) رێككەوتون ییكلاییكردنەوەی پۆستی پارێزگار بدرێتە دەست رێكخراوی بەدر و ناوێك دیاری بكەن".

"لە دیالە عەشیرەتەكان كاریگەرییان لەسەر ئەو پرسانە هەیە، رەنگە هەر ئەوانەش لەنێو خۆیاندا بەتایبەت عەشیرەتی بەنی تەمیم بتوانن كێشەكە یەكلاییبكەنەوە ئەوەش بە رێككەوتن و دیاریكردنی كەسێك بۆ پۆستی پارێزگار"، عەلی حەجییە وایوت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT