دەیان رزگاربوی ئێزیدی لە قەرەبووكردنەوە بێبەش دەبن

نەینەوا/ 2024/ ناڕەزایی ژمارەیەك لە رزگاربوانی ئێزیدی لە شنگال دژی بێبەشبونیان لە قەرەبووكردنەوە و پێدانی موچە فۆتۆ: لەیس حسێن

لەیس حسێن – نەینەوا

ژمارەیەك لە خانمانی رزگاربوی ئێزیدی، سەرباری راییكردنی مامەڵەی تایبەت بە قەرەبووكردنەوە و پێدانی موچە، بەڵام داواكارییەكانیان رەتكراوەتەوە.

بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، نزیكەی 200 رزگاربوی ئێزیدی لە ناوچەكانی جیاوازەكانی نەینەوا، ناتوانن لە رێكارەكانی یاسای رزگاربوان سودمەندبن، كە تایبەتە بە قەرەبوكردنەوە و پێدانی موچەی مانگانە و زەوی نیشتەجێبون، بە پاساوی ئەوەی كەموكوڕی لە بەڵگەنامەكانیاندا هەیە.

"تاكە یاسایە كە بۆ ئێمە دەركراوە كەچی هەموومان لە خۆ ناگرێت، من نزیكەی پێنج جار سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رزگاربوانم كرد و پارێزەریشم دابینكردووە، بەڵام هەر رەفزم بۆ دەگەڕێتەوە" زەریف رەشۆ، كچە رزگاربوی ئێزیدی وای وت.

كۆتایی مانگی رابردوو ژمارەیەك لە رزگاربوان دژی بێبەشكردنیان لە قەرەبووكردنەوە، گردبونەوەی ناڕەزاییان لە قەزای شنگال ئەنجامدا.

رەشۆ بە (كەركوك ناو)ـی وت "هەموو دۆکیۆمێنت و نووسراوێكی پێویستم هەیە، بەڵام هەر ڕەفز دەکرێت و چەندینجار گلەییمان گەیاندووە بە لایەنە پەیوەندیدارەکان بەڵام هەر ئەنجامی نییە".

بەپێی یاسای ژنانی رزگاربوی ئێزیدی كە ساڵی 2021ـدا پەسەندكرا، قه‌ره‌بوی دارایی و مه‌عنه‌وی خانمانی رفێنراو دەكرێتەوە، به‌ ئامانجی دابینكردنی ژیانێكی شایسته‌ و دوباره‌ تێكه‌ڵكردنه‌وه‌یان به‌ كۆمه‌ڵگە. لە نێویاندا پێدانی موچە، پارچه‌ زه‌وییەكی نیشته‌جێبون یان شوقه‌.

پێشتر ژمارەیەك لە رفێنراوان موچەیان بۆ بڕایەوە و زەوی نیشتەجێبونیش لەچوارچێوەی یاساكەدا تەرخانكراوە تا دابەشبكرێت.

هەر رزگاربویەكی ئێزیدی پێویستە لە دادگاكانی هەرێمی كوردستان و عیراق و نوسینگەی رزگاركردنى رفێنراوانی ئێزیدی سەر بە حكومەتی هەرێم ناوی وەك رزگاربوو تۆماركرابێت ئەوكات قەرەبوودەكرێتەوە.

417552919_372891082023654_4629682438901138136_n
نەینەوا/ 2024/ راوێژی یاسایی پێشكەش بە رزگاربوانی ئێزیدی دەكرێت فۆتۆ: رێكخراوی پەتریكۆر

شەهاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری کاروباری رزگاربوان لە قەزای شنگال بە (کەرکوك ناو)ـی وت ئاگاداری كێشەی رزگاربوان هەن، بەڵام ئەو بابەتە تەنیا لەدەستی ئەواندا نییە، بەڵكو لیژنەیەک لە دادوەران و بەڕێوەبەرایەتییەکە بەدواداچوون دەكەن و بڕیار لە سودمەندبوان دەدەن.

"ئەوانەی داواكارییان پێشكەشكردووە، دوای رەتكردنەوەی، دەتوانن تانە لە بڕیارەكە بدەن و ئێمەش گلەییەكانیان بە لیژنەكە دەگەیەنین" بە وتەی بەڕێوەبەری كاروباری رزگاربوان.

یاساكە تەنیا بۆ ئێزیدی نییە، بەڵكو هەموو كچان و ژنانی ئێزیدی، توركمان، كریستیان و شەبەك دەگرێتەوە، كە لەلایەن چەكدارانی "داعش"ـەوە رفێنراون و دواتر ئازاد بون یان لە هەڵمەتی كوشتنی ئەو رێكخراوەدا، رزگاریان بووە.

رەعەد نەواف، جێگری سەرۆکی رێکخراوی پەتریکۆری بۆ مافەكانی مرۆڤ بۆ (کەرکوك ناو) جەختیكردەوە هەوڵدەدەن هەموو رزگاربوان بەبێ جیاوازی لە یاساكە سودمەندبن، بۆ ئەوەش بەردەوام بەدواداچوون بۆ ئەو دۆسیەیانە دەكەن كە رەتدەكرێنەوە، بەڵام هێشتا هەوڵەكان ئەنجامی نەبووە.

ئەو رێكخراوە بێبەرانبەر راوێژی یاسایی پێشكەش بە رزگاربوان دەكات.

بەپێی ئامارێك كە دەست (كەركوك ناو) كەوتووە؛ تائێستا نزیكەی هەزار و 600 كەس لە رزگاربوانی ئێزیدی، توركمان، شەبەك و كریستیان لە قەرەبووكردنەوەی یاساكە سودمەند بون.

چەكدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە داعش" لە 10ـی حوزەیرانی 2014ـدا دەستیانگرت بەسەر شاری موسڵدا، لە 3ـی ئابی هەمان ساڵیشدا هێرشیانكردە سەر قەزای شنگال و شه‌ش هه‌زار و 417 هاوڵاتی ئێزیدییان رفاند، لەو ژمارەیە تائێستا زیاتر لە سێ هەزار و 500 كەس رزگاركراون.

بەپێی ئەو ئامارانەی پێشتر (كەركوك ناو) بڵاویكردۆتەوە؛ زیاتر لە هەزار و 300 رفێنراوی توركمانیش بە تایبەت لە قەزای تەلەعفەر هەن و تەنیا 48 كەسیان ئازادكراون، هەروەها 62 كریستیانی لە سەردەمی داعشدا بێسه‌روشوێن بوون، بەڵام هیچ ئامارێك دەربارەی رفێنراوانی شەبەك بەردەست نییە.

یاسای رزگاربوانی ئێزیدی، كە چەندین بڕگە و ماددەی دیكەی بۆ قەرەبووكردنەوەدا تێدایە، هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی لە پەرلەمان هەمواربكرێتەوە، بە ئامانجی فراوانكردنی و سودمەندبونی رزگاربوی زیاتر لە عیراق، بەڵام ئەوەش روبەڕوی دژایەتی بەشێك لە زرگاربوانی ئێزیدی بۆتەوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT