155 هەزار قوتابی لەبەردەم داخستنی خوێندنگەكانیان-ـدان

دهۆك/ 2023/ خوێندنگەیەكی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی نەینەوا لە دهۆك. فۆتۆ: پەیجی پەروەدەی شنگال لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك

عەمار عەزیز

حكومەتی عیراق بڕیاریداوە تەواوی نوێنەرایەتییەكانی خۆی لەوانەش پەروەردە لە هەرێمی كوردستان دابخات، بەوەش دەرگای خوێندن لە 155 هەزار قوتابی دادەخرێت.

نوێنەرایەتییەكانی وەزارەتی پەروەردەی عیراق، سەرپەرشتی ئەو خوێندنگایانە دەكەن كە دەیەیەكە تایبەت بۆ ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان كراونەتەوە و لە هەرسێ پارێزگاكەی هەرێم 155 هەزار خوێندكاریان هەیە.

بڕیارەكە لە یەكی ئاب-ی ئەمساڵ جێبەجێدەكرێت و بەشێكە لە هەوڵەكانی حكومەت بۆ ناچاركردنی ئاوارەكان بۆ گەڕانەوەیان بۆ شوێنی خۆیان، بەڵام نیگەرانی قوتابیان و كەسوكاریانی لێكەوتۆتەوە و بەو هۆیەوە لە 28ی شوبات لەبەردەم نوێنەرایەتیی پەروەردەی موسڵ لە دهۆك گردبونەوە.

ئەسعەد سلێمان، نوێنەرێكی خۆپیشاندەران، بە (كەركوك ناو)ی وت "بڕیارەكە ستەمێكی گەورەیە بەرامبەر بە ئاوارەكان، چونكە بەشێكی زۆریان ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، بۆیە داوادەكەین پێداچونەوەی پێدا بكرێت، ئەگەر بڕیارەكە جێبەجێبكرێت یان دەبێت واز لە خوێندن بهێنین یان دەبێت بەناچاری بگەڕێینەوە زێدی خۆمان".

"هێشتا ناوچەكەمان ئاوەداننەكراوەتەوە، دەیان كێشەی خزمەتگوزارییمان هەیە وەكو نەبونی كارەبا و ئاوی پێویست، بۆیە ناتوانین بگەڕێینەوە، ناچاركردنمان بۆ گەڕانەوە دژی پێوەرەكانی مافی مرۆڤە"، ئەسعەد كە خۆی خەڵكی شنگالە لە خۆرئاوای موسڵ وایوت.

ناچاركردنمان بۆ گەڕانەوە دژی پێوەرەكانی مافی مرۆڤە

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق، بڕیارە لە كۆتایی تەمموزی 2024ـدا كۆتایی بە ئەركەكانی لە كەمپی ئاوارەییدا بهێنێت، ئەوەش پاڵپشت بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە گەڕانەوەی ئاوارەكان كە چەندین رێكاری دیكەی تێدایە، لە نێویاندا زیادكردنی هاوكاری دارایی لە ملیۆنێك و 500 هەزار دینارەوە بۆ چوار ملیۆن دینار.

awarakani dhok
دهۆك/ 28ی شوباتی 2024/ خۆپیشاندانی خوێندكارانی ئاوارە لەبەردەم نوێنەرایەتی پەروەردەی نەینەوا لە دهۆك. فۆتۆ: كەركوك ناو

بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕیارەش، حكومەتی عیراق تەواوی نوێنەراتییەكانی تەندروستی و پەروەردە و نوێنەرایەتییەكانی تری لە پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی و دهۆك دادەخات.

خوێندن لە خوێندگەكانی سەر بە نوێنەرایەتییەكانی پەروەردە بە زمانی عەرەبییە و لە پارێزگای  هەولێر 69 هەزار قوتابی، لە سلێمانی 33 هەزار و لە پارێزگای دهۆكیش 53 هەزار قوتابی هەن، ئەوەش لە پۆلەكانی یەكی سەرەتاییەوە تا شەشی ئامادەیی.

پیر دیان جەعفەر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەران و وڵامدانەوەی قەیرانەكان سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ( كەركوك ناو)ی وت "بڕیارەكە بەدڵنیاییەوە زیان بەئاوارەكان دەگەیەنێت، لەوانەش بە خوێندكاران، لەڕاستیدا لەبەر كۆمەڵێك هۆكار هێشتا ئاوارەكان ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان".

بەڵام نایف سەیدۆ، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەپشكی پارێزگای نەینەوا، پشتگیری خۆی بۆ بڕیارەكە نیشانداوە و دەڵێت "بڕیارەكە هەموو نوێنەرایەتییەكان دەگرێتەوە... ئێمە سەركۆنەی ئەو كەس و لایەنانە دەكەین كە كێشە بۆ بڕیارەكە دروستدەكەن، قبوڵناكەین هیچ كەسێك دەستتێوەردان یاخود كێشە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان دروستبكات".

قبوڵناكەین هیچ كەسێك دەستتێوەردان یاخود كێشە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان دروستبكات

حكومەتی فیدراڵی كە هەموو كەمپەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆی (55 كەمپ) داخستووە، پێشتر زیاتر لە جارێك لەگەڵ لێپرسراوانی هەولێر دەربارەی گەڕانەوەی ئاوارەكان و داخستنی كەمپەكانی هەرێم تۆمەتی جیاوازیان روبەڕوی یەكتری كردۆتەوە.

لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 600 هەزار ئاوارە هەن؛ كە بەشێكی كەمیان لە 26 كەمپی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمدا دەژین و لەو ژمارەیە 16 كەمپی ئاوارە لە دهۆكە و 26 هەزار خێزانیان تێدایە و زۆرینەیان خەڵكی پارێزگای نەینەوان.

ئیڤان فائق، وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عیراق جەختیكردەوە گەڕانەوەی ئاوارەكان خۆبەخشانەیە، بەڵام كارەكانی ئەوان لە كۆتایی تەمموزەوە لە كەمپەكاندا كۆتاییدێت، لە توانایاندایە پێش ئەو وادەیە دۆسیەی ئاوارەیی دابخەن، چونكە نیشتەجێبوانی كەمپەكان لە بارودۆخێكی زۆر ناتەندروست و سەختدا دەژین، بەپێی راگەیاندنی ئەو وەزارەتە.

محەمەد جاسم، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجۆمەنی پارێزگای نەینەوا بە (كەركوك ناو)ی وت "ئاگاداری بڕیارەكەی حكومەتین، ئێمە هەرچەندە لەگەڵ گەڕانەوەی ئاوارەكانداین بۆ زێدی خۆیان، بەڵام پێمانوایە نابێت پەلەبكرێت لە گەڕانەوەیاندا، دەبێت بەر لەو وادەیە ئاوەدانی و خزمەتگوزارییان بۆ دابینبكرێت".

"لەبری ئەوەی بڵێین هەموو خوێندنگەكان دادەخەین، باشترە بڵێین خوێندنگەكان كەمدەكەینەوە، ئەوەش بەپێی ئەو ئاوارانەی ماونەتەوە، دواتر وردە وردە بەپلان هەمویان دابخرێن". محەمەد جاسم زیاتر وتی "ناكرێت هێشتا بەشێكی زۆری ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستانن بڕیاری داخستنی نوێنەراتییەكان بدرێت".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT