پارێزگاری نەینەوا "بەڵگەنامەی تەبایی كۆمەڵگەیی" بۆ باكوری شنگال واژۆكرد

شنگال/31ی ئاداری 2024/ گردبونەوەی بەشێك لە ئێزیدییەكان دژی واژۆكردنی "بەڵگەنامەی تەبایی كۆمەڵگەیی". فۆتۆ: لەیس حسێن

كەركوك ناو

بەشێك لە سەرۆك عەشیرەتەكانی هەردوو پێكهاتەی ئێزیدی و عەرەب لە سنوری ناحیەی سنونێ لێكتێگەیشتنێكیان بەناوی "بەڵگەنامەی تەبایی كۆمەڵگەیی" واژۆكردووە، كە ئامانج لێی بەرقەراكردنی ئاشتییە لە نێوان هەردولا، بەڵام بەشێك لە ئێزیدییەكان دژی وەستاونەتەوە.

ئەو بەڵگەنامەیە كە کۆمەڵەی رزگاربون بۆ گەشەپێدان  پێی هەستاوە و عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا لە 30ی ئادار واژۆی كرد، خاڵە سەرەكییەكانی جەختكردنەوەیە بۆ گەڕانەوەی تەبایی لە نێوان ئەو دوو پێكهاتەیە و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە.

لە بەڵگەنامەكەدا داوای یەكخستنی دۆسییەی ئەمنی لە ناوچەكە و بەستنەوەی هێزە ئەمنییەكان بە ئیدارەوە دەكات بە جۆرێك فەرمان تەنیا لە حكومەت وەربگرن و پابەندبن پێوەی، هاوكات داوای رێكخستنی هەڵمەتی كاریگەر دەكات بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال.

لە خاڵێكی تری نێو بەڵگەنامەكەدا داوای خێرا تەواوكردنی مامەڵەكانی قەرەبوكردنەوە بۆ كەسوكاری شەهیدان و بێسەرشوێنان دەكات و لەگەڵ جێبەجێكردنی پڕۆژەی ئاوی خواردنەوە و ئاودێری بۆ روبەڕوبونەوەی كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا و پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ لەناوچەكە.

عەلی گەعبۆ، یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا بۆ کاروباری رێکخراوەکان و ئاوارەکان، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو لێكتێگەیشتنە لە ئەنجامی چەند چالاكییەكی کۆمەڵەی رزگاربون بۆ گەشەپێدان بوو لەگەڵ ئێزیدی و عەرەبەكانی سنوری ناحیەی سنونێ، ئامانج لێی گەڕانەوەی ئاشتی و پێکەوە ژیان بوو لەنێویاندا، تاوەكو شەڕ و ناكۆكی دروستنەبێت". جەختیكردەوە "نا بۆ توندوتیژیی و رق و کینە لە نێوان عەرەبەکان و ئێزیدییەکانی شنگال، دروشمی لێكتێگەیشتنەكە بووە".

Ezidiakani shngal
شنگال/31ی ئاداری 2024/ گردبونەوەی بەشێك لە ئێزیدییەكان دژی واژۆكردنی "بەڵگەنامەی تەبایی كۆمەڵگەیی". فۆتۆ: لەیس حسێن

وتیشی "هەر لەو چالاكییەدا هەمووان رازی بون، ئەوانەی دەستیان لەگەڵ داعشدا هەبووە بەپێی یاسا بدرێنە دادگا و ئەوانەشی هیچ پەیوەندییەكیان لەگەڵ داعشدا نەبووە رێگرییان لێ نەكرێت بۆ گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان".

هەر لەو چوارچێوەیەشدا پارێزگاری نەینەوا واۆژی كردووە، وەك عەلی گەعبۆ كە خۆی لە پێكهاتەی ئایینی ئێزیدییە جەختیلێكردەوە.

بەڵام ئەمڕۆ یەكشەممە بەشێك لە ئێزیدییەكان لە چوارچێوەی گردبونەوەیەكی قوربانیانی جینۆسایدی ئێزیدییەکان ناڕەزایی خۆیان لە واژۆكردنی ئەو لێكتێگەیشتنە دەربڕی.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا جەختیانكردەوە لەوەی ئەوە نادادپەوەری كۆمەڵایەتی تیایە و "تاوەكو ئەوانەی لە ساڵی 2014دا دەستیان لەگەڵ چەكدارانی داعش تێكەڵ كردووە سزانەدرێن ئەم لێكتێگەیشتنە قبوڵناكەین".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT