كۆمیسیۆن رێكارەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەڵدەپەسێرێت

2018/ پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان فۆتۆ: كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێم

كەركوك ناو

كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عیراق، بڕیاریداوە بە هەڵپەساردنی رێكارە هونەریی و داراییەكانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، دوابەدوای بڕیارێكی دادگای باڵای فیدراڵی.

ئەمڕۆ چوارشەممە 8ـی ئایار كۆمیسیۆن لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی دەبێت هەموو دەسەڵاتەكان پێوەی پابەندبن و بەو بڕیارە، هەموو رێكارە هونەریی و داراییەكانی دابینكردنی ئامێر و چاپی كارتی دەنگدان و كاری كۆمپانیاكانی پشكنین و وردبینی و خشتەی هەنگاوەكانی تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەوەستێت.

بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی، رۆژێك پێشتر و لە 7ـی ئایار دەریكرد، بۆ راگرتنی كاركردن بە بڕگەی دوو لە ماددەی دوو لە سیستەمی تۆماركردنی لیستی كاندیدەكان و پەسەندكردنیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، تا ئەوكاتەی سكاڵایەك دەربارەی ئەو ماددەیە یەكلادەكاتەوە، كە مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دادگاكە تۆماریكردووە.

كۆمسیۆنی لە راگەیەندراوەكەیدا دەڵێت تا یەكلاییكردنەوەی ئەو دۆسیەیە لە دادگای فیدراڵی، رێكارەكانی هەڵبژاردن، بە هەڵپەسێردراوی دەمێننەوە.

ئەو ماددەیەی مەسرور بارزانی سكاڵای لەسەر تۆماركردووە، تایبەتە بە تەرخانكردنی 100 كورسییەكەی پەرلەمانی كوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا؛ پارێزگای هەولێر 34 كورسی، پارێزگای سلێمانی 38 كورسی، پارێزگای دهۆك 25 كورسی و سێ كورسیش بۆ پارێزگای هەڵەبجە.

دادگای فیدراڵی رونیكردۆتەوە راگرتنی كاركردن بەو ماددەیە تا كاتی یەكلاییكردنەوەی سكاڵاكەیە نەك بڕیاری پێشوەختەی ئەوان بێت بۆ سكاڵاكە یان پێدانی ماف بەو سكاڵایە.

مەسرور بارزانی لە ناوەڕۆكی سكاڵاكەیدا، رەخنەی لە شێوازی دابەشكردنی كورسییەكانی بەسەر چوار بازنە و بێبەشكردنی كەمینەكان گرتووە لە كورسی كۆتا، بە تایبەت توركمان و كریستیان.

لە بەرانبەر یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كە بە پێچەوانەوەی پارتییەوە پشتگیری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی دەكرد بەو شێوازە و بەبێ گۆڕانكاری، ئەمڕۆ چوارشەممە لە میدیای فەرمییەوە بڵاویكردەوە بڕیارەکەی کۆمیسیۆن بۆ هەڵپەساردنی رێكارەكانی هەڵبژاردن بە"نایاسایی" دەزانن، چونكە پێیانوایە "ئەو بڕیارە بە سیاسیی دراوە، نەک با یاسایی" و تانەی لێدەدەن.

perlaman (1)
هەولێر/ 2022/ دانیشتنێكی ئاسایی پەرلەمانی كوردستان فۆتۆ: راگەیاندنی پەرلەمان

بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی، كە راگرتنی كارەكانی كۆمیسیۆنی بۆ هەڵبژاردن لێكەوتەوە، هاوكات بوو لەگەڵ بەردەوامی ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، لە نێویاندا تۆماركردنی ناوی لیست، قەوارە و كاندیدەكانی حزبەكان، كە پارتی دیموكراتی كوردستان وەكو پارتێكی سەرەكی لە هەرێم، كە پێكهێنەری سەرەكی حكومەتی هەرێمە لەگەڵ یەكێتیی و ناوچە نفوزی لە پارێزگاكانی هەولێر و دهۆكە، بڕیاریدابوو بایكۆتی هەڵبژاردنەكە بكات.

بایكۆت و ناڕەزاییەكەی پارتی، بەپێی راگەیەندراوەكانیان، بەهۆی دەستكاریكردنی یاسای هەڵبژاردن، كەمكردنەوەی كورسی پەرلەمان و نەهێشتنی كورسی كۆتای كەمینەكان بوو لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە لە 21ـی شوباتی ئەمساڵ.

ئەوكات دادگا لەسەر سكاڵای یەكێتیی زنجیرەیەك بڕیاری لەبارەی یاسای ساڵی 1992ـی هەمواركراوی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەركرد، لە نێویاندا ژمارەی كورسییەكانی لە 111 كورسییەوە بۆ 100 كورسی كەمكردەوە و هەرێمی كوردستانی بۆ هەڵبژاردن كردە فرەبازنە، ئەوەی كەمینە ئایینی و نەتەوەییەكانی نیگەران كرد لابردنی 11 كورسی كۆتا بوو. (پێنج كورسی توركمان، پێنج كورسی كریستیان و یەك كورسی ئەرمەن).

پێشتر چەندجارێك وادەی جیاواز بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاریكراو، دواترینیان بە مەرسومی سەرۆكایەتی هەرێم، 10ـی حوزەیرانی 2024 دانرا، ئەوەش دوای چەندین مانگ لە ناكۆكیی و گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەكان لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن، بازنەكانی هەڵبژاردن و تۆماری دەنگدەران.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كاتی سەردانەكەیدا بۆ تاران، 7ـی ئایار لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رەتیكردەوە وەك بابەتێك باسی هەڵبژاردنی هەرێمیان لەگەڵ لێپرسراوانی ئێران كردبێت، وتی "ڕۆژەكەم نەگۆڕیوە (وادەی هەڵبژاردن)، بەڵام حەز دەكەم هەڵبژاردنێك بكرێت هەموو لایەك لەسەری ڕێككەون. دەمەوێ هەڵبژاردنێك بكرێت هیچ لایەنێك نە خۆی بە دۆڕاو و نە خۆی بە براوە بزانێت".

هەر لەو كۆنگرەیەدا، كە پێش دەرچونی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بوو لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمان، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی بەغدا، سەرۆك وەزیرانی عیراق، دادگای فیدراڵی و سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری عیراقی كرد، كە ئەوانیش "هاودەنگن لەوەی كە ناكرێت شتێك بكرێت ببێتە هۆی ئەوەی هەرێمی كوردستان زیاتر پەرتەوازە بكرێت".

له‌ مێژوی حوكمڕانی هه‌رێمی كوردستانی عیراقدا، هیچ هه‌ڵبژاردنێكی گشتی له‌ واده‌ی یاسایی خۆیدا سازنەدراوە‌، كه‌مترین ماوه‌ی دواخستن دوو مانگ و درێژترینیشیان گه‌یشتۆته‌ 10 ساڵ.

دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ نزیكه‌ی شه‌ش ملیۆن هاوڵاتییه‌ و به‌سه‌ر پارێزگاكانی هه‌ولێر، سلێمانی، دهۆك و هه‌ڵه‌بجه‌دا دابه‌شبون، به‌پێی یاسا به‌ركاره‌كان مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ چوارساڵ جارێك ده‌نگبده‌ن بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان و سه‌رۆكایه‌تیش، جگه‌ له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی عیراق.

دوایین هه‌ڵبژاردن، كە خولی پێنجه‌می په‌رله‌مان بوو، ساڵێك له‌ واده‌ی خۆی دواكه‌وت و له‌ ئه‌یلولی 2018دا ئه‌نجامدرا و دەبوو له‌ 2022 ته‌مه‌نی ئه‌و خوله‌ كۆتایی بێت، بەڵام پەرلەمانی كوردستان، سەرباری ناڕەزایی ژمارەیەك فراكسیۆن و پەرلەمانتار، تەمەنی خۆی بۆ ساڵێك درێژكردەوە و دواتر دادگای فیدراڵی عیراق درێژكردنەوەی هەڵوەشاندنەوە، بەوهۆیەوە كۆتایی بە تەمەنی پەرلەمان هات.

لەوكاتەوە هەرێمی كوردستان لە بۆشایی دەسەڵاتی یاساداناندایە، هەریەك لە سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەتی هەرێمی كوردستان كاربەڕێكەرن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT