ئەرمەنەكانی هەرێمی پەنا بۆ دادگای فیدراڵی عیراق دەبەن بۆ گەڕانەوەی كورسی كۆتای كەمینەكان لە هەرێمی كوردستان، ئەوەش دوابەدوای سكاڵایەكی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان هات بۆ هەمان پرس، كە بەهۆیەوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی 10ی حوزەیرانی ئەمساڵ دواخرا.
سكاڵای ئەرمەنەكان لە 12ی ئایار لەلایەن كەسایەتییەكی ئەو پێكهاتەیەوە بەناوی یەروانت نیسان ماركۆس لەدژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق تۆماركرا. وەك خۆی دەڵێت بە نوێنەرایەتی پێكهاتەی ئەرمەن سكاڵاكەی كردووە.
یەروانت نیسان ماركۆس، كە لە خولی پیشتری پەرلەمانی كوردستاندا – خولی چوارەم- تاكە پەرلەمانتاری ئەرمەن بوو، بە (كەركوك ناو)ی وت "دوای سكاڵاكەی مەسرور بارزانی، ئێمەش بە مافی خۆمانمان زانی سكاڵا لە دژی كۆمسیۆن تۆماربكەین، ئامانجمان گەڕانەوەی كورسی ئەرمەنەكان و پێكهاتەكانی ترە".
دادگای فیدراڵی عیراق لە 21 شوباتی 2024 و لە زنجیرەیەك بڕیاردا لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی لە 111 كورسییەوە بۆ 100 كورسی كەمكردەوە و هەرێمی كوردستانی بۆ هەڵبژاردن كردە فرەبازنە، لە هەموی چاوەڕواننەكراوتر لابردنی 11 كورسی پێكهاتە نەتەوەییەكان بوو، (پێنج كورسی توركمان، پێنج كورسی كلدانی سریانی ئاشوری، یەك كورسی ئەرمەن).
لە 7ی ئایار بەهۆی بڕیارێكی دادگای فیدراڵی عیراقەوە، كارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیاربوو لە 10ی حوزەیران بكرێت راگیرا، بڕیارەكە لەسەر سكاڵایەكی مەسرور بارزانی بوو، كە تایبەت بوو بە نادادپەروەری لە دابەشكردنی 100 كورسییەكەی پەرلەمانی كوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردن و بێبەشكردنی كورسی كۆتاكان.
یەروانت نیسان ماركۆس، وتی "سكاڵاكەی ئێمە بۆیە لەسەر كۆمسیۆنی هەڵبژاردنە، چونكە ئەو بەرپرسە لە دابەشكردنی كورسییەكان بەسەر بازنەكاندا و بەهۆیەوە كورسی كۆتا نەماوە، لەوانەش كورسی ئەرمەن"، زیاتر وتی "بەپێی دەستوری عیراق و لە ماددەی 14 و 16 باس لە یەكسانی دەكات لە نێوان پێكهاتەكاندا، بەڵام لە دابەشكارییەكەی كۆمسیۆن بۆ كورسییەكانی هەرێم ئەوە رچاونەكرابوو".
ئامارێکی دروست نییە لەسەر ژمارەی ئهرمهن له عیراق؛ هەندێک ژمارەیان بە نزیکهی 20 ههزار کهس دهخهمڵێنن، بەڵام سەرۆکی تائیفەی ئەرمەنەکان لە پارێزگای دهۆک دەڵێت ژمارەیان لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار کەسە و لە تەواوی عیراق 12 هەزارن.
زۆرینهی ئەرمەنەکان له بهغدا، دەشتی نەینەوا و ناو شاری موسڵ، کهرکوک و ههرێمی کوردستان دەژین.