وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا: حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان ئازادییە بنەڕەتییەکان و فەزای مەدەنییان سنوردارکردووە

دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە عیراق لە 2023دا خراپتر بووە

Photo by Sydney Sims on Unsplash

كەركوك ناو

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، هەردوو حكومەتی فیدراڵی عیراق و هەرێمی كوردستان تۆمەتبار دەكات بە سنوردارکردنی بەرچاوی ئازادیی ڕادەربڕین و راگەیاندن، هەروەها توندوتیژی یان هەڕەشەی كوشتن دژ بە رۆژنامەنوسان؛ لەگەڵ دەستگیرکردن و دادگاییکردنی بێبنەما و سانسۆر و هەبونی یاساکانی تاوانی ناوزڕاندن و سنوردارکردنی "زۆر" لەسەر ئازادیی ئینتەرنێت.

ئەو تۆمەتباركردنانە لە راپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ لە عیراق بۆ ساڵی 2023دا هاتووە، كە لە بەشی تایبەت بە ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادیی كاری رۆژنامەوانیی، دەڵێت "تاکەکەسەکان نەیانتوانیووە بەئاشکرا یان بە رێگەی تایبەت رەخنە لە حکومەت بگرن بەبێ ترسی تۆڵەسەندنەوە. میلیشیا چەکدارەکان گێچەڵیان بە چالاکوانان و بزوتنەوە سیاسییە نوێیە ریفۆرمخوازەکان کردوە، بەشێوەی ئۆنلاین یان رووبەڕوو، لەڕێگەی وەک بڵاوکردنەوەی زانیاری ساختەی ئۆنلاین، هاککردن و هەڕەشەی تر یان بەکارهێنانی توندوتیژی جەستەیی بۆ بێدەنگکردنیان و راگرتنی چالاکییەکانیان".

لە بەشێكی تریدا بە پشتبەستن بە زانیاریی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنیی، وەزارەتی دەرەوە دەڵێت كە تاڕادەیەکی زۆر گێچەڵی یاسایی هەبووە، بەتایبەتی لەڕێی تۆمەتی هەڵبەستراوی وەک بەشداریکردن لە چالاکیی تاوانکاریی و سزادانی تەمومژاوی لەسەر "ناڕەزایی" یان "ناوزڕاندن"، پاش بڵاوکردنەوەی سەرنج و رەخنە دژی کاربەدەستانی حکومەت. هەندێک جار ناودەبرێن بە دۆسیەی یاسایی هەڵبەستراو، ساختە یان وەڕسکار، ئەم دۆسیە یاساییانە ماددەی یاسایی تەمومژاوی بەکاردەهێنن و پشتدەبەستن بە شرۆڤەی زۆر کراوەی یاسا. زۆر کەیسی دۆسیەی هەڵبەستراو ناگات بە رای گشتی بەهۆی ترسی قوربانییەکان لە زیانپێگەیاندنی زیاتر.

لەبەشكی تریدا هاتووە "حکومەت زیاتر بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی کردوە بە ئامانج"، بۆ ئەوەش دەركردنی رێنماییەكی نوێی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی عیراقی بە نمونە هێناوەتەوە، كە لە مانگی کانونی دووەمدا تایبەت بە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەڵێت "هاوڵاتیان دەتوانن راپۆرت بدەن لەسەر هەر ناوەڕۆکێک کە پێشێلی ئادابی گشتی بکات، پەیامی نەرێنیی و نەشیاوی تێدابێت و زیان بگەنێت بە سەقامگیریی کۆمەڵایەتی".

ئەوەش لەكاتێكدایە بەپێی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، لەنێوان مانگەکانی کانونی دووەم و حوزەیرانی 2023 دەسەڵاتداران بەلای کەمەوە 20 کەسیان دادگاییکردووە پەیوەست بە ئازادیی رادەبڕین.

zmnako-4
سلێمانی/ 2015، خۆپیشاندانی چین و توێژە جیاوازەكان دژی بێكاریی و پێنەدانی موچەی فەرمانبەران و خزمەتگوزاریی فۆتۆ: زمناكۆ ئیسماعیل

ئاماژە بەوەشكراوە كە هێزەکانی ئاسایش، بەگشتی ئەوانەی لەژێر فەرماندەیی وەزارەتی ناوخۆ، ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی یان هێزەکانی حەشدی شەعبین، هەروەها هێزەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان (بەتایبەتی ئاسایش) ئەو خۆپیشاندەر و چالاکوانانەیان دەستگیر و بەنکردوە کە رەخنەگری دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندیی و حکومەتی هەرێمی کوردستانن، ئەمەش بەپێی وتەی بەرپرسانی حکومەت، نوێنەرانی رێکخراوە ناحکومییەکان و راپۆرتی راگەیاندنەکان.

لە 13 شوباتدا، روانگەی مافی مرۆڤی عیراقی رایگەیاند کە دەسەڵاتداراان بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان بە هەڕەمەکیی دەستگیرکردوە لەسەر بڵاوکردنەوەی "ناوەڕۆکی کواڵیتی نزم"،  بەپێی راپۆرتەکان، دەسەڵاتەکان بەشێوەیەک مامەڵەیان لەگەڵ ئەم دەستگیرکراوانە کردووە وەک ئەوەی لە کردەکانی "تیرۆریزم" تێوەگلابن و زیانیان گەیاندبێت بە دامەزراوە گشتییەکان یان زیانیان بە سامانی گشتی گەیاندبێت.

لە بارەی هەرێمی كوردستانەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، دەڵێت "یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەولەویەتی دەستگەیشتن دەدەن بەو دەزگایانەی خۆیان یان ئەندامەکانیان خاوەندارێتییان کۆنترۆڵ كردون... دەزگا میدیایایەکانی هەرێمی کوردستان کە پاڵپشتی سیاسیی و دارایی بەهێزیان نییە، ئاماژەیان بە سەختی دەستگەیشتن بە زانیاری یان شوێنەکانی ڕاپۆرتکردن داوە".

هەر بەپێی راپۆرتەكە لە تەواوی عیراق، توندوتیژی و گێچەڵ لە دژی رۆژنامەنوسان بەردەوامبووە، لەوانە هەڕەشەی كوشتن، ترساندن و پەلامار لەلایەن میلیشیاکان یان هێزەکانی ئاسایشەوە.

بەپێی ئامارێكی کۆمەڵەی داکۆکیکردن لە ئازادیی راگەیاندن كە وەزارەتی دەرەوە پشتی پێبەستووە، تا کۆتایی مانگی ئایار 345 کەیسی پێشێلکاریی دژی رۆژنامەوانان لەسەر ئاستی نیشتیمانیی تۆمارکراوە، کە زۆرینەی کەیسەکان لە بەغداد و هەولێر بون.

"هێزەکانی حکومەت چەندبارە رێگریان کردووە لە روماڵکردنی رۆژنامەوانان بە بیانوی هۆکاری ئەمنییەوە. هەندێک رێکخراوی میدیایی راپۆرتیانداوە لەسەر دەستگیرکردن و گێچەڵکردن بە رۆژنامەوانان، هەروەها هەوڵەکانی حکومەت بۆ رێگرتن لە روماڵکردنی پرسە سیاسییە هەستیارەکان، لەوانە پرسەکانی ئاسایش، گەندەڵیی و شکستخواردنی حکومەت لە دابینکردنی خزمەتگوزاری گونجاو".

هێزەکانی حکومەت چەندبارە رێگریان کردووە لە روماڵکردنی رۆژنامەوانان بە بیانوی هۆکاری ئەمنییەوە

تەنیا لە هەرێمی كوردستان لە ماوەی ساڵەكەدا نزیکەی 20 رۆژنامەوان دەستگیركراون، بەپێی رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنور. "سانسۆر یان سنوردارکردنی ناوەڕۆک هەیە بۆ میدیاکار و میدیاکانی تر، لە ناویاندا میدیای ئەلەکترۆنی..."، بۆ نمونە "یاساكان بە پاساوی پێشێلکردنی ئاکار یان ئادابی گشتی بکات، بەرهەمهێنانی بابەتی رۆژنامەوانی، دوبارەبڵاوکردنەوە، یان بابەتی نووسراوی تر، وێنەکێشان، فۆتۆگراف یان فیلم قەدەغەدەکات.

سزاکان لە پێبژاردن و بەندکردن، ترس لە تۆڵەسەندنەوەی توندوتیژ، بەهۆی بڵاوکردنەوەی راستییەکان یان بۆچونی رەخنەیی لە لایەنە سیاسییەکان، رێگربووە لە دەربڕینی ئازاد"، هەر بەپێی راپۆرتەكە.

هەروەها ئاماژە بەوە دەكات كە هەندێک دادگای هەرێمی کوردستان لە کەیسەکانی رۆژنامەوانان، یاسای سزادانی عێراقی بەکاردەهێنن کە زۆر توندترە، لە یاسای رۆژنامەوانی هەرێمی کوردستان.

"یاساكانی رۆژنامەوانی پاراستنی زیاتر دابین دەکات بۆ ئازادیی رادەربڕین، هەروەها دەستبەسەرکردنی رۆژنامەوان قەدەغە دەكات".

جارێكی تر حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمەتبار دەكات بەوەی "یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاری جێبەجێ نەکردوە کە لە ساڵی 2013 دەرچووە"، هەر پشتبەستن بە وتەی رۆژنامەوانان و داکۆکیکارانی ئازادیی ڕۆژنامەگەریی دەڵێت "دەسەڵاتی دادوەریی بێلایەن نەبووە لە کەیسەکانی ئازادیی رۆژنامەگەریی یان لە داوا یاساییەکان لەدژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆی شکستخواردن لە دابینکردنی زانیاری".

راپۆرتەكە بڵاویكردۆتەوە كە حیزبە سیاسییەکانی عیراق کاریگەریی بەهێز یان کۆنترۆڵی تەواویان هەیە لەسەر زۆرینەی چەند سەد بڵاوکراوەی چاپکراوی رۆژانە و هەفتانە، لەگەڵ دەیان وێستگەی رادیۆ و تەلەڤزیۆن و سەکۆکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کەسایەتییە کاریگەرەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

"میلیشیاچەکدارەکانی حەشدی شەعبی چەندبارە هەڕەشەیان لە جڤاتی سوننە و کەمینەکانی تر کردوە بە تۆمەتی تیرۆریزم و بەمەبەستی بێدەنگکردنی ناڕەزایی، بەتایبەتی لەو ناوچانەی میلیشیاکان دەستیانگرتووە بەسەر زەوی و چالاکییە ئابورییەکانی ناوچەکە و رێگرییان کردوە لە گەڕانەوەی ئاوارە سوننەکان".

ئەو پێشێلكاریی و بەربەستانە وەك راپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەڵێت، لەكاتێكدایە دەستوری فیدراڵی مافی ئازادیی رادەربڕین  و ئازادیی رۆژنامەوانیی زامنکردوە، لەگەڵ، بەمەرجیپێشێلنەکردنی نیزام و ئادابی گشتی و دەرنەبڕینی پاڵپشتیی بۆ حیزبی بەعسی قەدەغەکراو.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT