دانیشتنی ئەنجومەنی كەركوك بەبێ زاهیر ئەنور عاسی

حافز: رێژەی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە كەركوك سەدا 0.1ـە

كەركوك/ 26ـی تشرینی دوەمی 2024/ سەرۆك و بڕیاردەری ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو – كەركوك

رێژەی بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان سەدا 0.1ـە لە كەركوك و هەوڵی بنەبڕكردنی دەدەن، ئەوەش بە وتەی محەمەد حافز، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا كە ئەوەشی رەتكردەوە، زاهیر ئەنوەر عاسی، تاكە ئەندامی كوتلەی عروبە لە گروپی پێكهێنەری حكومەتی خۆجێبی پارێزگاگە پاشەكشێی كردبێت.

ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، 26ـی تشرینی دوەمی 2024 نەیتوانی نیسابی ئامادەبونی ئەندامان پڕبكاتەوە، لە كۆی 16 ئەندام تەنیا هەشت ئەندام ئامادەبوون، بۆیە دانیشتنێكی راوێژكاری كرد لەسەر مەترسییەكانی ماددەی هۆشبەر و روداوەكانی هاتوچۆ.

چەند مانگێكە دانیشتنەكانی ئەنجومەن تیایدا 9 ئەندام ئامادەن، لە گروپی پێكهێنەرانی حكومەتی خۆجێیی، بەڵام زاهیر ئەنوەر عاسی، تاكە ئەندامی كوتلەی عروبە ئامادەی دانیشتنەكە نەبوو، كە پێشتر ژمارەیەك پەیجی سۆشیال میدیا بڵاویانكردەوە، ناوبراو لە رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی پاشەكشێی كردووە.

محەمەد حافز، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا لە كۆنگرەیەی رۆژنامەوانیدا كە (كەركوك ناو) ئامادەی بوو، پاشەكشێی زاهیر ئەنوەر عاسی رەتكردەوە، جەختیكردەوە ناوبراو نەخۆشە و ئەوەش وایكردووە ئامادەی دانیشتنەكە نەبێت، "ئەگەر پاشەكشێی بكردایە ئەوا خۆی باسی دەكرد و بڵاویدەكردەوە"، ئەو دەڵێت "پەیجی بەكرێگیراو هەوڵی تێكدانی یەكڕیزی حكومەت دەدەن".

لە دانیشتنە راوێژكارییەكەی ئەنجومەن، تاوتوێی ئاڵنگارییەكانی پارێزگاكە كرا بە تایبەت لە دۆسیەی ماددە هۆشبەرەكاندا، ئەوەش بە ئامادەبوونی لێپرسراوانی لایەنی پەیوەندیدار، كە بەوتەی سەرۆكی ئەنجومەن، "رێژەی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە كەركوك دەگاتە سەدا 0.1، واتە یەك كەس لە هەزار كەس بەكاریدەهێنێت".

هەروەها جەختیكردەوە پاڵپشتیی و هاوكاری دەكەن بۆ دانانی سنورێك تا بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر تەشەنە نەسەنێت.

حافز دەڵێت میوانداری بەڕێوەبەرانی هاتوچۆ و رێگاوبان و پردەكانیان كردبوو بۆ تاوتوێی روداوەكانی هاتوچۆ و كێشەكانی تر، "گفتوگۆمان لەسەر دۆزینەوەی رێكارێكی گونجاو كرد بۆ كەمكردنەوەی روداوەكان".

بەپێی كارنامەی دانیشتنەكە، دەبوایە لۆگۆی نوێی پارێزگای كەركوك پەسەند بكرێت، كە دانیشتنی پێشوو دواخرا، بەهۆی ناڕەزایی نوێنەری كریستیان لە نەبوونی زمانی سریانی لەسەر لۆگۆكە و هەروەها داواكاری هونەرمەندان بۆ پێشكەشكردنی نمونەی دیكەی لۆگۆ.

"هەروەها میوانداری بەڕێوەبەری تاوانە رێكخراوەكانمان كرد، بۆ تاوتوێی نەهێشتنی قاچاغچێتی خۆراك لە بازگەكان، كە بەداخەوە لە ماوەی رابردودا هەبووە"، سەرۆكی ئەنجومەن رونیكردەوە دوای گۆڕینی كادیرانی بازگەكانی كەركوك، شێوازێكی نوێی كاركردن و هەماهەنگی لە نێوان ئەنجومەن و حكومەتی خۆجێیی و فەرماندەیی پۆلیس و بەشی بازگەكان دەبێت.

ژمارەیەك ئەندامی ئەنجومەن لە دانیشتنەكەدا بەشدارنەبون، ئەوانیش هاوپەیمانی عەرەبی، بەرەی توركمانی و پارتی، كە چاوەڕێی بڕیاری دادگای ئیداری دەكەن لەسەر ئەو سكاڵایانەی دژی سەرۆكایەتی ئێستای ئەنجومەن و پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی تۆماریان كردووە.

ئەوەش لە كاتێكدایە پێشتر زیاتر لە جارێك سەرۆكایەتی ئەنجومەنی پارێزگا، جەختیكردۆتەوە لەوەی ئاگاداركردنەوە دەدەن بەوانەی بایكۆتی دانیشتنەكانیان كردووە، بەوپێیەی بەپێی یاسا، هەر ئەندامێكی ئەنجومەن ئەگەر چوار دانیشتنی لەدوای یەك یاخود یەك لەسەر چواری دانیشتنەكانی ئەنجومەن لە چوار مانگدا ئامادەنەبوو بەبێ پاساوێكی ڕەوا، ئەوا بە دەستلەكاركێشاوە دادەنرێت.

ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، كە 16 ئەندامی هەیە و بوون بە دوو بەرەی دژبەیەك (9ـی پێكهێنەری حكومەت بەرانبەر بە 7ـی ناڕازی)، هێشتا زۆربەی پۆستە ئیدارییەكانی پارێزگاكەی یەكلایینەكردۆتەوە و سەرباری تێپەڕبوونی چەندین مانگ بەسەر هەڵبژاردندا، نەیتوانیووە بەهۆی ناكۆكیی و بایكۆتەوە بەشێك لە ئەركەكانی دیكەی جێبەجێبكات.

حكومەتی كەركوك چەند مانگێك لەمەوبەر بە رێككەوتنی نێوان یەكێتی، بەشێك لە عەرەب، چەند لایەنێكی توركمانی شیعەی دەرەوەی ئەنجومەنی پارێزگا و كۆتای كریستیان پێكهێنرا بە مەرجی ئاڵوگۆڕی پۆستە باڵاكان، لە نێویاندا پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەن، لە نێوان پێكهاتەكانی كورد و عەرەب دوو ساڵ بە دوو ساڵ.

 

*ئەم بابەتە لە چوارچێوەی پڕۆژەی "بودجە مافتە" بەرهەمهێنراوە كە لە لایەن پەیمانگەی دیموكراسی نیشتیمانی (NDI) كۆمەكی دارایی دەكرێت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT