ئەوكاتەی هەموو سەرنجی عەتییە سەلام لەسەر ئەوە بوو چۆن ببێت بە دایك، كە هەموو خەیاڵی داگیركردبوو، پزیشكەكە وەڵامێكی تری دایەوە كە هەرگیز بە بیری عەتییەدا نەدەهات، "دەبێت رەحمت دەربهێنین".
عەتیە كە لە ناوەڕاستی سییەكانی تەمەنیدایە و نیشتەجێی ناحیەی بازیانە لە پارێزگای سلێمانی، بەپێی پشكنینەكان دەركەوتووە توشی شێرپەنجەی رەحم بووە و بڕیاری پزیشك ئەوەیە رەحمی بۆ دەربهێنن.
شێرپەنجەی رەحم، یەكێكە لە نەخۆشییە بەربڵاوەكانی ژنان و کاریگەری راستەوخۆی لەسەر وەچەخستنەوە هەیە، بە جۆرێک ئەگەر ئافرەت بەر لە توشبونی بەو نەخۆشییە، منداڵی نەبوبێت، زۆر سەخت دەبێت دوای توشبونی بتوانێت منداڵ بخاتەوە.
عەتییە سەلام كە ئێستا گیرۆدەی ئەو نەخۆشییە بووە، لە سییەكانی تەمەنیدا شویكردووە، وتی "دوای ساڵێک پێکەوەبونمان هەستم بە هەندێک گۆڕانکاریی کرد، بۆ نمونە دوای هەرجارێك سەرجێیكردن خوێنم هەبوو، بێ ئەوەی لە سوڕی مانگانەدابم"، زیاتر وتی "لە مانگی هەشتی ساڵی رابردودا، دكتۆر پێیوتم تۆ توشی شێرپەنجەی رەحم بویت، لەكاتێكدا من بەدوای ئەوەوە بوم كەی دەبم بە دایك".
عەتییە دەڵێت رۆژانە گوێبیستی ئەوە دەبێت كە لە بازیان منداڵ، ژن و پیاو توشی شێرپەنجە دەبن، دواینیان چەند رۆژی رابردوو بووە كە دراوسێیەكی خۆیانە، "نازانم هۆکاری سەرەکی شێرپەنجەکەم چی بووە، بەڵام هەمیشە خراپی ژینگەی پیسی بازیان مێشکم داگیردەکات".
بازیان دەكەوێتە باشوری خۆرئاوای سلێمانی لە باكوری عیراق، ناوچەیەكی گرنگی كشتوكاڵی بوو، بەتایبەت بۆ بەرهەمهێنانی جۆرەكانی سەوزە و میوە، لە بەرهەمهێنانی برنج-یشدا پێشەنگ بووە، بەڵام لە ساڵی 2003وە بە تەواوی رەگەزی ناوچەكە لە كشتوكاڵییەوە بۆ پیشەسازی گۆڕدراوە.
بەپێێ ئامارێكی رێكخراوی ئازادبوون بۆ گەشەپێدانی بەردەوام كە بەشێكی كارەكانیان پەیوەستە بە پرسی ژینگە، لە ساڵی 2022دا رێژەی لە سەدا 32ی پیشەسازی عیراق لە بازیان بووە.
عەتییە سەلام دەڵێت "هەبونی ئەو هەموو کارگە پیشەسازییانە بۆ منێک کە هەر لە گەنجیمەوە هەوای پیسی ئەو ناوچەیە هەڵدەمژم تەواو بێتاقەتم دەکات، تەنانەت گەیشتۆتە ئەو رادەیەی بەشێک لە ماڵەکان بە ناچاری ئەو ناوچەیە جێبهێڵن و روو لە شوێنێکی تر بکەن".
"هەبونی ئەو هەموو کارگە پیشەسازییانە بۆ منێک کە هەر لە گەنجیمەوە هەوای پیسی ئەو ناوچەیە هەڵدەمژم تەواو بێتاقەتم دەکات
هەر بەو هۆیەوە چەند جارێك خۆپیشاندان و ناڕەزایی، هەروەها كار گەیشتۆتە ئەوەی دەمەقاڵێ لە نێوان خەڵكی ناوچەكە و خاوەن كارگەكان دروستبێت.
بەپێی ئامارێكی نەخۆشخانەی هیوا بۆ چارەسەركردنی توشبوانی شێرپەنجە، لە پێنج ساڵی رابردودا (2019 - 2024)، 180 توشبوی نوێی شێرپەنجە بە هەموو جۆرەكانییەوە لە بازیان تۆماركراوە، لە نێویاندا 101 كەسیان لە رەگەزی مێ و 79ی تریان لە رەگەزی نێر بون.
هەر بەپێی ئامارەكە لەساڵی 2023دا، زۆرترین ژن لە قەزای بازیان توشی شێرپەنجە بون کە 23 حاڵەت بووە.
ملکۆ بازیانی، سەرۆکی پارتی سەوز – پارتێكە سەرنجی لەسەر پرسی ژینگەیە-، بە (كەركوك ناو)ی وت "هەرچەندە لەگەڵ رێكخراوەكان بەردەوام كار لەسەر پرسی سەوزكردنی بازیان دەكەین، بەڵام تادێت ژمارەی كارگەكان لەو قەزایە زۆرتر دەبن و ئێستا بۆ 205 كارگە بەرزبونەتەوە... کارەکەمان بۆ پاكڕاگرتن و سەوزكردنی بازیان زۆر قورستر بووە، ئەگەر بەمجۆرە بەردەوام بێت مەترسی زۆر زیاتر لەسەر دانیشتووانی ئەو ناوچەیە دروستدەبێت".
ژمارەی دانیشتوانی ناحیەی بازیان زیاتر لە 45 هەزار كەسە، ئەوەش بەپێی خەمڵاندنی دەستەی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عیراق بۆ ساڵی 2019.
پیسبونی ژینگە و ئاووهەوا، بەپێی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان یەكێكە لە هۆكارەكانی توشبون بە نەخۆشی شێرپەنجە، كە تەنیا لە ساڵی 2023دا نۆ هەزار و 911 حاڵەتی نوێی شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستاندا تۆماركراون.
لە پێنج ساڵی رابردوشدا و لە نەخۆشخانەی هیوا، 12 جۆری شێرپەنجەی رەحم تۆماركراوە، بەڵام ئەوە روننەكراوەتەوە كە لە بازیان چەند توشبوی شێرپەنجەی رەحم هەیە، ئەم جۆرەیان كاریگەری راستەوخۆی لەسەر وەچەخستنەوە هەیە.
دكتۆر سەعدیە رەزا ئەحمەد، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبون و نەزۆکی، شێرپەنجەی رەحم بۆ دوو بەش پۆلێن دەكات، ئەوانیش شێرپەنجەی ناوپۆشی رەحم و شێرپەنجەی ماسولکەکانی رەحم، بەڵام وتی "باوترینیان شێرپەنجەی ناوپۆشی رەحمە".
ئەو لە نوسینێكدا كە لە ماڵپەری نەخۆشخانەی هەرێم بڵاویكردۆتەوە دەڵێت "ئەو هۆکارانەی دەستنیشانکراون بۆ توشبون بەم جۆری شێرپەنجەیە بریتین لە زیادبونی کێش، قەڵەوی، زیادبونی هۆڕمۆنی ئیسترۆجین، نەزۆکی و بەکارهێنانی تیشک بۆ منداڵدان".
هۆڕمۆنی ئیسترۆجین، یان هۆڕمۆنی مێینە، زۆر هەستیارە بەرامبەر بە پیسبونی ژینگە، هەر تێکچونێک لەو سیستەمە دەتوانێت کاریگەری قوڵ و درێژخایەنی لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەبێت.
سەعدییە زیاتر رونیكردەوە "راستە زیادبونی هۆڕمۆنی ئیسترۆجین یەكێكە لە هۆكارەكان، بەڵام هێشتا هۆکاری نەخۆشی شێرپەنجەی رەحم نەدۆزراوەتەوە".
زیادبونی هۆڕمۆنی ئیسترۆجین یەكێكە لە هۆكارەكان، بەڵام هێشتا هۆکاری نەخۆشی شێرپەنجەی رەحم نەدۆزراوەتەوە
لەگەڵئەوەشدا پیسكەرەكانی ژینگە، دەتوانن کاریگەری لەسەر هۆرمۆنەکانی زاوزێ دروستبكەن، لەوانەش کەمبونەوەی پیتێن، ناڕێکی لە سوڕی مانگانە، گۆڕانکاریی لە پێگەیشتنی سێکسی، زیادبونی مەترسی هەندێک جۆری شێرپەنجە.
سەعدییە وتی "دیارترین نیشانەکانی شێرپەنجەی رەحم بریتییە لە زیادبونی خوێن، ناڕێکی لە سوڕی مانگانە، دەرکەوتنی خوێن دوای جوتبون، یاخود ئازار لە کاتی جوتبوندا".
بۆیە پێشنیازی بۆ ژنان كرد، لەكاتی هەستكردن بەو نیشانانە راستەوخۆ سەردانی پزیشك بكەن.
عەتییە كە ئێستا گیرۆدەی ئەو نەخۆشییە بووە، لە خەمی نەوەكانی ناحیەی بازیاندایە و دەڵێت "نازانم منداڵەکانی ناحیەكە دوای ئێمە لەم ژینگە نالەبارەی بازیان چییان بەسەردێت، تەنیا ئومێد دەخوازم دوربن لە هەموو نەخۆشییەك".
"من خەونی بون بە دایکم بۆ هەمیشە لەدەستدا، چونكە رەحمم دەرهێنا، بەڵام دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەكەم ئێستا بارودۆخم باشتر و هاوسەرەکەم وەک هەمیشە پاڵپشتێکی مەزنمە".