خوێندكاران لە هاوسەرگیری پێشوەختە ئاگاداردەكرێنەوە

سلێمانی/ 8ی ئایاری 2025/ سیمینارێك لە یەكێك لە قوتابخانەكانی قەزای كەلار. فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

لێكەوتەكانی هاوسەرگیری پێشوەختە بۆ ژمارەیەك لە خوێندكارانی قۆناغی هەشتی بنەڕەتی لە سیمینارێكدا تیشكی خرایەسەر، لە نێویاندا زیانە كتوپڕ و دورمەوداكانی ئەو جۆرە هاوسەرگیرییە بۆ سەر تەتدروستی ژنان.

ئەو سیمینارە لە قوتابخانەی تازەدێی بنەڕەتی لە قەزای كەلار سەر بە پارێزگای سلێمانی، لەلایەن (تۆڕی رۆژنامەنوسانی ژن بۆ روماڵکردنی ژینگەیی - کەرکوک ناو) پێشكەشكرا، بە بەشداریی 22 كچە خوێندكار كە بە جۆشەوە بەشدارییان تێداكرد و هەندێك چیرۆكی هاوشێوەیان لەنێو كۆمەڵگەكەیاندا گێڕایەوە و سیمینارەكەیان دەوڵەمەندكرد.

لەیلا ئەحمەد، یەكێك لە رێكخەرانی تۆڕەكە بە (كەركوك ناو)ی وت "تیشكخرایە سەر كۆی زیانە تەندروستیی و دەرونییەكانی هاوسەرگیری پێشوەختە، بۆ نمونە بەپێی داتا بەردەستەكان سكپڕی لەكاتێكی زودا  كۆمەڵێك لێكەوتەی خراپی لێدەكەوێتەوە وەك: پشت ئێشە، خوێنبەربونی بەردەوام، هەوكردنی كۆئەندامی زێ، سك ئێشە و بەرزبونەوەی رێژەی مردنی ژنەكە".

هەروەها لێكەوتەی تری هەیە لەوانە تەوانەكردنی ماوەی سكپڕی، لەبارچون، توشبونی كۆرپەلە بە جەڵتەی دەماغ، ئەمە جگە لە لێكەوتە دەرونییەكان.

رێژەی زەواجی پێشوەختە لە پارێزگای سلێمانی زیاتر لە سەدا 20ـە، بەپێی روپێوییەكی دەزگای ناوەندی ئامار سەر بە حكومەتی عیراق، بەڵام لە تەواوی عیراق رێژەكە زیاترە لەسەدا 28، ئەوەش بەهۆی بەرزی رێژەكە لە پارێزگاكانی باسور و خواروی عیراق.

(تۆڕی رۆژنامەنوسانی ژن بۆ روماڵکردنی ژینگەیی - کەرکوک ناو) كە لە كانونی دووەمی 2025دا دامەزرێنراوە، ئامانجیان لەو سیمنارە بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی بوو بۆ خوێندكاران، چونكە بەپێی لێپرسراوانی پەروەردەیی هاوسەرگیری پێشوەختە لەنێو ناوەندەكانی خوێندندا هەیە و هۆكاربووە بۆ وازهێنانی بەشێك لە خوێندكارانی كچ لە خوێندن.

Layla.siminarr
سلێمانی/ 8ی ئایاری 2025/ سیمینارێك لە یەكێك لە قوتابخانەكانی قەزای كەلار. فۆتۆ: كەركوك ناو

هەروەها چەند خوێندكارێك نمونەی هاوسەرگیری پێشوەختەی چەند خوێندكار و خزمێكی خۆیان هێنایەوە، لەوانەش ئاماژەیان بە هاوسەرگیری كچی 13 ساڵان كرد، بەهۆی ئەوەی باوكی مردبوو درابوو بە شوو.

هەروەها نمونەی هاوڕێیەكی تریان هێنایەوە كە لە تەمەنی 14 ساڵی شوی كردووە و دواتر كۆرپەكەی لە سكی مردووە.

رێبوار عەلی، بەڕێوەبەری قوتابخانەی تازەدێی بنەڕەتی تێكەڵ، وتی "لە قوتابخانەكەی ئێمەش هاوسەرگیری پێشوەختە هەبووە، زۆر كچی تریش هەبووە لەماڵەوە خێزانەكەی ویستویانە لە خوێندن دەریبهێنن و بیدەن بەشوو، بەڵام رێگریم لێیكردوە و لەگەڵ باوكی قسەم كردووە، توانیومانە پەشیمانی بكەینەوە".

"من دژی بەشودانی پێشوەختەم... بەڵام خوێندكاران و كۆمەڵگەكەش پێویستیان بە هۆشیاركردنەوە هەیە لەبارەی هاوسەرگیری پێشوەختە، ئێوە یەكەم گروپن هاتون ئەم هۆشیارییە بڵاودەكەنەوە"، رێبوار عەلی وایوت.

بەپێی راپۆرتێكی ئەنجومەنی باڵای دادوەريی عیراق، هاوسەرگیريی پێشوەختە لە هۆكارە سەرەكییەكانی بەرزبونەوەی رێژەی جیابونەوەیە، هەروەها ئامارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان دەریدەخەن سەدا 28ـی كچانی عیراق پێش تەمەنی 18 ساڵی هاوسەرگیری دەكەن، سەدا 22ـی هاوسەرگیريی تۆمارنەكراو كچانی خوار تەمەنی 14 ساڵی لە خۆدەگرێت، لەكاتێكدا ئەو كچانەی هاوسەرگیريی پێشوەختە دەكەن زیاتر له‌ هه‌ر كه‌سێكی تر روبه‌ڕوی توندوتیژی، هه‌ڕه‌شه‌ و كێشه‌ی ته‌ندروستی ده‌بنه‌وه‌.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT