رەیان فارس لەنێو بازنەیەكی داخراودا لە كەمپی خانكێ لە دهۆك خول دەخواتەوە، لەوكاتەوەی بە بڕیاری حكومەتی ئەڵمانیا دیپۆرتی عیراق كراوەتەوە، ئەو وێڵە بەدوای دۆزینەوەی كارێك، لەكاتێكدا خەونی بە ژیانێكی باشترەوە دەبینی لە ئەڵمانیا.
حكومەتی ئەڵمانیا ناوبەناو ژمارەیەك پەنابەری عیراقی دیپۆرتی عیراق دەكاتەوە، لەنێویاندا ئەو ئێزیدییانەش دەگرێتەوە، كە هەوڵی زۆر هەبوو بەهۆی ئەو دۆخەی لەشەڕی داعش بەسەریاندا هات مامەڵەیەكی جیاوازتریان لەگەڵدا بكرێت.
رەیان فارس (25ساڵ) لە ئابی 2021دا دوای رێككەوتنی لەگەڵ قاچاخچییەك لە هەرێمی كوردستانەوە بەرەو توركیا، لەوێشەوە بۆ بیلاڕوسیا بەڕێكەوت، دوای مانگێك قاچاخچییەكە لە بەرامبەر 12 هەزار و 800 دۆلار رەیانی كردە ناو خاكی ئەڵمانیاوە.
"كە گەیشتمە ئەڵمانیا زۆر دڵ خۆشبوم، وتم دەتوانم لێرە ئیش بكەم و بەباشی و بەبێ ترس بژیم"، رەیان دوای سێ مانگ لە گەیشتنی بە ئەڵمانیا خۆی تەسلیم كرد، بە ئومێدی ئەوەی مافی پەنابەرێتی پێبدرێت. لەو ماوەیەشدا رۆژانە كاریكردووە بۆ ئەوەی بتوانێت خۆی بژێنێت.
كە گەیشتمە ئەڵمانیا زۆر دڵ خۆشبوم، وتم دەتوانم لێرە ئیش بكەم و بەباشی و بەبێ ترس بژیم
ئەو بەرلەوەی بەرەو ئەڵمانیا كۆچ بكات، تا سەرەتای ساڵی 2021 لە كەمپەكانی ئاوارەییدا لە هەرێمی كوردستان دژەیا، لەوانەش كەمپی خانكێ، هیچ ئارەزوییەكیشی نەبووە بگەڕێتەوە بۆ شنگال بەهۆی دۆخەكەی كە ئاوارەكان بە "ناجێگیر" وەسفی دەكەن.
ئەو لە ئەلمانیا لە كەمپێكی نزیك شاری ئۆڵدنبێرگ هێڵدراوەتەوە و لە چاوەڕوانی ئەوەدابووە مافی پەنابەرێتی وەربگرێت، بەڵام دەڵێت رۆژێك گوێبیستی ناخۆشترین هەواڵ بووە، لە ژیانیدا، كاتێك زانیویەتی حكومەتی ئەڵمانیا پەنابەرە عیراقییەكان دیپۆرتدەكاتەوە.
رەیان وتی "من بۆ ژیانێكی باشتر رووم لە ئەڵمانیا كرد، چونكە لێرە لە عیراق هیچ ئیشێكم نەبوو، پێموابوو لە ئەڵمانیا دەتوانین كاری باش بدۆزینەوە".
ئەڵمانیا كە بە وڵاتانی پەنابەر ناودەبرێت، چەند ساڵێكە هەڵمەتەكانی چڕكردۆتەوە بۆ ناردنەوەی پەنابەرانی عیراقی و ساڵ دوای ساڵ ژمارەی ئەو عیراقییانەی دیپۆرتدەكرێنەوە زیاددەكات، بۆ نمونە لە هەموو ساڵی 2022دا تەنیا 77 كەس دیپۆتكراونەتەوە، بەڵام لە ساڵی 2023دا ژمارەكە بۆ 164 كەس زیادیكردووە.
زۆربەی ئێزیدییەكانی جیهان – لەدوای عیراقەوە- ئەڵمانیا ماڵی دووەمیانە، هەندێك سەرچاوە باس لە بوونی 250 هەزار ئێزیدی دەكەن لەو وڵاتە.
بەپێی ئامارە ناڕەسمییەكانی عیراق، دیپۆرتكردنەوەی ئێزیدییەكان لە ئەڵمانیاوە بۆ عیراق لە سێ ساڵی رابردودا گەیشتۆتە نزیكەی 300 كەس، بەڵام گرفتەكە ئەوەیە بەشێك لە گەڕێنراوەكان توانای پەیداكردنی بژێوی ژیانیان نییە، بەهۆی بێكارییەوە، هەروەها هەندێكیان لە دۆخێكی جێگیری دەرونی و ئارامیدا ناژین.
رەیان فارس، دوای سەرنەكەوتنی ئەو هەوڵەی بۆ گۆڕینی ژیانی، ئێستا گەڕاوەتەوە كەمپی خانكێ و دەڵێت لانیكەم 15 هەزار دۆلار قەرزارە، كە تێچوی گەیشتنی بوو بە ئەڵمانیا.
چارەنوسی ئێزیدییەكان لەكاتی جەنگی داعش بابەتێكی گرنگ بوو بۆ وڵاتانی ئەوروپی، لە ئەڵمانیا بەتایبەت، هەر بۆیە لە كانونی دووەمی 2023دا پەرلەمانی ئەڵمانیا ئەو تاوانانەی دژی ئێزیدییەكان کراون بە تاوانی جینۆساید ناساند.
لە بەهاری 2023دا حكومەتی فیدراڵی ئەڵمانیا رەتیكردەوە ئێزیدییەكان بۆ عیراق دیپۆرتبكرێنەوە. بەڵام لەو كاتەوە، دیپۆرتكردنەوەی عیراقییەكان، لەنێویاندا ئێزیدییەكان زیادیكردوە. ئەمەش شتێكی نوێیە – پێشتر ئێزیدییەكان بەهیچ شێوەیەك دیپۆرتنەدەكرانەوە -.
لەساڵی 2017دا، یەكەم دادوەر لەئەڵمانیا بڕیاریدا كە چیتر ئێزیدییەكان ئامانجی "سەركوتكردنی بەكۆمەڵ" نین لە عیراق – بەو پێیەی داعش كۆتایی پێهێنراوە. لەم سەروبەندەدا، كەیسی پەنابەرە تازە گەیشتووەكان خراپتر بووە- بەو پێیەش كە ژمارەیەكی زۆر پەنابەری عیراقی ئێستا دیپۆرت دەكرێنەوە، ئێزیدیشیان تیادایە.
گەنجێكی تری ئێزیدی كە بەباشی نەزانی ناوی لەم راپۆرتەدا بڵاوبكرێتەوە، وتی "منیش یەكێك بووم لەو عیراقییانەی دیپۆرتكراومەتەوە"، ئەو بەهەمان شێوە لە ساڵی 2021دا كەمپی شاریای لە پارێزگای دهۆك بەرەو ئەڵمانیا بەجێهێشت و دوای كەمتر لە دوو ساڵ لە هەرێمی فرانكفۆرتەوە گەڕێنرایەوە عیراق و ئێستا لە شنگال دەژیت.
"بەپێی یاسای ئەو هەرێمە، هەر پەنابەرێك ئەگەر مانەوەی سێ ساڵی لەوێ تەواو نەكردبێت و رەفزی هەبێت، ئەوا دیپۆرتدەكرێتەوە، منیش بەركەوتم".
ئەو گەنجە خاوەنی بڕوانامەی ئەندازیارییە، بەڵام دەڵێت لە عیراق كار نییە، بۆیە گەیشتن بە ئەڵمانیای هەڵبژاردووە، بۆ ئەوەش زیاتر لە 10 هەزار دۆلاری خەرجكردووە.
لەم پرسەدا جۆرێك لە دژبەیەكیش بەدیدەكرێت، چونكە لەكاتێكدا جەخت لە نەبونی دەرفەتی كار دەكەنەوە، بەڵام بۆ گەیشتن بە ئەڵمانیا بڕی 10 هەزار بۆ 20 هەزار دۆلار خەرجدەكەن.
ئەو گەنجە ئێستا لە ماڵی برایەكی لە شنگال دادەنیشێت و هیچ كارێكی نییە. وتیشی "هەموو ئەو ئێزیدییانەی لە ئەڵمانیا بون هەمویان دەیانوت لە شنگال كار نییە بۆیە هاتوینەتە ئەڵمانیا".
حكومەتی عیراق پارچە زەوییەك و بڕێك پارە بەهەر پەنابەرێكی عیراقی دەدات كە دیپۆرتدەكرێتەوە، بەڵام بڕیارەكە ئەو هاوڵاتییانە ناگرێتەوە كە لە چوارچێوەی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستاندا نیشتەجێن.
حكومەتی ئەڵمانیا گەڕانەوەی ئێزدییەكانی بۆ شنگال وەكو ئەولەویەتی خۆیان داناوە، ئەوەش بەپێی وتەی كریستیانا هومان باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عیراق، كە لە 11ی ئایار لە میانەی كۆبونەوەیەكیدا لەگەڵ خەڵەف شنگالی، راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ كاروباری ئێزیدییەكان جەختیلێكردەوە و وتی "ئەڵمانیا پابەند دەبێت بە پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی حکومەت بۆ گەیشتن بەو ئامانجە".
پیر دەیان جەعفەر، بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەران و وڵامدانەوەی قەیرانەكان سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە (كەركوك ناو)ی وت "تەنیا لای ئێمە 100 ئێزیدی تۆماركراون كە حكومەتی ئەڵمانیا دیپۆرتیكردونەتەوە، بەڵام ئاماری هەموو ئەو ئێزیدییانەمان لا نییە كە گەڕێنراونەتەوە، چونكە بەشێكیان لە بەغداوە راستەوخۆ چونەتەوە شنگال و نەهاتونەتەوە كەمپەكان".
تەنیا لای ئێمە 100 ئێزیدی تۆماركراون كە حكومەتی ئەڵمانیا دیپۆرتیكردونەتەوە
"ئەوانەی لە فڕۆكەخانەی بەغداوە دیپۆرتدەكرێنەوە حكومەت پاڵپشتییەكی مادییان پێدەدات، بۆ ئەوەی جارێكی تر بكەونەوە سەر پێی خۆیان، هەروەها پارچە زەوییەكیشیان پێ دەدرێت و هەوڵی دەرفەتی كاریشیان بۆ دەدات، بەڵام ئەوانەی لەڕێی حكومەتی هەرێمەوە دێنەوە، ئەو هاوكارییانە نایانگرێتەوە".
مەرجەعی باڵای ئێزیدییەكان چەند جارێك هەوڵیداوە پرسی دیپۆرتكردنەوەی عیراقییەكانی ئەڵمانیا، ئێزیدییەكان نەگرێتەوە، وەك خدر دێرو ، راوێژكاری جڤاتی روحانی ئێزیدی بە (كەركوك ناو)ی وت.
خدر دیرۆ وتی "ئێزیدییەكان مافیان بەسەر هەموو دونیاوە هەیە، لەبەر ئەو كۆمەڵكوژییەی كە روبەڕویان بۆوە، سەڕەرای هەموو ئەمانە بەشێكیان دیپۆرت دەكرێنەوە، داوا دەكەین دۆخی ئێزیدییەكان لە عیراق لەبەرچاوبگیرێت".