دڵنیابونەوە لە زانیارییەكان: دۆشاوی توو و خورما نابێتەهۆی لەباربردنی كۆرپەلە

ئەم وێنەیە لە 30ی حوزەیرانی 2025 لە ماڵپەڕی Unsplash وەرگیراوە. فۆتۆ: Gabriel Tovar

كەركوك ناو

"دۆشاوی خورما مەخۆ، با كۆرپەلەكەت لەبارنەچێت"

"ئەگەر دۆشاو بخۆیت كۆرپەكەت روبەڕوی مەترسی دەبێتەوە"

ئەم دەربڕینانە بەشێكن لەو هەڵە باوانەی كە لەناو كۆمەڵگەی عیراقیدا هەن، بەتایبەت لە نێو خانمانی دووگیان، پزیشكان و پسپۆڕانی تەندروستی داوادەكەن ژنانی دووگیان لەپێناو تەندروستی كۆرپەلەكانیان گوێ بەو هەڵە باوەكان نەگرن و پەنا بۆ پسپۆڕان ببەن.

هدی ئەحمەد، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبون، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێستا هیچ پشتڕاستکردنەوەیەک نییە کە بڵێت خواردنی دۆشاوی توو و خورما خراپە، یان دەبێتەهۆی لەباربردنی كۆرپەلە، بە پێچەوانەوە ئێمە لە کۆتایی دووگیانیدا رێنمایی ژنانی دووگیان دەکەین کە خورما بخۆن، چونکە وزە بەخشە و ئاسنیشی تێدایە".

ئەو پسپۆڕە وتیشی كە سودێكی تری ئەو دوو خۆراكە ئەوەیە یارمەتی ژنانی دووگیان دەدات و ژانی بۆ دروستدەكات لەكاتی لەدایكبونی كۆرپەلەدا و پرۆسەی لەدایكبون ئاسانتر دەكات.

خواردنی ماسی و گێزەر، دوو لەو خۆراكانەی ترن كە كە لەناو كۆمەڵگەدا، وەك دوو شتی باو ناودەبرێت كەدەبێتەهۆی مەترسی لەبارچونی كۆرپەلە.

هدی ئەحمەد، وتی "هەر بابەتێکی تەندروستی قسەی لەسەر بکەین دەبێت بەپێی داتا و توێژینەوە زانستی و پزیشكییەکان  قسەی لەسەر بکەین، بۆ نمونە هەندێک دەرمان هەیە نابێت ساڵێک پێش دووگیانبون وەربگیرێت، یاخود ڤیتامین  (A) نابێت شەش مانگ پێش دووگیانبون وەربگیرێت، ئەمانە سەلمێنراون، بەڵام بۆ خواردنیش جۆرە خواردنیکی دیاریکراو نییە کە نابێت بخورێت لەکاتی دووگیانیدا".

زیاتر وتی "ئەو خواردنانەی کە ڤیتامین  (Aیان تێدایە نابێت لە سێ مانگی سەرەتای دووگیانیدا بخورێن، چونکە کاریگەری لەسەر دروستبوونی منداڵ هەیە، بۆ نمونە جگەر چ هی مریشک بێت یان ئاژەڵ، هەروەها گێزەریش کە ئەمانە برێکی زۆر ڤیتامین (A)یان تێدایە بۆ کۆرپەلە خراپە، بەڵام ماسی حەوز كەمتر جیوەی تێدایە بەراورد بە ماسی روبارەكان و كێشەی نییە".

هاوكات سومەییە عەتا نەقشبەندی، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبون، لەپرسی ئەو خواردنانەی زیان بە كۆرپەلە دەگەیەنن، دەڵێت قاوە و  چا لەكاتی دوگیانیدا ئاساییە بخورێت، بەڵام نابێت زیادەڕۆییان تیابكرێت، "ئەگەر زیادەڕۆیی تیابكرێت دەبێتەهۆی لەبارچونی منداڵ... بەگشتی رۆژانه‌ تاوەكو 200 میلیگرام كافاین ئاساییه‌، كه‌ ده‌كاته‌ 1 کوپ قاوە، هەروەها  زۆر خواردنەوەی خواردنەوە گازییەکانیش زیان بە کۆرپەلە دەگەیەنێت".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT