چەند پەیجێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەواڵی بەرزكردنەوەی توانای سێكسی پیاوان بڵاودەكەنەوە، ئەوەش گوایا لەڕێی نەشتەرگەریی گۆڕینی هێلكەی گون. ئەوە بۆتە پرسیارێكیش كە زۆرێك لە هاوڵاتیان لە پزیشكانی تایبەت بە نەشتەرگەریی و لاوازی سێكسی دەیكەن.
راستی هەواڵەكە:
هیوا عەبدولڕەحمان، پسپۆڕی پڕۆستات و نەزۆکی پیاوان و لاوازی سێکسی، بە (كەركوك ناو)ی وت "بەهیچ جۆرێک نەشتەرگەرییەك نییە بەناوی گۆڕینی هێلكەی گون، نەشتەرگەریی لەو شێوەیەی كە باسدەكرێت نە راستە نە سەرکەوتوو دەبێت، بەهۆی ئەوەی کۆسپ و تەگەرەی زانستی گەورەی لەپێشدایە... بۆیە ئەوەش راست نییە گوایا نەشتەرگەری گۆڕینی گون توانای سێکسی پیاوان بەرزدەكاتەوە".
وتیشی "گون هەڵگری تایبەتمەندی بۆماوەیی کەسێکە و کاتێک دەگوازرێتەوە بۆ کەسێکی دیکە ناتوانرێت خۆی بگونجێنێت و خانەی دروستکەرەکانی سپێرم ناتوانن بەهیچ شێوەیەک کار بکەن و خۆیان لەگەڵدا بگونجێنن".
دكتۆر هیوا زیاتر وتی كە ئەگەر "دۆخەکە بگاتە ئەوەی لاوازی هۆڕمۆنی نێرینە، ئەوا دەتوانرێت لەڕێگەی چارەسەر و دەرمانەوە چارەسەر بكرێت، نەك نەشتەرگەریی گۆڕینی هێلكەی گون".