زانیاریی لەبارەی هۆكاری دەستگیركردنی یاریدەدەری فەرماندەی پۆلیسی كەركوك

كەركوك/ كۆتایی 2022/ چەكدارێكی سەر بە فەرماندەیی پۆلیسی كەركوك لە ئەركێكی ناوشاردا فۆتۆ: راگەیاندنی پۆلیس

كەركوك ناو

دەستگیركردنی یەكێك لە یاریدەدەرانی فەرماندەی پۆلیسی كەركوك بەهۆی "بەكارهێنانی سیم كارتی علوج" و "چاوسوركردنەوە و قسەوتن" بووە بە ئەفسەری تری نێو بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی كەركوك، ئەوەش بەپێی دوو سەرچاوە لە بەڕێوەبەرایەتییەكە بۆ (كەركوك ناو).

ئەمڕۆ دووشەممە 7ی تەمموز دوای لێكۆڵینەوەی ئاسایشی نیشتیمانی كەركوك لە دۆسییەیەكدا كە مێژووەكەی بۆ چەند مانگێك لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بڕیاری دەستگیركردن بۆ یەكێك لە یاریدەدەرانی فەرماندەی پۆلیسی کەرکوک جێبەجێكرا.

یەكێك لە سەرچاوەكان بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو یاریدەدەرە كێشەی لەگەڵ سێ ئەفسەری تردا هەبووە، كێشەی دووان لەو كەسانە چارەسەركراون لەڕێی رێككەوتنی عەشایەرییەوە، بەڵام كێشەی یەكێكی تر بە هەڵواسراوی ماوەتەوە".

سەرچاوەكە وتی "دوای ماوەیەك بە ژمارەیەكی نەناسراو (علوج)، پەیوەندی بە یەكێك لەو ئەفسەرانەوە كراوە و چاوسوكردنەوە و قسە پێوتن رویداوە، دوای ماوەیەك ئەو ژمارەیە داخراوە".

لەو بەینەدا ئەو ئەفسەرەی قسەی پێوتراوە سكاڵای تۆماركردووە و ئاسایشی نیشتیمانی عیراقیش لێكۆڵینەوەی تیاكردووە.

سەرچاوەیەكی تری (كەركوك ناو) كە لەبەرئەوەی مافی لێدوانی نییە ئامادەنەبوو ئاماژە بەناوی بكەین، وتی "لە لێكۆڵینەوەی ئاسایشی نیشتیمانیدا دەركەوتووە ئەو سیمكارتە علوجە نەناسراوە، داخلی مۆبایلی یاریدەدەرەكەی پۆلیسی كەركوك كراوە و لەوێوە قسەی بەو ئەفسەرە وتووە و ئاشكرابووە كە ئەو ژمارەیە لەلایەن ئەو یاریدەدەرەوە بەكارهێنراوە".

سەرچاوەكەی جەختیكردەوە كە بەپێی ماددەی 430 یاسای سزادانی عیراقی دەستگیركراوە، ئەو ماددەیە تایبەتە بە كەیسەكانی پەیوەست بە گێچەڵی ئەلكترۆنی.

بەپێی ماددەی 430 هەرکەسێک هەڕەشە لە كەسێك تر بكات، بەوەی كەتنێك دژی خۆی و ماڵی یان دژی كەسێكی تر و ماڵی كەسێكی تر بكات، یان پاڵپشت بە هەندێك كاروباری روشێنەری شەرەف، یان ئابڕۆبردن، ئەگەر ئەو هەڕەشەیە داواكارییەكی لەگەڵدا بێت، یان داواكردن بێت بۆ ئەوەی شتێك بكات، ئەوا بە زیندانی سزادەدرێت كە لە حەوت ساڵ زیاترنەبێت.

عامر نوری شوانی، وتەبێژی پۆلیسی كەركوك، لەبارەی ئەو روداوەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەوەی هەیە دەستگیركردن نییە، تەنیا ئیجرائاتێكی ئیداریی لەگەڵدا دەكرێت"، بەڵام هیچ رونكردنەوەیەكی تری لەسەر روداوەكە نەدا، وتی "تاوەكو زانیاریی زیاتر كۆدەكەمەوە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT