سودانی بەدواداچونەكانی بۆ كێشەی ناحیەی پردێ دەستپێكرد

ئەحمەد فەتلاوی، سەرۆکی دەستەی باڵای هەماهەنگیی نێوان پارێزگاکان گەیشتە پارێزگای كەركوك. فۆتۆ: راگەیاندنی پارێزگار

كەركوك ناو

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عیراق، لەڕێی وەفدێكەوە بەدواداچونەكانی بۆ كێشەی ناحیەی پردێ (ئاڵتون كۆپری) دەستپێكرد، دوابەدوای هەندێك ئاڵۆزی و خۆپیشاندانی توركمانەكان دژی دەستبەكاربونی سەرۆكی شارەوانی ناحییەكە لە پێكهاتەی كورد.

 ئەمڕۆ دووشەممە 7ی تەمموز، ئەحمەد فەتلاوی، سەرۆکی دەستەی باڵای هەماهەنگیی نێوان پارێزگاکان گەیشتە دیوانی پارێزگای كەركوك و دوای كۆبونەوەی لەگەڵ پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەن، وەفدەكە بەرەو ناحیەی پردێ بەڕێكەوتن، بۆ لێكۆڵینەوە و بەدواداچون بۆ دۆخی ناحییەکە، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێكی نوسینگەی پارێزگاری كەركوك.

ئەو بەدواداچونە بە بڕیاری سودانی، دوای ئەوە هات كە لە دوو راگەیەنراوی جیاوازدا، هەریەكە لە محەمەد سەمعان، سەرۆكی بەرەی توركمانی و ئەرشەد ساڵحی، پەرلەمانتاری ئەو بەرەیە، لە پێنجشەممەی رابردوو 3ی تەمموز داوایان لە سودانی كرد، دەستتێوەردان بكات لە پرسی پێكهێنانەوەی حكومەتی خۆجێی كەركوك و وەڵامدانەوەی توركمانەكان بەرلەوەی دۆخەكە لەدەست دەربچێت.

هەریەكە لە رێبوار تەها، پارێزگاری كەركوك و  محەمەد حافز، جێگری سەرۆكی ئەنجومەن، دوابەدوای فراوانبونی ناڕەزایی توركمانەكانی پردێ و داخستنی رێگای سەرەكی كەركوك – هەولێر لە پێنجشەممەی رابردوو، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا پێكهێنانی لیژنەیەكیان راگەیاند بۆ دوبارە پێداچونەوە بە پۆستەکانی ئەو ناحیەیانەی پێکهاتەی جیاوازی تێیدا دەژیت.

بەڵام سەرۆكی بەرەی تورکمانی ئەو لیژنەیەی رەتكردەوە و وتی "ئێمە دان بە حکومەتی بەناو هۆتێل رەشید لە کەرکوکدا نانێین، دان بەو لیژنانەیەشدا نانێین کە لەژێر پەردەی گەڕاندنەوەی هاوسەنگی ئیداری پێکهێنراون".

داخوازی توركمانەكان ئەوەیە كە سەرۆكی نوێی شارەوانی لە پێكهاتەی توركمان بێت، بەو پێییەی "پردێ شارێكی توركمانییە"، لەكاتێكدا بەپێی ئامارێكی ئیدارەی كەركوك زۆرینەی پۆستەكانی ئەو ناحیەیە بەدەست ئەوانەوەیە، هەرچەندە لە ناحیەكەدا "زۆرینە نین"، وەك لایەنە كوردییەكان جەختیلێدەكەنەوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT