پۆلیسی كۆمەڵگەیی لە كەركوك 12 حاڵەتی هەڵهاتنی كچانی لەماڵ راگەیاندووە، لەگەڵ تۆماركردنی 17 حاڵەتی توندوتیژی خێزانی لە شەش مانگی رابردودا.
ئەو ئامارە لە دووەمین كۆنگرەی ساڵانەی پۆلیسی كۆمەڵگەیی خرایەڕوو كە سێشەممە 9ی تەمموز لە دیوانی پارێزگای كەركوك بەڕێوەچوو، تیایدا ئامار و چالاكییەكانیان خستەڕوو.
بەپێی ئامارەكە لە ماوەی شەش مانگی رابردوی ئەمساڵدا 11 حاڵەتی تاوانی گێچەڵی ئەلیكترۆنی تۆماركراوە، لەگەڵ 12 حاڵەتی هەڵهاتنی كچان، 17 حاڵەتی توندوتیژی خێزانی و شەش حاڵەتی رێگریكردن لە توندوتیژی.
بەراورد بە ئاماری چەند ساڵێك لەمەوبەر، گێچەڵی ئەلیكترۆنی زۆر كەمیكردووە، بۆ نمونە لە ساڵی 2022و لە نۆ مانگی یەكەمی ئەو ساڵەدا، 670 حاڵەتی گێچەڵی ئەلیكترۆنی لەلایەن پۆلیسی كۆمەڵگەیی تۆماركراوە.
ئەوەش بەپێی لێپرسراوانی پۆلیسی كۆمەڵگەیی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە چالاكی هۆشیاریی و سیمیناریان زیادكردووە، بۆ نمونە لە شەش مانگی ئەمساڵدا هەزار و 377 هەڵمەتی هۆشیاركردنەوەیان لە بازاڕ و شوێنە گشتییەكان ئەنجامداوە، لەگەڵ 116 سیمینار لە دام و دەزگا حكومی و ناحكومییەكان. هەروەها 37 سیمیناری ناوچەیی.
پۆلیسی كۆمەڵگەیی لەگەڵئەوەشدا 143 گفتوگۆ و دانیشتنی لەگەڵ هۆز و عەشیرەتەكان لەسەر پرسی توندوتیژی خێزانی ئەنجامداوە.
یەكێك لە چالاكییەكانی تر كە لە كۆنگرەكەدا خرایەڕوو، دەستبەسەرداگرتنی چەكی بێ مۆڵەت بوو، بەهۆیەوە لەو شەش مانگەدا گەڕاندنەوەی 267 چەك بۆ دەوڵەت تۆماركراوە.
پۆلیسی كۆمەڵگەیی بەشێكی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی كەركوكە، لە چوارچێوەی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی عیراق و چاودێری پرسەكانی پەیوەست بە توندوتیژی دژ بە ژنان و خێزان دەكات، هەروەها چاودێری ناو بازاڕ و شوێنە گشتییەكان دەكات بۆ رێگریكردن لە كاری نەشیاو.
لەو شەش مانگەدا 58 كەیسی لەسەر بنەمای یەكسانی و ئاشتەوایی چارەسەر كردووە.
لە ماددەی 29ـی دەستوری عیراقدا هاتووە، كە رێگەنادرێت بە گرتنەبەری شێوازەكانی توندوتیژی و ستەم لە ناو خێزان و قوتابخانە و كۆمەڵگەدا.