وەزارەتی تەندروستی عیراق رەزامەندی نیشانداوە بۆ كردنەوەی یەكەی پشكنینی پێش هاوسەرگیری لە قەزای داقوق، بەڵام هێشتا ئەو خزمەتگوزارییە بەردەست نییە.
ئەو رەزامەندییەی وەزارەتی تەندروستی، دوابەدوای سەردانێكی دیلان غەفور، پەرلەمانتاری كەركوك هات بۆ لای وەزیری تەندروستی عیراق لە دووشەممە 7ی تەمموز.
دیلان وتی "وەزیر رەزامەندی نیشانداوە بە كردنەوەی یەکەی پشکنینی پێش هاوسەرگیری لە نەخۆشخانەی گشتیی داقوق".
سەرچاوەیەك لە نەخۆشخانەی گشتی داقوق جەختیكردەوە كە ئەوانیش ئەو هەواڵەیان بیستووە، بەڵام هێشتا هیچ شتێكی رەسمیان پێنەگەیشتووە.
لەگەڵ ئاماژەدان بەوەی ئەوانەی هاوسەرگیری دەكەن ناچارن بۆ پشكنینی پێش هاوسەرگیری بچنە سەنتەری كەركوك، یان قەزای دوزخورماتوو بۆ پشكنین، ئەوەش كات و تێچووی زیاتری تێدەچێت بەراورد ئەگەر لە سەنتەری داقوق ئەو خزمەتگوزارییە هەبوایە.
قەزای داقوق بە دوری 44كم دەكەوێتە باشوری ناوەندی پارێزگای كەركوك.
پشكنینی پێش هاوسەرگیری مەرجی سەرەكی دادگایە بۆ مارەبڕینی هاوسەرگیری، پشكنینەكان بریتین لە پشكنینی جۆری خوێن، پێکهاتەی خوێن، پشکنینی نەخۆشییە بۆماوەییەکان، ڤایرۆسی ئایدز، هەوکردنی جگەری جۆری (B) و(C)، پشکنینی سپێرم لە پیاوان و هێلکەدان لە ژنان.
ئامانجەكە بۆ ئەوەیە بزانین توانای منداڵبونیان هەیە یان نا، نەخۆشییە بۆماوەییەكانیان چین و پێویستە چ هەنگاوێك بنێین.
دواتر لیژنەی پزیشکی هەمیشەیی بە راپۆرتێک كە ئاراستەی دادگای دەكەن، تیایدا ئەوە روندەكەنەوە كە ئایا ئەو دوو كەسە گونجاون بۆ هاوسەرگیری و خستنەوەی وەچەیەكی تەندروست یاخود نا، دادگاش لەسەر بنەمای ئەو راپۆرتە بڕیاردەدات لەیەكتر مارەییان بكات یاخود نا.