پسپۆڕێكی نەشتەرگەریی میزەڕۆ و نەزۆکی پیاوان، هۆشداریی دەدات لە شێوازی بەكارهێنانی لاپتۆپ بەتایبەت لەسەر باوەش و ناوچەی حەوز، دەڵێت "كاریگەریی دەكاتە سەر جوڵەی سپێرم" و وەچەخستنەوە لاواز دەكات.
دكتۆر رەنج بیلال کاکەیی، بە (كەركوك ناو)ی وت "بەکارهێنانی لاپتۆپ لەم سەردەمەی ئێستاماندا زۆر بووە، بەشێكی زۆری بەكارهێنەرانیش لە نزیك ناوچەی حەوز بۆ ماوەیەكی درێژ و بەردەوام دایدەنێن، ئەوەش لەڕوی تەندروستییەوە زیان بە پیاوان دەگەیەنێت".
كاریگەریی گەرمی و تیشكی ئەلیكترۆنی:
ئەو رونكردنەوەكە لەسەر ئەو بابەتە دەدات و جەختیكردەوە "ئەو گەرمییەی کە لە لاپتۆپەکەوە دەردەچێت کاریگەری دەکاتە سەر گونەکان، چونکە پلەی گەرمی گونی پیاو دەبێت 2 بۆ 4 پلە لە خوار پلەی گەرمی جەستەوە بێت، کاتێک بۆ ماوەیەکی زۆر و درێژ گەرمی بەر گونەکان دەکەوێت لە لاپتۆپەکەوە، ئەوا کاریگەری دەکاتە سەر گونەکان و دروستبون و جوڵەی سپێرم لە پیاوان و جوڵەی هێلکەش لە خانماندا".
ئاماژەی بەوەشدا كە هەندێك سەرچاوە دەڵێن "لاپتۆپ جگە لە گەرمییەکەی تیشکی ئەلیکترۆنی هەیە کە دەشێت کاریگەری بکەتە سەر سپێرم، بەڵام جارێ بە تەواوی نەسەلمێنراوە و توێژینەوەی لەسەر دەکرێت".
شێوازی دانیشتن:
دكتۆر رەنج هەروەها دەڵێت هەندێک جۆری دانیشتن هەیە لە کاتی بەکارهێنانی لاپتۆپ چوونی خوێن بۆ ناوچەی حەوز کەم دەكات، بۆیە دەشێت کاریگەری هەبێ لەسەر گونەکان، "بۆیە چاکتر وایە بەکارهێنانی لاپتۆپ دوور بێت لە ناوچەی حەوز بۆ ئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر بەرکەوتنی گەرمی نەبێت بۆ ئەو ناوچەیە و ئاگامان لە شێوازی دانیشتنمان بێت".
"هەموو ئەو هۆکارانەش کە باسمانکرد رەنگە ببێتەهۆی نەزۆکی لە هەندێک کەسدا و لاوازبوونی توانای وەچەخستنەوە".