وێنەیەكی باو لەناو خەڵك بەتایبەت بەشێك لە ژناندا هەیە گوایا، مەنعی سروشتی ژنان توشی نەخۆشی دەكات، لەوانەش وشكبونەوەی منداڵدان و دواتر نەزۆكی، بەڵام پسپۆڕانی نەخۆشییەكانی ژنان و منداڵبون دەڵێن "هیچ بنەمایەكی زانستی نییە".
پەرژین جەلال عەبدوڵا، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی ژنان و منداڵبون، بە (كەركوك ناو)ی وت "منداڵدانی ژن ئەندامێكی ناوەكییە، تۆوی پیاوی تێبچێت یان نا، جەستەی مێینە بەردەوام دەبێت لەكاری خۆی، هێلكەدان كاری خۆی دەكات، بۆیە ئەوەی دەوترێت مەنعی سروشتی رەحمی ژنان وشكدەكاتەوە و توشی نەزۆكیان دەكات بەهیچ شێوەیەك راست نییە و هیچ بەڵگەیەكی زانستی نییە ئەوە بسەلمێنێت".
وتیشی "نەزۆكی چەند هۆكارێكی لەپشتە وەك هەوكردن و كێشەی هۆرمۆنەكان و... هۆكاری تر".
رێگریكردن لە دوگیانبون بەشێوەی سروشتی، بریتییە لە رێگریكردن لە چونە ژورەوەی تۆی پیاو بۆ ناو منداڵدانی ژن، بەڵام بەگشتی چەند جۆرێكی باوی رێگریكردن لە دوگیانبون هەن كە بە سروشتی دانانرێن، لەوانە حەب و دەرزی، لەولەبی قۆڵ كە لە ژێر پێستدا دادەنرێت و 3 بۆ 5 ساڵ كاردەكات، لەگەڵ ئەڵقەی زێ – ئەڵقەیەكی نەرمە لەناو زێدا دادەنرێت و مانگانە دەگۆڕدرێت.
كۆندۆم، لە جۆرێكی تری رێگریكردنە لە دوگیانبون كە ژنان لە نەخۆشییە سێکسییەکان دەپارێزێت.
پزیشكان رێنمایی ژنان دەكەن لە خۆیانەوە، بەكارهێنانی هیچ شێوە و رێگایەكی رێگرییكردن لە دوگیانبون بە باشترین رێگە دانەنێن، تاوەكو تەندروستی خۆیان هەڵنەسەنگێنن، "باشترین رێگە بەندە بە تەندروستی دایك كە چ جۆرە رێگرییەكی بۆ باشە، باشترین رێگەش پزیشك دیاری دەكات"، بەپێی وتەی پزیشكانی پسپۆڕ.