چەند پەیجێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بانگەشەی خواردنی شیرینی دەكەن بۆ خانمان لەكاتی سوڕی مانگانەدا، گوایا سودی هەیە، هەندێك دەڵێن جۆرەكانی خواردن كاریگەریی هەیە لەسەر وەستانی خوێن یان نەوەستانی هەر لەكاتی سوڕی مانگانەدا.
راستی هەواڵەكە
پەرژین جەلال عەبدوڵا، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی ژنان و منداڵبون، بە (كەركوك ناو)ی وت "خواردنی شیرینی وەك دەوتریت باشە لەكاتی سوڕی مانگانەدا ئەگەر شیرینی سروشتی نەبێت بەپێچەوانەوە خراپە و رەنگە ببێتەهۆی ئاوسانی سك و باری دەرونی خراپ بكات".
بەڵام لەگەڵئەوەشدا وتی "شیرینییە سروشتییەكانی وەك میوە، بۆ نمونە مۆز، شوكلاتێكی تۆخ وادەكات ئازاری ناوسك كەمببێتەوە و باری دەرونی كەسەكەش ئارام بكاتەوە"، پەرژین زیاتر وتی "تونی و ترشی لەو كاتەدا پەیوەندی راستەوخۆیان نییە بە كەمبون یان وەستانی سوڕی مانگانە، بەڵام رەنگە هەندێك كەس هەستیاری پێیان هەبێت و توشی ئازاری گەدە و ئاوسانی سكیان بكات، چونكە لەوكاتەدا ناوسك خۆی گرژ دەبێت".
ئاماژەی بەوەشدا كە هیچ توێژینەوەیەك وەستان یان نەوەستانی خوێنی سوڕی مانگانەی بەهۆی خواردنەوە نەسلماندووە، "بەڵام خواردنی وەك ترشی، تونی بەهارات رەنگە كەسێك هەستیاری هەبێت بۆیە وای لێدەكات هەست بەئازاری گەدە، سكچون، یان ئاوسانی سك بكات، چونكە كەسەكە هەستیارتردەبێت لەسوڕی مانگانەدا".
لەبارەی ئەو دەنگۆ و هەواڵانەی هانی ژنان دەدەن بەوەی گەرما یان سەرمابون كاریگەری هەیە لەسەر هاتن و وەستانی خوێنی سوڕی مانگانە، ئەو پسپۆڕەی نەخۆشییەكانی ژنان و منداڵبون، وتی "ئەمانە هەموو لەڕوی پزیشكییەوە دورن لەڕاستییەوە، چونكە لەبەر گەرما بێت یان سەرما خوێن ناوەستێت و ناوپۆشی منداڵدان خوێنی خۆی دەردەكات، بەڵام هەست بە گەرما و سەرما لەوكاتەدا ئاساییە بەهۆی گۆڕانی هۆرمۆنەكانەوە".