دەرزی هۆڕمۆنی تێستۆستیرۆن زیانی بۆ پیاوان هەیە

ئەم وێنەیە لە ماڵپەڕی Unsplash وەرگیراوە لە 3ـی ئابى 2025 فۆتۆ: Rod Long

كەركوك ناو

بەکارهێنانی دەرزی تێستۆستیرۆن، كە هەندێك بە دەرزی هۆڕمۆن ناوی دەبەن، کاریگەری خراپی هەیە لەسەر دروستبوونی سپێرمەکان بۆ كەسانی گەنج و ئەگەری نەزۆكی لێدەكەوێتەوە.

ئەو مەترسییە لە كاتێكدا لەنێو بەشێك لە هاوڵاتیاندا و بە پشتبەستن بە زانیاری چەوت وابڵاوە ئەو دەرزییە زیانی نییە.

رەنج کاکل، پزیشكی پسپۆڕی نەشتەرگەری میزەڕۆ و نەزۆکی پیاوان بە (كەركوك ناو)ـی وت "هۆڕمۆنی تێستۆستیرۆن هۆڕمنێکی نێرینەیە کە لە گوونەکاندا دەردەدرێت و یارمەتیدەرە بۆ دەرکەوتنی سیفەتی نێرینە لە پیاواندا، بەڵام بەداخەوە بابەتی بەکارهێنانی ئەو هۆڕمۆنە ئێستا زۆر باوە، ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوو لە زیاد بوون دەکەن، بە تایبەت لەلایەن وەزشوانان زۆر دەبینرێ، کە ئەوەش بۆ مەبەستی بەهێزکردنی و گەورەکردنی ماسولکە بەکاریدەهێنن".

ئەو دەربارەی لێكەوتەی نەرێنی دەرزییەكە و ئەگەری نەزۆكی، رونیكردەوە "کاتێک کەسێک بێ ئەوەی هیچ کێشەیەکی لە هۆڕمۆنی تێستۆستیرۆن هەبێت و بەبێ ڕێنمایی دکتۆر هەستێت بە بەکارهێنانی ئەم هۆڕمۆنە بە هەر مەبەستێک بێت، ئەوە مێشک ئاگاداردەکرێتەوە کە چی تر هەڵنەسێت بە دەردانی ئەم هۆڕمۆنە لە لەشدا، چونکە ڕێژەیەکی زۆر لە هۆڕمۆنی تێستۆستیرۆن لە لەشدا هەیە، بۆیە ئەمە دەبێتە هۆی تێکدانی سروشتی دەردانی هۆڕمۆنی تێستۆستیرۆن و لە ئەنجامدا هۆڕمۆنی تێستۆستیرۆن کەمدەکات و سپێرم کەم دەبێتەوە و ئەگەری تووشبوون بە نەزۆکی زیاد دەکات.

هەر ئەو دەرزییە وەكو دكتۆر دەڵێت، لە كاتی بەكارهێنانی بەبێ رێگەپێدانی پزیشكی و پێویستیی، ئەوا پووکانەوە و سفربوونی سپێرمیش زیاد دەکات و ئەگەری لاوازی سێکسی (رەپنەبوونی چوك) زیاد دەکات.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT