هەریەكە لە شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عیراق و رێبوار تەها، پارێزگاری كەركوك، درەنگانێكی شەوی رابردوو كەوتنە دەركردنی راگەیەنراو و وەڵامدانەوەی یەكتر، لەسەر پرسی كردنەوەی لقی فەرمانگەیەك لە قەزای حەویجە، كە بەپێی نوسراوی وەزارەتی كارەبا، هەموو ناحییەكان بەشێك دەبن لەو لقە.
ئەو دوو كەسایەتییەی كەركوك لە دوو حزبی ركابەری كوردی، هەریەكە و تەنیا دووان لەو نوسراوانەیان بڵاوكردۆتەوە كە لە چوارچێوەی كردنەوەی فەرمانگەی كارەبای حەویجەدا دەرچون و بە پشتبەستن بەو نوسراوانە رەخنە و گلەییەكانیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئاراستەی یەكتر كردووە.
"ئەمە کارەساتە"، بەم ناونیشانە لەگەڵ بڵاوكردنەوەی دوو نوسراوی وەزارەتی كارەبا، شاخەوان عەبدوڵا، كە لەسەر پشكی پارتی پۆستەكەی لە بەغدا وەرگرتووە، رەخنە و تۆمەتی روبەڕوی رێبوار تەها، پارێزگاری كەركوك لە پشكی یەكێتی كردەوە و لە پۆستێكیدا جەختیكردەوە "بەپێی ئەم نوسراوە بێت ناحییەكانی شوان، لەیلان، سەرگەڕان و یایچی، تازە، پردێ، داقوق و دوبز خرایە سەر قەزای حەویجە"، هەروەها زیاتر وتی "ئیتر خانەوادەیەکی شەهیدی ئەو ناوچانە ئەگەر پێویستیان بە عامودێک بێت دەبێت بچن داوا لە حەویجە بکەن بۆیان دابین بکات".
شاخەوان عەبدوڵا هەر لە پۆستەكەیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك كە میدیاكانی حزبەكە بە گرنگییەوە بڵاویانكردەوە، دەڵێت "دەبێت ئەو نوسراوە هەڵبوەشێتەوە و وەزیری كارەباش بۆ ئەوە رەزامەندی نیشاندا، بەڵام داوایكرد لەلایەن پارێزگاری كەركوكەوە نوسراوی هەڵوەشاندنەوەی بكرێت".
شاخەوان عەبدوڵا روی دەمی دەكاتە رێبوار تەها، "تا ئەو ناوچانەش بەدەردی قایمقامی دوبز و داقوق و فەرمانگەی کشتوکاڵ نەچووە، نوسراوێک بکە و باقی لەسەر من، چونکە نە مێژوو، نە خەڵکی ئەوناچانە رەحم ناکەن"، ئەوەش وەك ئاماژەیەك بەوەی پۆستی قایمقامی هەردوو قەزای دوبز و داقوقی داوە بە پێكهاتەی عەرەب لە بەرامبەر رەزامەندیان بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ كورد و یەكێتی.
لە یەكێك لەو نوسراوانەی كۆمپانیای دابەشكردنی كارەبای باكور سەر بە وەزارەتی كارەبا دەرچووە و شاخەوان عەبدوڵا بڵاویكردۆتەوە و بۆ نوسینەكەی پشتی پێبەستووە، رەزامەندی نیشاندراوە بۆ كردنەوەی لقێكی نوێی كارەبای حەویجە لە چوارچێوەی پەیكەری رێكخراوەیی كۆمپانیای دابەشكردنی كارەبای باكور، هەروەها ناوی لقە نوێیەكە بەناوی لقی كارەبای حەویجە و دەوروبەری كەركوكەوە ناونراوە.
لە نوسراوەكەی تری هەمان كۆمپانیا، كە بەهەمان شێوە شاخەوان عەبدوڵا پشتی پێبەستووە و لە 27ی تەمموز دەرچووە، تیایدا لقی كارەبای حەویجە و دەوروبەری وەك پێداویستییەكی گرنگی هاوڵاتیانی ناوچەكانی قەزای حەویجە، دوبز و داقوق دانراوە، هەروەها لەگەڵ ناوهێنانی ناحییەكانی سەر بە حەویجە، ئاماژەی بە هەندێك ناحیەی تریش كردووە، لەوانە (شوان، سەرگەڕان، لەیلان و یایچی).
شاخەوان عەبدوڵا، جگە لەو دوو نوسراوەی وەزارەتی كارەبا، ئاماژەی بە نوسراوی پارێزگاری كەركوك و سەرۆك وەزیرانی عیراقی نەكردووە.
ئەم پرسە بە خێرایی لە میدیادا بڵاوبۆوە و بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە كاتژمێر 12:20 خولەك، نوسینگەی راگەیاندنی رێبوار تەها، پارێزگاری كەركوك لە راگەیەنراوێكدا وەڵامی شاخەوان عەبدوڵای دایەوە.
لە راگەیەنراوەكەدا بەناونیشانی "رەزامەندیی سەرۆک وەزیران تەنها بۆ جیاکردنەوەی فەرمانگەی کارەبای حەویجەیە"، هاتووە "ئەگەر کەسانێک نیازیان هەبێت شوێنی دیکە بخەنە سەر ئەم بڕیارە، ئەوا هەوڵەکانیان تەنها لەسەر کاغەز دەمێنێتەوە و هیچ بەهایەکی کارپێکردنی نابێت."
لەگەڵئەوەشدا دەڵێت "دەبوو پەرلەمانتار شاخەوان عەبدوڵا، دەقی نوسراو و رەزامەندییەکەی سەرۆک وەزیرانی بڵاوبکردایەتەوە، کە بە دڵنیاییەوە نوسراوەکەی لەلایە، بۆ ئەوەی هیچ تەمومژ و لێکدانەوەیەکی هەڵە بۆ بابەتەکە دروستنەبێت".
لەگەڵ ئەو راگەیەنراوەدا، نوسینگەی رێبوار تەها، دوو نوسراوی وەكو بەڵگە بڵاوكردۆتەوە، كە یەكێكیان نوسراوی سەرۆك وەزیرانی عیراقە و تیایدا تەنیا باسی دامەزراندنی لقی كارەبای حەویجە دەكات لەسەر بنەمای نوسراوێكی پارێزگاری كەركوك و لەو نوسراوەی سەرۆك وەزیران ووشەی "دەوروبەری كەركوك"ی تیا نییە.
هاوكات نوسراوێكی رێبوار تەها، پارێزگاری كەركوك لەگەڵ راگەیەنراوی نوسینگەكەیدا هاوپێچ كراوە كە رەوانەی سەرۆك وەزیرانی عیراق كراوە و تیایدا ئاماژە تەنیا بە كردنەوەی لقی كارەبای حەویجە دەكات و لەوێش ووشەی دەوروبەر نەهاتووە.
لەو نوسراوەدا پارێزگار گرنگی كردنەوەی ئەو لقە روندەكاتەوە و دەڵێت قەزای حەویجە و ناحییەكانی زاب، عەباسی و ریاز دانیشتووانەكەی نزیكەی 450 هەزار كەسن و ناوچەیەكی كشتوكاڵییە و تۆڕەكانی كارەبا لەو ناوچەیە بەردەوام پێویستیان بە چاككردنەوە هەیە، ئەوەش فشارێكی زۆر لەسەر فەرمانگەی كارەبای كەركوك دەكات، بۆیە بە پێویستی دەزانێت لقێكی نوێ بۆ حەویجە و ناحییەكانی ئەو قەزایە بكرێتەوە.
شاخەوان عەبدوڵا پێیوایە لەو پرسەدا "فێڵ" لە پارێزگاری كەركوك كراوە و دەڵێت "بینیم نوسراوێکی پارێزگا بە ژمارە 636 لە 17ی نیسانی ئەمساڵ و بە واژۆی كاك رێبوار بۆ سەرۆك وەزیران كراوە و ئەویش هامشی كردووە".
زیاتر وتی "نوسراویان بۆ قەزای حەویجە بە پارێزگار كردووە، کەچی بە پیلانی وەزیرێک ئەو شوێنانەیان خستوەتە سەر"، وەك ئاماژەیەك بۆ قەزا و ناحییەكانی دەرەوەی قەزای حەویجە.