شەڕی بەدەستهێنانی پێگە و دەرفەتی گۆڕینی یاریی
لەم هەڵبژاردنەدا 17 ملیۆن گەنج مافی بەشداریكردنیان هەیە

10ی تشرینی یەكەمی 2021/ كچێك دوای بەشداریكردنی لە هەڵبژاردن، فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

گەنجان لەم هەڵبژاردنەدا دەرفەتێكی گرنگیان لەبەردەمدایە تا پێگەی خۆیان لە حوكمڕانی داهاتوودا بەهێزتر بكەن و یارییەكە لە حزبە نەرێتییەكان تێكبدەن، كە بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لانیكەم لەسەدا 65 دەنگدەرانی ئەمجارە گەنجن.

ئەو هێزی ژمارەیەی گەنجان لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عیراقدا كە بڕیارە لە 11ی تشرینی دووەمی 2025دا بەڕێوەبچێت، حزب و هاوپەیمانێتییە بە هێزەكانی ناچار بە گرنگیپێدانی توێژی گەنجان كردووە.

بەپێی ئاماری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، 29 ملیۆن كەس لەم هەڵبژاردنەدا مافی دەنگدانیان هەیە و  17 ملیۆنیان تەمەنیان لە نێوان 18 – 35 ساڵیدایە، ئەوەش لانیكەم لەسەدا 65ی كۆی دەنگدەرانی عیراق دەكات.

عەلی عومەر، ئەندامی دەستەی جێبەجێكاری ئەنجومەنی باڵای گەنجانی عیراق، وتی "زۆری ئەو رێژە زۆرەی گەنج كە مافی دەنگدانیان هەیە، وایكردووە هێزە سیاسییەكان لە بەرنامەی هەڵبژاردنیان تەركیزیان لەسەر گەنجان بێت وەك ئەوەی ئێمە ئاگادارین"، لەگەڵئەوەشدا وتی "هەر ئەمە وایكردووە پەیوەندی بە گەنجە دیارەكانی نێو كۆمەڵگەوە بكەن تا لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەكانیان خۆیان كاندید بكەن، ئەوەش بۆ ئەوەی زۆرترین گەنج رابكێشن بۆ سەر سندوقەكانی دەنگدان و لەو رێیەشەوە كورسی زیاتر بەدەستبهێنن".

ئەنجومەنی باڵای گەنجان، راستەوخۆ سەر بە ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقە و خودی سەرۆك وەزیران سەرپەرشتی دەكات و شەش وەزیری تیایدا ئەندامن، كارەكانیان بریتییە لە گوێگرتن لە گەنجان و هەوڵدان بۆ پەرەپێدانی توانا و بەهرەكانیان لە تەواوی عیراق.

لەكۆی ئەو 29 ملیۆن دەنگدەرەی مافی دەنگدانیان هەیە، 21 ملیۆن دەنگدەر داتاكانیان نوێكردۆتەوە و نزیكەی 13 ملیۆنیان تەمەنیان لە نێوان 18 تا 35 ساڵیدایە، بەو واتایەی دوو لەسەر سێی ئەوانەی داتاكانیان نوێكردۆتەوە گەنجن.

21 ملیۆن دەنگدەر داتاكانیان نوێكردۆتەوە و نزیكەی 13 ملیۆنیان تەمەنیان لە نێوان 18 تا 35 ساڵیدایە

عەلی عومەر وتی "بەپێی داتاكانی ئێمە لە هەڵبژاردنی پێشوو حەوت ملیۆن گەنج بەشدارییان لە هەڵبژاردن نەكرد، بەڵام ئێستا بە نزیكەیی تەنیا چوار ملیۆن گەنج ماون داتاكانیان نوێبكەنەوە و هێشتا دەرفەتیش ماوە بۆ باشتركردنی ئەو رێژەیە، ئەمە ئاماژەیەكی باشە و پێماندەڵێت كە رەنگە ئەمجارە رێژەی بەشداریی گەنج زیاتر بێت".

لەم هەڵبژاردنەدا بۆ یەكەمجار لە دایكبووانی 2005 و 2006 مافی دەنگدانیان هەیە، كە یەك ملیۆن دەنگدەری نوێ دەكات.

مەجاشع تەمیمی، لێکۆڵەری سیاسیی عیراقی  دەڵێت "وادەردەكەوێت لە نێو هاوپەیمانێتییە بە هێزەكانی ئەم هەڵبژاردنەدا، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عیراق زیاتر دركی بەو راستییە كردبێت كە گەنج كاریگەریی زۆرتر دەبێت و یەكلاییكەرەوە دەبێت، هەر بۆیە پەیامەكانی رووە و ئەو توێژەیە، ئەمە هەستكردنە لە هاوپەیمانێتییەكانی تر كەمتر بەدیدەكرێت".

سودانی، هاوپەیمانێتی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدانی بە بەشداری حەوت هێز و هاوپەیمانی لە تەواوی پارێزگاكانی عیراق راگەیاندووە، وەك ركابەری بەهێزی رەوتە تەقلیدییەكانی شیعە لەنێویاندا دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی، هاوپەیمانی فەتح، بە سەرۆكایەتی هادی عامری و هێزەكانی تر دەردەكەوێت.

"سودانی لە پەنای دروشمەکانی، كە حکومەتەکەی بە حکومەتی دەستکەوتەکان ناودەبات، دەتوانین بە پەیامێکیش وێنای بکەین بۆ دەنگدەرانی گەنج، بەوەی دەنگدان بە لیستەکەی دەنگدانە بە بەردەوامی پڕۆژەکان، بە پێچەوانەوە حزبە شیعەکانی ركابەری چەند هەڵبژاردنێكە زیاتر چاویان لەسەر بنکەی جەماوەری و دەنگدەرانی خۆیانە"، مەجاشع تەمیمی وایوت.

بەڵام ئیحسان شەممەری، كە مامۆستای دیراساتی ستراتیژی و نێودەوڵەتییە لە زانکۆی بەغداد، پێیوایە كاركردن بۆ راكێشانی گەنجانی ناوچە سوننی نشینەكان و باوەڕهێنان بۆ بردنیان بۆ سەر سندوقەكانی دەنگدان ئاسان نییە، دوای ئەوەی هێزە نەرێتییە سوننییەكان "نەیانتوانی" بەرنامەكانی هەڵبژاردن و بەڵێنەكان لەو ناوچانە جێبەجێ بكەن.

كاركردن بۆ راكێشانی گەنجانی ناوچە سوننی نشینەكان و باوەڕهێنان بۆ بردنیان بۆ سەر سندوقەكانی دەنگدان ئاسان نییە

"باوەڕپێهێنانی گەنج، رێگە و بەرنامەی جیاوازی خۆی هەیە و ئاسان نییە"، شەممەری وایوت.

عەلی عومەر، لە ئەنجومەنی باڵای گەنجان كە راستەوخۆ سەرۆك وەزیران سەرپەرشتی دەكات، وتی "ئەگەر رێژەی بەشداریی گەنجان بەرزبێت، ئەوا كاریگەریی گەنجان لەسەر بڕیاری سیاسی دەبێتە لەسەدا 65 و وادەكات دوو لەسەر سێی پەرلەمانی داهاتوو نوێنەرایەتی گەنجانی عیراق بكات، هەر لەسەر ئەم بنەمایەشە پێمانوایە لەم هەڵبژاردنەدا گرنگی زۆر بە گەنجان دەدرێت".

"گرنگترین شت ئەوەیە حزبە سیاسییەكان بەرنامەكانیان ئاراستەی گەنجان بكەن و  رون بێت، هەروەها وەڵامدانەوەی داخوازی گەنجانی عیراق بێت، ئەوەش رەنگە لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی تر بگۆڕێت"، عەلی عومەر وایوت.

ئیبراهیم سەراج، چاودێری سیاسیی عیراقی، دەڵێت "ئەم هەڵبژاردنە لایەنە شیعییە نەرێتییەكان ترسێكی زۆریان هەیە لەوەی دەنگدەران سزایان بدەن، كێشەی ئەوەیان هەیە ئەم هەڵبژاردنە دەنگدەرانیان ناناسن، بەتایبەت ئەو هێزانەی وەلائیان بۆ ئێران هەیە"، زیاتر وتی "هەروەها داخوازی خەڵک بەتایبەت لە پارێزگاکانی باشور بۆ گۆڕینی ئەو روخسارانەی هەن بۆ کەسانی نوێ، ئەمە رون نییە چ لێكەوتەیەكی لەسەر نەخشەی داهاتوو دەبێت".

لەگەڵ ئەو جەختكردنەوەیەی هەندێك شیكەرەوە كە پێیانوایە رەنگە گەنجان بتوانن نەخشەی سیاسیی بگۆڕن، بەڵام ئیحسان شەممەری دەڵێت "پیموانییە گۆڕانکاریی گەورە روبدات... تەنیا یەک هۆکار هەیە کە سەرکردە شیعەکانی ئێستا لە گۆڕەپانی سیاسی دوربخاتەوە، ئەویش ڤیتۆی ئەمریکا و دوبارەکردنەوەی سیناریۆی لوبنان کە ئەمریکا رێگربوو لەوەی لەناو حکومەت رۆڵیان هەبێت، ئەمەش دەرگا دەکاتەوە بۆ دەركەوتنی ئەو کەسایەتییە شیعەکانی دیکەی  عیراق كە دژی هەژمونی ئێران لەناو خاكی عیراق دەجەنگن".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT