فشارەكانی ئەمریكا پڕۆژە یاسای حەشدی شەعبی راگرت

نەینەوا/ نیسانی 2023/ هێزێكی حەشدی شەعبی لەكاتی راهێناندا. فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

كەركوك ناو

حكومەتی عیراق پڕۆژە یاسای حەشدی شەعبی لە پەرلەمان راگرت، ئەوەش بە بڕیاری حزبەكانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان و لەژێر فشاری ئەمریكا، بە وتەی نەجوە كاكەیی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بۆ (كەركوك ناو).

نەجوە جەختیكردەوە كە سەرۆكایەتی پەرلەمان ئاگاداركراوەتەوە لە راگرتنی پڕۆژە یاساكە و هەر بۆیە چەند دانیشتنێكە نەخراوەتە نێو بەرنامەكانی كاری پەرلەمانەوە.

پڕۆژە یاساكە كە خوێندنەوەی دووەمیشی بۆ كراوە، تیایدا حەشدی شەعبی وەک بەشێک لە هێزە چەکدارەکانی عیراق  لەژێر ركیفی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان پێناسە كردووە، بەڵام سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی بەپێی یاساكە كەسی یەكەمە و سیاسەتی حەشدی شەعبی بەڕێوەدەبات.

ئەمیر مەعموری، ئەندامێكی تری ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، رایگەیاندووە "بڕیارەكەی حكومەت لەژێر فشارەكانی ئەمریكادا بووە، ئەوەش بەبێ ئاگادارکردنەوەی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عیراق"، داواشیكرد حكومەت و پەرلەمان رونكردنەوە بدەن كە بۆچی پڕۆژە یاساكە "كشێنراوەتەوە"، سەرەڕای ئەوەی خوێندنەوەی دووەمیشی بۆ كراوە.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT