لە پارێزگاكانی كەركوك، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین بەهای تەنیا یەك كورسی پەرلەمانی عیراق لە نێوان 62 تا 75 هەزار دەنگدایە و ژمارە كاندیدەكانیش 26 هێندەی ژمارەی كورسییەكانە.
بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو) بۆ ئامارەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، لەو چوار پارێزگایە (كەركوك و بەشێك لە سنوری سێ پارێزگاكەی دیكە ناوچەی جێناكۆكن) هەزار و 952 كاندید كێبڕكێی بەدەستهێنانی 73 كورسی پەرلەمان دەكەن.
لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 11ـی تشرینی یەكەمی 2025ـدا، نزیكەی پێنج ملیۆن هاوڵاتی لەو چوار پارێزگایە كارتی بایۆمەتری و مافی دەنگدانیان هەیە، ئەوەش لە كۆی زیاتر لە 21 ملیۆن دەنگدەر لە پارێزگاكانی عیراق و هەرێمی كوردستان.
كـــــەركوك
لە پارێزگای كەركوك، 958 هەزار و 141 هاوڵاتی لە بایۆمەتری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان تۆماركراون و مافی بەشداریكردنیان لە دەنگدانی پەرلەمانی عیراق هەیە.
پاڵپشت بە یاسای هەڵبژاردنەكان، پارێزگاكە لە كۆی 329 كورسی پەرلەمان، تەنیا 13 كورسی بۆ تەرخانكراوە، كە لەو ژمارەیە كورسییەكیان بۆ كۆتای كریستیان و سێ كورسی بە كۆتا بۆ ژنان تەرخانكراوە.
بەهای یەك كورسی پەرلەمان لە كەركوك، بەرانبەر بە نزیكەی 74 هەزار دەنگ دەبێت، ئەگەر هەموو دەنگدەران دەنگ بدەن.
كۆی كاندیدەكانی ئەو پارێزگایە 251 كاندیدە، كە 76 كاندیدی ژنن لە بەرانبەر 175 كاندیدی پیاو، واتە هەر كورسییەكی پەرلەمان زیاتر لە 19 كاندیدی بەردەكەوێت.
نـــــەینەوا
زۆرترین ژمارەی دەنگدەرانی پەرلەمانی عیراق لە پارێزگای نەینەوایە، دوای بەغدای پایتەخت، لە نەینەوا دوو ملیۆن و 102 هەزار و 429 دەنگدەر تۆماری بایۆمەترییان هەیە.
34 كورسی پەرلەمان وەكو پشكی پارێزگاكە لە پەرلەمانی عیراق دیاریكراوە، ئەو ژمارەیە هەشت كورسی بە كۆتا بۆ ژنان و سێ كورسی بۆ پێكهاتەكانی كریستیان، ئێزیدی و شەبەك تەرخاندەكرێت.
یەك كورسی لە نەینەوا نزیكەی 31 كاندیدی بەردەكەوێت و بەهاكەی نزیكەی 62 هەزار دەنگە.
كاندیدەكان دەگاتە هەزار و 47 كەس، لە نێویاندا 288 ژن بەرانبەر بە 759 پیاو.
دیـــــالە
ئەو هاوڵاتییانەی لە پارێزگای دیالە مافی دەنگدانیان بەپێی تۆماری بایۆمەتری، یەك ملیۆن و 51 هەزار و 143 دەنگدەرە.
12 كورسی لە پەرلەمان بۆ پارێزگاكە تەرخانكراوە، لەوێ چوار كورسی بە كۆتا بۆ ژنان دەڕوات، بە گشتی هەر كورسییەك بەهای بە زیاتر لە 75 هەزار دەنگ دەخەمڵێنرێت و زیاتر لە 25 كاندیدیش چاویان لەسەریەتی.
لە دیالە 358 كاندید تۆماركراون، بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆن، لەو ژمارەیە 106 ژن و 252 پیاو كێبڕكێی بەدەستهێنانی دەنگی هاوڵاتیان دەكەن.
ســــەڵاحەدین
861 هەزار و 156 دەنگدەر لە پارێزگای سەڵاحەدین تۆماری بایۆمەترییان هەیە و دەتوانن بەشداری دەنگدانەكەی پەرلەمان بكەن.
دەنگدان لەو پارێزگایە بۆ پڕكردنەوەی 12 كورسی پەرلەمانە، كە سێ كورسی بۆ ژنان تەرخانكراوە و هەر كورسییەكیش بە دەنگدانی گشتی بەهاكەی نزیكەی 72 هەزار دەنگە.
كێبڕكێی هەڵبژاردن لە سەڵاحەدین، لە نێوان 296 كاندیدە، كە 80 ژن و 216 كاندیدی پیاوە، واتە بە 24 كاندید و چاویان لەسەر تەنیا كورسییەك دەبێت.