ژنە كاندیدەكانی خانەقین سەرمەشقی ئەو حزب و هاوپەیمانێتییانە دەكەن كە دەیانەوێت لەڕێی دەنگەكانی قەزاكەوە كورسییەكی پەرلەمانی عیراق لە پارێزگای دیالە بەدەستبهێنن، پارێزگاكە 14 كورسی پەرلەمانی هەیە و چواریان كۆتای ژنانن.
سەرۆكایەتی لیستی دوو حزبی كوردی لە دیالە بە ژنانی خانەقین سپێردراوە، كە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانە، پارتی دیموكراتی كوردستانیش تەنیا یەك كاندیدی لە خانەقین هەیە ئەویش ژنە و لە چوارچێوەی هاوپەیمانی عەزم، بە سەرۆكایەتی موسەننا سامەڕائی بەشداریی دەكەن. هەرچی جوڵانەوەی نەوەی نوێیە، لەكۆی چوار كاندید سیانیان ژنن.
ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ هەوڵی هاوشێوەی دوو هاوپەیمانی گەورەی پارێزگای دیالە، لەوانە هاوپەیمانی بەدر و بەدیل كە هەریەكە و ژنێكیان لە خانەقین كاندید كردووە، بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگی قەزاكە.
بەشێك لەو لایەنانە ئومێدی بەدەستهێنانی كورسییەكی كۆتای ژنانیان لە پارێزگای دیالە هەیە لە كۆی چوار كورسی كۆتای پارێزگاكە، ئەوەش لەسەر حسابی دەنگەكانی خانەقین و ناوچەكانی دەوروبەری، كە بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە هەڵبژاردنی رابردودا لە ساڵی 2021 زیاتر لە 205 هەزار دەنگدەری هەبوو.
لەمیعە محەمەد، ژنە كاندیدی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە پارێزگای دیالە، بە (كەركوك ناو)ی وت "دانانی ژنێك بە سەرۆكایەتی لیستی یەكێتی لە روانگەی تێگەیشتنی یەكێتییەوەیە بۆ پێگەی ژن و كاركردن بۆ بەهێزكردنی رۆڵیان لە پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردندا"، زیاتر وتی "هەروەها هاندانێكە بۆ دەنگدەرانی رەگەزی مێ تا بەشداریی پرۆسەكە بكەن و سەنگ و دەنگ و نوێنەری خۆیان دیاری بكەن".
یەكێتی كە لە هەڵبژاردنی 2021دا یەك كورسی پارێزگای دیالەی برد ئەوەش بە دەنگی خانەقین و دەوروبەری و ژنێك كورسییەكەی بەدەستهێنا، لەم هەڵبژاردنەدا 28 كاندیدی لەو بازنەیە هەیە و هەشتیان ژنن، لە نێویاندا ژنێك بەناوی ئەمەل شوكر تالیب سەرۆكایەتی دەكات.
خانەقین ناوچەیەكی جێناكۆكە لە پارێزگای دیالە و زۆرینەی دانیشتووانەكەی كوردن، لە هەڵبژاردنەكانی 2005وە بەردەوام كورد كورسییەك یان زیاتری پارێزگاكەی بەدەستهێناوە.
لەمیعە وتی "بونی ژنێك بە سەرۆكی لیستی یەكێتی بۆ ئەوە نییە ئێمە بەدەنگی كۆتا بگەینە پەرلەمان"، چونكە لە بنەمادا یەكێتی هەموو هەڵبژاردنێك كورسی خۆی بەدەنگی خانەقینییەكان بەدەستهێناوە.
بەڵام رەنگە ئەمە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان راست بێت، چونكە لیستی تایبەتی خۆی نییە و وەك لەمیعە وتی "دەیەوێت لەنێو هاوپەیمانی عەزم-ەوە كورسی كۆتای ژنان بە دەنگی خانەقین بەدەستبهێنێت، ئەوان یەك ژنیان كاندید كردووە بۆ ئەوەی دەنگی حزبەكەی تەنیا بۆ ئەو ژنە بچێت".
ئەگەر هاوپەیمانی عەزم بتوانێت كورسی پەرلەمانی ببات و كورسی كۆتای ژنانی بەربكەوێت، ئەوا كورسییەكە بۆ ئەو كاندیدە ژنە دەڕوات كە زۆرترین دەنگی لە نێو لیستەكەدا هەیە. لەوەشدا پارتی كە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی 2023دا 7000 دەنگی لە خانەقین بەدەستهێناوە ئومێدی هەیە كورسییەكی كۆتای ژنان بۆ خۆی ببات.
ئەكبەر حەیدەر، لێپرسراوی لقی خانەقینی پارتی دیموكراتی كوردستان، وتی "تەنیا چاومان لەوە نییە بە دەنگی كۆتای ژنان كورسی لە پارێزگای دیالە بەدەستبهێنین، بەڵكو چاومان لەوەیە بە دەنگی تەواوی خۆمان بگەینە پەرلەمان و ئەو تاكە كاندیدەمان دەربچێت".
"وەكو پارتی بەشداریی ژنان لە سیاسەتدا بە گرنگ دەزانین، لێهاتوویی كاندیدەكەشمان بەشێكە لەوەی بۆچی ئەومان كاندید كردووە، نازك ئەحمەد مامۆستای زانكۆیە و لە بنەماڵەیەكی دیاری خانەقینە و ماستەری لە زمانی عەرەبیدا هەیە، ئەمانە یارمەتیدەرن بۆ ئەوەی بتوانێت لە پەرلەمان داكۆكی لە گەلەكەی بكات"، ئەكبەر حەیدەر، وایوت.
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عیراق، ناوی پەسەندكراوی حەوت هەزار و 768 كاندیدی بۆ هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 11ـی تشرینی دووەمی 2025دا بڵاوكردەوە، لەو ژمارەیە دوو هەزار و 248 كاندیدیان لە رەگەزی مێ و لە بەرانبەر پێنج هەزار و 520 كاندیدی لە رەگەزی نێر پێكهاتوون.
لە تەواوی عیراق نزیكەی سەدا 29ـی كۆی كاندیدەكانی پەرلەمان لە ژنان پێكهاتوون، كە بەپێی یاسا، 83 كورسییان لە هەڵبژاردندا بەپێی سیستەمی كۆتا بۆ جێگیركراوە.
هاوپەیمانی بەدر، كە هادی عامری، سەرۆكایەتی دەكات، لە خانەقین بە كاندیدێكی ژن چۆتە كێبڕكێی بەدەستهێنانی دەنگەكانەوە.
محەمەد شەكەرچی، لێپرسراوی نوسینگەی بەدر لە خانەقین وتی "بەپێی پێویست لەڕوی پەروەردە و فێركردنەوە گرنگی بە خانەقین نەدراوە، بۆیە مامۆستایەكی ژن كە لە بواری پەروەردەدا قاڵبۆتەوە كاندیدی ئێمەیە لە خانەقین".
"بەپێی پێشبینییەكانمان بەهێزترین كاندیدی ژنی نێو هاوپەیمانی بەدر لە بازنەی دیالە، شەیما شەكەرچی، كاندیدی خانەقینمانە"، محەمەد شەكەرچی وایوت.
هاوپەیمانی بەدیل كە لە تشرینییەكان و ژمارەیەك پارتی چەپ و كەسایەتی سەربەخۆ پێكدێت، بەهەمان شێوە لە خانەقین، كاندیدێكی ژنی دیاریكردووە، بەڵام ئەو كاندیدە هەفتەی یەكەمی بانگەشە لەلایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانەوە دورخرایەوە.
رابیعە عەباس، كە لە هەڵبژاردنەكان دورخرایەوە، وتی "حزبەكان پاش ئەوەی هەستدەكەن كە مەترسی لەسەر كورسییەكانیان هەیە، ئینجا ژنێك كاندید دەكەن لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی حزبەكەیان، نەك لە پێناو بەهێزكردنی پێگەی ژنان"، زیاتر وتی "ئەوان تەنیا بەشێوەیەكی شكلی ژنان دەكەن بە نوێنەری خۆیان، بۆیە ئەو جۆرە ژنانەی تەنیا لە پێناو بەدەستهێنانی كورسی خۆیان كاندید كردووە ناتوانن ببنە نوێنەری راستەقینەی ژنان و بەشداری كارایان هەبێت لە وێنەكردنی سیاسیەتی گشتی وڵات".
ئەو داوایكرد بیركردنەوەی پیاوان بۆ بەشداریی سیاسی ژنان بگۆڕێت و بڕوای تەواویان هەبێت بۆ بەشداریی سیاسی ژن، "ئەمەش لە پێناو بەهێزكردنی بزوتنەوەی ژنان لە عیراق".
لە پارێزگای دیالە بەپێی ئاماری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، 103 كاندیدی ژن هەن و بەشێكی زۆریان چاویان لە چوار كورسی كۆتای ژنانە، لە بەرامبەردا 262 كاندیدی پیاو كێبڕكێ لەسەر 10 كورسییەكەی تری پارێزگاكە دەكەن.
ئەوەی یەكلاییدەكاتەوە كێ بە دەنگی خۆی و كێ بە كۆتا دەگاتە پەرلەمانی عیراق، ئەو ملیۆن و 52 هەزار دەنگدەرەیە كە بڕیار لە 11ی تشرینی دووەم بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان.