حەوت كاندید بۆ كورسییەكی كۆتا
ئێزیدییەكان بەدوای نوێنەری راستەقینەدا دەگەڕێن

نەینەوا/ 2020/ دوو پیاوی ئایینی ئێزیدی له‌سه‌ر مه‌زارگه‌یەكی خاپوركراوی قەزای شنگال فۆتۆ: رێكخراوه‌ی سنابل موسته‌قبه‌ل

كەركوك ناو

حەوت كاندیدی ئێزیدی كێبڕكێی تاكە كورسی كۆتای ئەو پێكهاتە ئایینیە دەكەن لە پارێزگای نەینەوا كە یاسا بۆی دیاریكردون، بەڵام دەیان كاندیدی تریان لە دەرەوەی كورسی كۆتا، دەیانەوێت بە شێوازی جۆراوجۆر بگەنە پەرلەمان و لەوێوە داكۆكی لە مانەوە، یەكگرتویی و پرسی ئێزیدییەكان بكەن لە سەرتاسەری عیراق.

ئێزیدییەكان هێشتا لە تاڵاوی دوای هێرشی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش) رزگاریان نەبووە، چارەنوسی 2800 كەسیان بەهۆی رفاندنیان لەلایەن ئەو رێكخراوەوە نادیارە و 188 هاوڵاتیان نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان و لە ئاوارەییدا ژیان دەگوزەرێنن.

ئەو پرسانە یارمەتیدەرە بۆ بیركردنەوە لە بەدەستهێنانی كورسی زیاتر لە دەرەوەی سیستمی كۆتا، تا خۆیان نوێنەرایەتی خۆیان بكەن لە پەرلەمانی داهاتودا.

لە تەواوی عیراق نۆ كورسی كۆتا بۆ كەمینەكان تەرخانكراوە لەكۆی 329 كورسی گشتی، تاكە كورسی كۆتای ئێزیدییەكان لە پارێزگای نەینەوایە بەهۆی بونی زۆرترین ئێزیدی لەو پارێزگایە.

حسێن سەعید، یەكێكە لەو حەوت كاندیدەی دەیەوێت كورسی كۆتای ئێزیدییەكان بۆ خۆی ببات، وتی "من بە پاڵپشتی هۆزەكەم (هەبابایە)و بە بڕیاری ئەوان خۆم  كاندید كردووە، بڕوام بەوە هەیە بەهۆی هۆزەكەمەوە دەنگێكی باش بەدەستبهێنم و بتوانم كورسی كۆتای ئێزیدییەكان بۆ خۆم ببەم".

"هەڵمەتی بانگەشەكەم زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت، كەسایەتییەكانی ناو هۆزەكەم لەڕوی ماددییەوە هاوكاریم دەكەن"، حسێن وایوت.

له‌ یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراقدا، ئێزیدییه‌كان له‌ ساڵی 2005دا بون به‌ خاوه‌نی كورسی كۆتا، سه‌رباری ئه‌وه‌ی دادگای فیدراڵی بڕیاریداوه‌ بۆ هه‌ر 100 هه‌زار كه‌سێكی پێكهاته‌كه‌ كورسییه‌كی كۆتا هه‌بێت، به‌وپێیەش‌ ئێزیدییەكان كە ژمارەیان بە 550 هەزار كەس دەخەمڵێنرێت ده‌بوو ژماره‌ی كورسییه‌كانیان زیاتر بێت، به‌ڵام ئه‌و بڕیاره‌ له‌ په‌رله‌مان پشتیوانی به‌ده‌ستنه‌هێنا.

ئێزیدییەكان لە دەرەوەی كورسی كۆتا، هاوپەیمانێتییەكیان بەناوی هاوپەیمانی قەزیەی ئێزیدی پێكهێناوە و 31 كاندیدیان هەیە بە ئامانجی بەدەستهێنانی كورسی گشتی، هەروەها لە نێو چەند لیست و هاوپەیمانێتییەكی تردا كاندیدیان هەیە. ئەمە بەلای هەندێك لە ئێزیدییەكانەوە بە باش دانانرێت، چونكە دەڵێن دەنگەكانیان بەهۆیەوە پەرش و بڵاودەبێتەوە و دەترسن لە پەرلەمانی داهاتوو تەنیا یەك نوێنەریان هەبێت.

"قەزیەی ئێزیدی، مانەوەمان، یەكگرتن و كەرامەت"، ئەو چوار ووشەیەیە كە بۆتە دروشمی هاوپەیمانی ئێزیدییەكان كە هەموو كاندیدەكانی لەو پێكهاتەیەن.

سامیا قاسم، یەكێك لە كاندیدەكان، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەگەر كورسی بهێنین و كار بۆ هەر یەكێك لەو دروشمانە بكەین، ئەوا بەشی زۆری كێشەی ئێزیدییەكان چارەسەر دەبێت... خەڵك ئازادە دەنگ بەكێ‌ دەدات، بەڵام زۆر گرنگە بزانێت كێ دەتوانێت خزمەتی بكات".

خەڵك ئازادە دەنگ بەكێ‌ دەدات، بەڵام زۆر گرنگە بزانێت كێ دەتوانێت خزمەتی بكات

ئەو پێكهاتەیە 11 ساڵ لەمەوبەر بە شێوازی جۆراوجۆر روبەڕوی توندوتیژی بۆوە، لەوانە رفاندن، كوشتنی بە كۆمەڵ و راوەدونان، لەپاڵ هەڵمەتێكی دڕندانەی داعش بۆ سڕینەوەی ئەو پێکهاتانەی بیروباوەڕەكانیان بە ئایدۆلۆژیای توندڕەوی خۆی ناکۆکبوون، دیارترینیان ئێزیدی و مەسیحییەكان. ئەوەش كاتێك لە ئابی 2014دا شنگال كەوتە دەست چەكدارانی ئەو رێكخراوە.

هێشتا 188 هەزار ئاوارەی ئێزیدی لە پارێزگای دهۆك نیشتەجێن، كە 135 هەزار و 616 ئاوارەیان لە كەمپەكان و دابەشبون بەسەر 27 هەزار و 69 خێزاندا.

سامیا قاسم وتی "شنگال و ئێزیدییەكان پێویستیان بە زۆر شتە هەر لە مەلەفی رفێنراوەكانمان تا دەگاتە پرسی ئیدارەی شنگال و ئاوەدانكردنەوە و گەڕانەوەی ئاوارەكان، بەدڵنیاییەوە ئەگەر دەرچوین ئەوا بە وردی كار لەسەر هەموو دۆسییەكی پەیوەست بە شنگال و ئێزیدییەكان دەكەین، نوێنەری راستەقینەی دەنگی خەڵكی خۆمان دەبین".

لە سنوری پارێزگای نەینەوا 31 كورسی پەرلەمانی هەیە و سیانیان كورسی كۆتان، ئەوانەش بۆ كەمینە ئایینی و نەتەوەییەكانی ئێزیدی، كریستیان و شەبەك.

خدر دێرو خانسوری، چالاكوانی سیاسی ئێزیدی و لێپرسراوی مەڵبەندی حزبی شیوعی لە نەینەوا بە (كەركوك ناو)ی وت "یەكنەگرتن ماڵی ئێزیدییەكانی خراپ كردووە، بە كورسی كۆتا و هاوپەیمانی قەزیەی ئێزیدی و ئەوانەشی لە نێو حزبەكانی تردا خۆیان كاندید كردووە، نزیكەی 50 كاندیدی ئێزیدی تەنیا لە پارێزگای نەینەوا هەن، ئەمە زۆر خراپە و هەموو دەنگی ئێزیدییەكان پەرت دەكات".

لە هەڵبژاردنی رابردودا كە لە ساڵی 2021دا بەڕێوەچوو، براوەی كورسی كۆتای ئێزیدییەكان لەنێوان حەوت كاندیددا بە سێ هەزار و 222 دەنگ یەكلاییبۆوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە بەپێی پێشبینییەكان لە قەزای شنگال كە زۆرینەی دانیشتووانەكەی ئێزیدین نزیكەی 110 هەزار دەنگدەر هەیە، لەگەڵ دەیان هەزار دەنگدەری تر كە هێشتا لە كەمپەكانی پارێزگای دهۆك نیشتەجێن.

خدر دێرو وتی "ئێمە لەڕوی ژمارەوە زۆرین و هیچ كەمترنین لە پێكهاتە و لایەنەكانی تر، بەڵام زۆر بەداخەوە یەكدەنگ و یەكگرتوو نین".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT