"نازانم لە كوێ دەنگ دەدەم"
ترس هەیە هەزاران ئاوارە نەتوانن نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن

دهۆك/ 8ی تشرینی یەكەمی 2021/ دەنگدانی ئاوارەكان لە كەمپی شاریا. فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

26 هەزار ئاوارە كە زۆرینەی هەرە زۆریان ئێزیدین ناوی خۆیان تۆماركردووە بۆ ئەوەی لە كەمپەكانی پارێزگای دهۆك دەنگبدەن لە رۆژی دەنگدانی تایبەتدا لە 9ی تشرینی دووەم، ئەوە لەكاتێكدا 210 هەزار ئاوارە لە پارێزگاكە هەن و ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە ناچاردەبن بۆ دەنگدان بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان.

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عیراق، 22 بنكەی لەناو كەمپەكاندا كردۆتەوە، بۆ دەنگدانی ئەو ئاوارانەی كە پێشتر بەدەم داوای كۆمسیۆنەوە چون بۆ خۆتۆماركردنیان بە مەبەستی دەنگدانیان لەو بنكانە، بەڵام ئێستا هیچ رێگەچارەیەك نەماوە بۆ ئەوانەی بەدەم بانگەوازەكەی كۆمسیۆنەوە نەچون.

هەر بۆیە زۆرینەی هەرە زۆری ئاوارەكان ناچاردەكرێن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان لە رۆژی دەنگدانی گشتیدا، ئەگەرنا بێبەش دەبن لە دەنگدان.

سێڤێ‌ رەشۆ، كچە ئێزیدییەكی ئاوارەی خەڵكی شنگالە و 11 ساڵە كەمپی بێرسیف لەگەڵ خێزانەكەیدا دەژیت، لە هەڵبژاردنی پێشودا بۆ دەنگدان گەڕایەوە ناحیەی سنونێ، بەڵام ئەمجارە هێشتا بە تەواوی نازانێت لە كوێ دەنگدەدات، لەكاتێكدا هەڵبژاردن كەمتر لە سێ هەفتەی ماوە.

"كاتێك كۆمسیۆنی هەڵبژاردن داوایكرد مامەڵەكانمان لە ئۆفیسی دهۆك تەواوبكەین بۆ ئەوەی بتوانین لە كەمپەكانی ئاوارەیی دەنگ بدەین، من ئەوەم كرد و مامەڵەكانم رادەستكردن، لەم ماوەیەدا بەدواداچونم بۆ كارتی دەنگدانەكەم كرد، لێپرسراوانی كۆمسیۆن وتیان رێكارەكان تەواوبون و چاوەڕێ بكە تا ناوەكەت دەگەڕێتەوە، بەڵام هێشتا نازانم تاكەی چاوەڕێ بكەم"، سێڤێ وایوت.

بەپێی ئاماری فەرمانگەی كۆچ و كوچبەران و وڵامدانەوەی قەیرانەكان سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان هێشتا 55 هەزار هێزان كە بەگشتی 210 هەزار كەسن، لە ئاوارەییدا لە پارێزگای دهۆك دەژین، بەڵام تەنیا 110 هەزاریان لە كەمپەكاندان و 100 هەزار خێزانی تر تێكەڵ بە كۆمەڵگەی خانەخوێ بون.

بەڵام ئاماری كۆمسیۆن دەریدەخات تەنیا 25 هەزار و 986 كەس ناوی خۆیان تۆماركردووە و دەتوانن لەو 22 بنكەیە دەنگبدەن، هیچ دەرفەتێكیش نەماوە بۆ ئاوارەكانی تر، یان دەنگەكانیان دەفەوتێت، یان دەبێت لە رۆژی دەنگدانی گشتیدا بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، لەوانە شنگال، دەشتی نەینەوا، یان ناوەندی موسڵ.

ئەحمەد قاسم، دانیشتوی كەمپی چەم مشكۆ، لە هەڵبژاردنی پێشوو بۆ دەنگدان گەڕایەوە بۆ شنگال، بەڵام ئەمجارە دەڵێت نازانێت لەكوێ دەتوانێت دەنگ بدات.

ئەحمەد بە (كەركوك ناو)ی وت "مانگی ئایاری ئەمساڵ مامەڵەی خۆتۆماركردنم پێشكەشی لیژنەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كرد، پەنجەمۆرم كرد و هەموو زانیارییەكم پێدان، دوو رۆژ لەمەوبەر سەردانی ئیدارەی كەمپم كرد، وتیان هێشتا ناوەكەت نەگەڕاوەتەوە تا بتوانیت لێرە دەنگبدەیت، جارێ چاوەڕێ بكە".

ئەو نمونەی سەدان كەسی ترە، كە رێكارەكانی داواكردنی دەنگدانیان لە كەمپەكان پڕكردۆتەوە و هێشتا چارەنوسی شوێنی دەنگدانیان ناڕونە.

بەگشتی ترسێكی گشتی هەیە لەوەی هەزاران ئاوارەی ئێزیدی لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی شوێنی دەنگدانیان بێبەش بن لەو پرۆسە دیموكراسییە بۆ دیاریكردنی نوێنەری خۆیان.

لە هەڵبژاردنی پێشوودا كە پارێزگای نەینەوا هەشت بازنەی هەڵبژاردن بوو، كەمترین رێژەی بەشداریی هەڵبژاردن لە بازنەی شنگال بوو كە تەنیا لەسەدا 30 بوو، ئەو بازنەیە كە زۆرترین ئاوارەی هەبوو، بە هەمان شێوەی ئێستا بەشێكیان لە كەمپەكاندا دەنگیان دەدا و بەشێكی تریان ناچاردەكران بۆ دەنگدان بگەرێنەوە شنگال.

ئەحمەد وتی "جاری پێشتر دوو كاتژمێرم پێچوو تا گەیشتمە شنگال و لەوێ‌ دەنگمدا، بەڕاستی ئەوە زۆر قورسە، ناتوانین بە هەمان شێوە بچینەوە شنگال"، زیاتر وتی "دەمانەوێت لێرە دەنگ بدەین، یان لەكاتی گەڕانەوەماندا بۆ شوێنی خۆمان هاوكاریی بكرێین لەڕوی هاتوچۆوە".

هەروەها سێڤێ-ش وتی "باری داریی ئاوارەكان باش نییە و زۆرینەیان ناتوانن 50 هەزار دینار خەرج بكەن بۆ گەڕانەوە بۆ شوێنی خۆیان لە رۆژی دەنگداندا".

خالد عەباس، سەرۆكی لقی دهۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو 26 هەزار دەنگدەرە پێشتر بەدەم داواكاریی ئێمەوە هاتون و ناوی خۆیان تۆماركردووە، ئەوانەی لەوكاتەدا كە بۆیان دیاریكرابوو نەهاتون دەبێت بگەڕێنەوە زێدی خۆیان دەنگبدەن".

لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عیراقدا كە لە ساڵی 2021 بەڕێوەچوو، 120 هەزار دەنگدەری ئاوارە هەبون، زۆرینەیان كە زیاتر بون لە 69 هەزار دەنگدەر لە پارێزگای دهۆك بون.

پیر دەیان جەعفەر، بەرێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كوچبەران و وڵامدانەوەی قەیرانەكان سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە (كەركوك ناو)ی وت "دەرفەت درابوو بە ئاوارەكان ناوی خۆیان تۆماربكەن، بەڵام كە ئەوەیان نەكردووە بەدڵنیاییەوە ناتوانن لە كەمپەكان دەنگبدەن".

وتیشی "ئێمە بەپێی توانا هاوكاریی ئەوانە دەكەین كە دەیانەوێت بۆ دەنگدان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT