سەرەڕای بارگرژییەكانی بەرەبانی ئەمڕۆ... هەڵبژاردن لە كەركوك بە ئارامی بەڕێوەدەچێت

كەركوك/ 11ی تشرینی دووەمی 2025/ بەرێوەچونی پرۆسەی دەنگدان لە گەڕەكی عەرەفە. فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

پرۆسەی دەنگدان بۆ پەرلەمانی عیراق لە شاری كەركوك بە ئارامی بەڕێوەدەچێت، سەرەڕای بارگرژییەكانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ كە بەهۆیەوە دوو پۆلیسی فریاكەوتن كوژران و دوو هاوڵاتی مەدەنیش برینداربون.

كاتژمێر 2ی بەرەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 11ی تشرینی دووەم، پاسەوانانی كاندیدێكی بەرەی توركمانی لە كەركوك لەكاتی بانگەشەی جەماوەری بۆ هەڵبژاردن لە شەقامی بەغدا لە ناوەڕاستی كەركوك تەقەیان كرد و بەهۆیەوە دوو پۆلیسی فریاكەوتن گیانیانلەدەستدا، ئەوەش دوابەدوای ئەوەی شەڕی دەستە و یەخەی بانگەشەكاران دروستبوو.

بەپێی گرتە ڤیدیۆییەكان، لایەنگرێكی زۆری بەرەی توركمانی لە ناوەڕاستی شەقامەكەدا دەبینرێن و هوتاف دەڵێنەوە و ئاڵای بەرەی توركمانی بەرزدەكەنەوە، ئەو شوێنە هاوكات ئۆفیسی بانگەشەی یەكێك لە كاندیدەكانی بەرەی توركمانی لێیە.

هەروەها ئاڵای پارتی دیموكراتی كوردستان بەكەمتر لەوەی بەرەی توركمانی و ئۆتۆمبێلی تایبەت بە وێنەی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتییەوە لە شەقامەكەدا دەبینرێن.

رێبوار تەها، پارێزگاری كەركوك، لەدوای بەشداریكردنی لە دەنگدان، بە رۆژنامەنوسانی وتی "نزیكی كاتژمێر 2ـی بەرەبەیان پاسەوانانی كاندیدی لایەنێكی سیاسی بە هەڕەمەكی و بەبێ هۆ، تەقەیان كردووە و بەهۆیەوە دوو پۆلیسی فریاكەوتن بونەتە قوربانی"، زیاتر وتی "هەر دوابەدوای روداوەكە و لە كاتژمێر 3ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، پاسەوانانی كاندیدەكە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركراون و دەستبەسەر چەكەكانیاندا گیراوە".

پاسەوانانی كاندیدی لایەنێكی سیاسی بە هەڕەمەكی و بەبێ هۆ، تەقەیان كردووە و بەهۆیەوە دوو پۆلیسی فریاكەوتن بونەتە قوربانی

پارێزگاری كەركوك دەڵێت بەپێی بەڵگەی ڤیدیۆیی و وێنەی كاتی روداوەكەوە، هیچ پاساوێك نابینن بۆ تەقەكردن و مەترسی لەسەر كاندیدەكە نەبووە، بەڵكو هەڕەمەكی بووە و لە ئێستاشدا پەڕاوی لێكۆڵینەوە كراوەتەوە و دادگا ئەو دۆسیەیە یەكلادەكاتەوە.

وەزارەتی ناوخۆی عیراق لەسەر روداوەكە جەختیكردەوە "دەمەقاڵی و مشتومڕ لەبەردەم بارەگای كاندیدێكدا رویداوە و گەیشتۆتە تەقەكردن، بەهۆیەوە دوو پۆلیسی فریاكەوتن كوژراون و دوو هاوڵاتیش برینداربون، دواتر 14 تۆمەتبار لەو روداوەدا دەستگیركراون".

بەڵام محەمەد سەمعان، سەرۆكی بەرەی توركمانی، كە سەردانی شوێنی روداوەكەی كرد لە رێگای بەغداد، جەختیكردەوە "هێزە ئەمنییەكان درەنگ كەوتن لە دەستتێوەردانیان بۆ كۆنترۆڵكردن و چارەسەركردنی ئەو كێشەیەی بەرەیانی ئەمڕۆ رویدا".

هێزە ئەمنییەكان درەنگ كەوتن لە دەستتێوەردانیان بۆ كۆنترۆڵكردن و چارەسەركردنی ئەو كێشەیە

سەرەڕای نیگەرانی لەسەر روداوەكە، پرۆسەی هەڵبژاردن لە كەركوك بە ئاسانی بەڕێوەدەچێت و ناوەندەكانی دەنگدان بەڕوی دەنگدەراندا كراونەتەوە.

عەقید عامر شوانی، وتەبێژی پۆلیسی كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەمن و ئاسایشی هاوڵاتیان پارێزراوە و هاتوچۆی ناو شار و دەرەوەی شار ئاساییە، پرۆسەی دەنگدان بەشێوەیەكی ئاسایی بەڕێوەدەچێت و بەشداریی خەڵك لە ئاستێكی باشدایە".

لە پارێزگای كەركوك، 958 هەزار و 141 هاوڵاتی لە بایۆمەتری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان تۆماركراون و مافی بەشداریكردنیان لە دەنگدانی پەرلەمانی عیراق هەیە، حزبەكان كێبڕكێ دەكەن بۆ بەدەستهێنانی 13 كورسی وەك پشكی پارێزگاكە، لەكۆی 329 كورسی.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT